زووم:
چوار رۆژە لە سیستان و بەلووچستانی ئێران بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە لافاو دروستبووە و زیانی بە 16 ناوچە و قەزا و نزیکەی دوو هەزار گوند گەیاندووە.
محەمەد حەسەن نامی سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی ئێران ئاشکرایکردووە، بەگشتی 16 ناوچە و قەزای پارێزگاکە و هەزار و 947 گوند بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لەو نێوەندە 41 گوند کارەبایان بڕاوە.
بەرپرسە ئێرانییەکە گوتی، 122 تیمی فریاگوزاری رەوانەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان کراون، هاوکاریی زیاتر لە سێ هەزار و 750 قوربانیی لافاویان کردووە، 235 ماڵیش بەشێوەیەکی کاتی گواستراونەتەوە و شوێنی مانەوەیان بۆ دابینکراوە، بەڵام بەرپرسانی ئێران دەڵێن، بەهۆی ئەوەی 25 رێگای سەرەکی بەهۆی لافاوەکەوە داخراون، هاوکاریکردنی لێقەوماوەکان قورس بووە.