زووم..
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی مێهر، نزیکەی 25 ملیۆن کەس بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردووە و ئاماری کۆتایی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا تا ئێستا بە نزیکەی 40% راگەیەندراوە، لەکاتێکدا هەڵبژاردنی دوو ساڵی رابردووی سەرۆکایەتی رێژەی بەشدارییەکە گەیشتبووە 48%.
بۆیە ئەمە کەمترین رێژەی بەشداریی هەڵبژاردنە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
تاران، وەکو پایتەخت، چاوی زۆری لەسەرە، لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی دوو ساڵی رابردوو، رێژەی بەشداریی خەڵکی تاران 34% بوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بۆ %24 دابەزیوە، وەک ئاماژەیەک بۆ بێهیوایی خەڵک لە دەنگدان.
عەلیرەزا فەخاری، پارێزگاری تاران سەبارەت بە رێژەی کەمی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا هەڕەشەی کردووە و دەڵێت، هەرکەسێک لێدوان لەسەر رێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بدات لەسەر بەرپرسیارێتی خۆیەتی و هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە ئاماری رێژەی بەشداریکردن بەناوی وەزارەتی ناوخۆوە رابگەیەنێت.
ئاژانسە فەرمییەکان دەڵێن، لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش رێژەی بەشداری زۆر کەم بووە، بۆ نموونە پارێزگای سنە نزیکەی %30 خەڵک بەشدارییان لە هەڵبژاردن کردووە، لە پارێزگای بەلووچستانیش خەڵکی لێقەوماو هێرشیان کردە سەر سندووقەکانی دەنگدان، گوتیان، دوای ئەو زیانانەی بەهۆی لافاوەوە بەریانکەوت، حکومەت لەبری هاوکاری، سندووقی دەنگدانی بۆ ناردوون.
بایکۆتی هەڵبژاردن تەنها لەسەر ئاستە میللییەکە نەمایەوە، بەڵکو بەشێک لە سیاسییەکانیش هەمان هەڵوێستیان وەرگرت.
بۆ نموونە، محەمەد خاتەمی وەکو بەرچاوترین کەسایەتیی ریفۆرمخواز دەنگدانی بایکۆت کرد، ئەمە یەکەمجارە خاتەمی لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگ نادات، لەکاتێکدا پێشتر داوای بەشداریکردنی خەڵکی لە هەڵبژاردنەکاندا دەکرد.
بایکۆت و ریکۆردی کەمترین بەشداری لە هەڵبژاردنەکە لە کاتێکدایە، عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، دوێنێ دوای دەنگدانی، داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد بەشداری دەنگدان بن.
پێشتریش لە گوتارێکدا رەخنەی لە هەڵبژاردنی ئەو وڵاتانە گرتبوو رێژەی بەشداری تیایاندا دەگاتە 40%، گوتبووی، “ئەوە شەرمەزارییە”.
رێژەی کەمی بەشداری لەکاتێکدایە، دەسەڵاتدارانی ئێران سێ جار کاتی دەنگدانی درێژکردەوە و کاتژمێر 12ی شەو بەکاتی تاران دەرگای ناوەندەکانی دەنگدان داخران، بەوهۆیەوە ئەمڕۆ قوتابخانەکانی سەرانسەری ئێران بەداخراوی مانەوە و دەوامیان تێدا نەکرا.