زووم:
بیر لە دیمەنێک بکەرەوە، خۆت بە شەقامێکی شارێکدا تێپەڕببیت، دەبینیت خەڵکێکی زۆر سەرقاڵی کارکردنن، بازرگانیی کەرەستەکانی مۆبایل، کۆمپیوتەر، جلوبەرگ، تەلەڤزیۆن، کتێب، گۆرانی، یاری و فیلم دەکەن.
ئەمە لەسەرەتاوە رەوشێکی ئاساییە، بەڵام بە وردبوونەوەیەکی کەم، شتێکی نامۆی تێدا دەبینیت، ئەویش ئەوەیە هەموو ئەو بازرگانییانە، بە بینا و بازاڕ و مارکێتەکانیشەوە، لەلایەن یەک کەسەوە بەڕێوەدەبرێن، جێف بیزۆس.
لەوەش سەیرتر ئەوەیە دیمەنی ناو دووکان و پیشانگاکان لە چرکەیەکدا دەگۆڕێن، واتە ئەوەی تۆ دەیبینیت، جیاوازە لەوەی کەسێکی دوای تۆ دەیبینێت، هەموو ئەم کارانە بە جۆرێک لە کاری لۆگاریتمیی نوێ ئەنجام دەدرێن، کە کارگە و کۆمپانیاکانی بیزۆس دروستیکردوون.
خاوەنی دووکان و فرۆشگا و مارکێتەکان کەسانی جیاوازن، بەڵام هەموویان لەوەدا هاوبەشن، دەبێت بۆ ئەنجامدانی کارە تەکنەلۆژییە نوێکانیان بچنەوە بەردەستی جێف بیزۆسی خاوەنی کۆمپانیای ئەمازۆن.
یانیس فاروڤاکیس، وەزیری دارایی پێشووی یۆنانە، کەسێکی چەپڕەوە، کتێبێکی تازەی لەبارەی تەکنەلۆژیای سەردەمەوە نووسیوە، ناویناوە “چ شتێک سەرمایەداریی لەناوبرد؟”، تیایدا دەڵێت، سەردەمی سەرمایەداری کۆتایی هاتووە، ئێستا لەسەردەمێکدا دەژین، ناوی سەردەمی “دەربەگایەتیی تەکنەلۆژییە”.
نووسەرە یۆنانییەکە، جێف بیزۆس، ئیلۆن مەسک، مارک زوکەربێرگ و کەسانێکی دیکە، بە “دەرەبەگە نوێکانی تەکنەلۆژیا، ناودەبات، دەڵێت، ئەمانە زەبەلاحەکانی ناو دونیای تەکنەلۆژیان، پێچەوانەی ئەوەی سۆشیالیستەکان ئاواتیان بۆ دەخواست، کاریان کردووە، بۆیە سەرمایەداری بەوشێوەیە کۆتایی پێنەهات سۆشیالیستەکان خەونیان پێوە دەبینی، بەڵکو سەرمایەداری خۆی کۆتایی بەخۆی هێنا بۆئەوەی جۆرێک لە “سەرمایەداریی دەرەبەگایەتیی تەکنەلۆژیی” سەرهەڵبدات.
فاروڤاکیس دەڵێت، وەرچەرخانەکانی سەدەی نۆزدە دەسەڵاتیان لە دەرەبەگەکان سەندەوە و دایانە دەستی پیشەوەرە گەورەکانی بواری کەشتی و کارەبا، بۆیە شێوازی دروستکردنی سەرمایەیان لە چنینەوەی بەرهەمەوە گۆڕی بۆ قازانجی نەختینە، ئێستا شێوازەکە جارێکی دیکە گۆڕانکاریی بەسەرداهاتەوە، بەرهەمهێنان گەڕاوەتەوە سەر چنینەوەی بەرهەم، بەڵام ئەمجارەیان لە زەوییەوە نا، بەڵکو لە کێڵگە ئەلیکترۆنییەکانی سەردەمی دیجیتاڵەوە.
سەرەڕای ئەم شیکردنەوە بەپێزەی یانیس فاروڤاکیس، کەسانێک هەن رەخنە لەم روانینە دەگرن و دەڵێن، سەردەمی “دەرەبەگایەتیی دیجیتاڵی” کۆتایی بە سەرمایەداری ناهێنێت، بەڵکو هەر درێژەکێشانی ئەو چیرۆکە خەمبارەیە، کۆی مرۆڤایەتی بۆ سوودی کەمینەیەک برسی دەکات.