رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
کورد بۆ رووبەڕووبوونەوەی فشارەکانی بەغداد جووڵەی بەرەو واشنتن و ئەنقەرە کردووە
هاوکات لەگەڵ تێکچوونی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی ناوەند، بەرپرسانی کورد روویان لە واشنتن و تورکیا کردووە. هەریەک لە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەدا سەردانی واشنتن و ئەنتالیای تورکیایان کردووە. ئەم سەردانانە بە چەند رۆژێک پاش ئەوە دێت دادگای فیدراڵی بڕیاریدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەڕێی بانکەکانی بانکی ناوەندییەوە بدرێت. ئەمەش جارێکی دیکە دەسەڵاتە داراییەکانی حکومەتی هەرێم سنوردارتر دەکاتەوە.
مەسرور بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی دەستوور کردووە، بۆئەوەی کیانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت. لەگەڵ جاک ریدی سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی پیران رێککەوتووە، ئەمریکا بەردەوامی بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان بدات.

عەرەب
جڵەوکردنی یانەی سان جێرمان لەلایەن وڵاتی قەتەرەوە زیانی بە خولی فەرەنسی گەیاندووە
راهێنەری یانەی لیۆنی فەرەنسی دەڵێت، ئێستا ئیتر کەس پاڵەوانێتییەکەی فەرەنسای بەلاوە گرنگ نییە، چونکە پێش ئەنجامدانی یارییەکانیش دەزانن کێ دەیباتەوە. هەموو یانە فەرەنسییەکان کاتێک یاری لەگەڵ پاریس سان جێرماندا دەکەن، دەزانن یارییەکەیان لەگەڵ یانەیەکی فەرەنسیدا نییە، بەڵکو لەگەڵ حکومەتی وڵاتێکدایە.
جۆن تێکستەر، بازرگانێکی ئەمریکییە و خاوەنی یانەی لیۆنی فەرەنسییە، دەڵێت زاڵبوونی یانەی پاریس سان جێرمان، کە خاوەنەکەی قەتەرییە، بەسەر خولی فەرەنسیدا وادەکات بانگەشەکردن بۆ ئەم خولە هیچ تامێکی نەبێت. چونکە لەو کاتەوەی ناسر خلێفی سەرۆکی تۆڕی کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکانی بی ئین سپۆرت بووە بە سەرۆکی ئەو یانەیە، هێندەی پارە بۆ یانەکە رژاندووە و ئەوەندە یاریزانی بۆ کڕیوە، کە پێشوەختە دەزانرێت ئەو براوەی یەکەم دەبێت.

زەمان
راوێژکارێکی هێزی پیادەی دەریایی ئێرانی بە هێرشێکی ئیسرائیلی لە بەندەرێکی سوریدا کوژرا
رۆژی هەینی ئیسرائیل بەندەری بانیاسی سوریی بۆردومان کرد و لەو بۆردومانەدا راوێژکارێکی هێزی پاسدارانی ئێران کوژرا، کە ناوی رەزا زارعییە. سەرچاوە ئێرانییەکانیش کوژرانی ئەم کەسەیان دووپات کردۆتەوە.
ئاژانسی ئیرنای ئێرانی دەڵێت نوسینگەی پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی ئێرانی رایگەیاندووە، کە هێزی داگیرکەری ئیسرائیلی بە بۆردومانکردنی بەندەری بانیاسی سووری، زارعیی کوشتوە، کە یەکێک بووە لە راوێژکارەکانی فەلەقی یەکی پیادەی دەریایی، لەوکاتەدا لەگەڵ دوو چەکداری گروپی حزبوڵای لوبنانیدا لەکاردا بوون.

عەرەبی جەدید
جیهان سستی دەنوێنێت و نایەوێت دەروازە سنوورییەکان بۆ گەیاندنی کۆمەک بە غەزە بکەنەوە
ئێستا یارمەتییەکان بۆ غەزە لەڕێی فڕۆکەوە بەر دەدرێنەوە، خەڵک لە دەوری ئەو خۆراکە بەردراوانە کۆدەبنەوە، ئیسرائیلیش ئەمە بە هەل دەزانێت بۆئەوەی بۆردومانیان بکات و بیانکوژێت.
لە ناوچەی رەشید قەسابخانەیەکی تازە روویداوە. ئەمریکاش رێگە نادات ئەنجومەنی ئاسایش بە راگەیەندراوێکیش سەرکۆنەی ئیسرائیل بکات، چونکە نایەوێت ناوی ئیسرائیل لە راگەیەندراوی لەوشێوەیەدا بهێنرێت،
ئێستا یەکێتیی ئەورپا دەیەوێت لێکۆڵینەوەیەک لەو بۆردومانە بکرێت، چونکە تائێستا نازانرێت چ لایەنێک ئەنجامیداوە.
ئەگەر دەروازە رەفەح رووەو میسر بکرێتەوە، ئەوکاتە گەیاندنی هاوکارییەکان بە رێگای وشکانی ئاسانتر دەبێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
دیموکراسی لە بەریتانیا لەژێر مەترسیدایە
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، داوادەکات گەلی وڵاتەکەی یەکبگرن لە دژی ‘ژەهری’ راستڕەوەکان و توندڕەویی ئیسلامی چونکە پێیوایە دەیانەوێت دیموکراسیی وڵاتەکە لاواز بکەن.
لە گوتارێکیدا، سوناک رایگەیاند، لە دوای هێرشەکانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، چالاکییەکانی توندڕەوەکان لە وڵاتەکەیدا زیادیانکردووە.
ئەمە دوای ئەوە هات کەسایەتی دژە-جوو بەناوی جۆرج گالۆوەی لە هەڵبژاردنێکی تایبەتدا بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکی پەرلەمانی شارۆچکەی رۆچدەیلی وڵاتەکەی بردەوە بەهۆی پشتیوانییە بەهێزەکەی لە غەزە.
گاردیەن
ماڵئاوا ناڤالنی؛ هەزاران کەس رووبەڕووی مەترسیی دەستگیرکردن دەبنەوە لە کاتی ماڵئاواییکردن لە تەرمەکەی
سەرەڕای هۆشدارییەکانی کۆشکی کرێملین، هەزاران کەس لە مۆسکۆی پایتەختی روسیا گردبوونەوە و بەشدارییان کرد لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئەلێکسی ناڤالنی، سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە و ناسراوترین رەخنەگریی پوتین، کە لە دوو هەفتە لەمەوبەر لە زیندان گیانی لەدەستدا. لە گردبوونەوەکەدا، بەشداربووان هاواریان دەکرد “پوتین بکوژە” و “نا بۆ جەنگ.” ئەم پشتیوانییە لە ناڤالنیی بوو بە دوایین نمایشی دەگمەنی روسیا لەکاتێکدا کە سەرکوتکارییەکی بێوێنە لە وڵاتەکەدا هەیە.

واشنتن پۆست
نائومێدیی و مەرگ چواردەوری کاروانی هاوکارییاندا لە غەزە
سەدان کەس لە غەزە بەئومێدی دەستخستنی پارووە نانێک بۆ ژن و منداڵەکانیان، بەهۆی دەنگۆی گەیشتنی کاروانێکی هاوکاریی روویان کرددە ناوچەیەک لە باکوری کەرتەکە و رووبەڕووی مەترسییەکانی سوپای ئیسرائیل بوونەوە. ئەوان چەندین مانگە خواردنیان نەماوە، نرخی کیسێک ئارد بۆ 1000 دۆلار بەرزبووەتەوە. تەنانەت ئەو ئالیکی ئاژەڵەی کە بۆ مانەوەیان لە ژیاندا پشتیان پێدەبەست لە تەواوبووندایە. بەڵام لە بەرەبەیانییەکی زوودا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستڕێژییان لێکرا و زیاتر لە 100 کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا و 700ی دیکەش برینداربوون.
چاینە دەیلی
شی جینپینگ جەخت لە رۆڵی گرنگی وزەی تازە دەکاتەوە
سەرۆکی چین و پارتی کۆمۆنیستی وڵاتەکە، شی جینپینگ، داوایکرد وڵاتەکەی هەوڵی زیاتر بدات بۆ پەرەپێدانی کوالیتی بەرزی گەشەسەندنی وڵاتەکەی لەبواریی ئاسایشی وزەدا بۆ ئەوەی جیهانێکی پاک و جوان بەدی بهێنن. ئەمەشی وەک بەشێک لەو کۆدەنگییە جیهانییە باسکرد کە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە ئارادان.
چین کۆمەڵێک ئاستەنگیی لەبواریی وزەدا لەبەردەمدایە، بەهۆی زۆری خواست لەسەریی و هەوڵدان بۆ دوورکەونتەوە لە وزەی کاربۆنیی و رووکردنە وزەی خاوێن.
رۆژنامە فارسییەکان
جمهوری ئیسلامی
هەڵبژاردن لە 59 هەزار بنکەی دەنگدان ئەنجامدرا
لە چوار بازنەدا هەڵبژاردن بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەچوو، تەنانەت سندوقەکانی دەنگدانیش ئەلیکترۆنی بوون.
فەرماندەی هێزی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، هیچ کێشەیەکی ئەمنی لە هیچ کام لە بنکەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری وڵاتدا رووی نەداوە، هەڵبژاردنەکانیش بەتەواوی ئارام بوون.
زیاتر لە 350 پەیامنێر و بریکاری هەواڵی 160 میدیا لە 20 وڵاتی جیهانەوە، دوازدەیەمین هەڵبژاردنی پەرلەمان و شەشەمین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانیان لە ئێران رووماڵ کرد.

ئیعتدال
بەشداریی خەڵک لەم هەڵبژاردنە لە رابردوو زیاتر بووە
محەممەد تەقی شاهچەراغی، بەرپرسی مەڵبەندی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند، نزیکەی یەک ملیۆن کەس بەشدارییان لە پڕۆسەی بەڕێوەچوونی دەنگدان کردووە، لە پارێزگای بەلوچستان سەرەڕای لافاو، خەڵک بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان کرد و لە هەندێک شاریشدا ھەموو خەڵک لە پلەی گەرمیی ژێر سفردا چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان، ھەندێک کەسیش کە نەیانتوانی دەنگ بدەن، سندوقەکانی دەنگدان بردرانە ماڵیان دەنگەکانیان وەرگیرا.
شاهچەراغی گوتیشی، بهگوێرەی ئەو ئامار و زانیارییانەی تا ئێستا بە دەستیان گەیشتووە، بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردندا زۆر زیاتر بووە لە چاو هەڵبژاردنی پێشوو.
ئەبرار
هەڵبژاردنەکان کێبڕکێی نێوان بناژۆخوازان بوو
غوڵامحوسێن کەرباسچی، ئەندامی پارتی بریکارانی بیناسازی و سەرۆکی پێشووی شارەوانیی تاران دەڵێت، کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە جۆرێکە لە کێبڕکێی ناوخۆیی نێوان بناژۆخوازەکان.
کەرباسچی ئاماژەی بەو لیستانە کرد کە لە بزووتنەوەی ریفۆرمخوازدا بەشداریان لەو بوارەدا کرد و گوتیشی، ئەو بزووتنەوانە بەگوێرەی ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان بەرامبەر بە ئایندەی وڵات هەوڵیاندا لە داهاتوودا رۆڵ بگێڕن.
غوڵامحوسێن کەرباسچی، چالاکێکی سیاسیی ریفۆرمخوازە و پێی وایە بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا و ئەو عەقڵیەتە نەرێنییەی بەشێکی بەرچاوی خەڵک و بەتایبەت جەستەی بزووتنەوەی ریفۆرمخواز پێکیان هێناوە، پێدەچێت ئەم بزووتنەوەیە لە هەڵبژاردنەکاندا چانسی کەمی هەبێت.

خۆراسان
11 شار لە گەمارۆی لافاودایە
لە شەوی رابردووەوە رێژەی بارانبارین لە سیستان و بەلوچستان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
سەرۆکی مانگی سووری پارێزگای بەلوچستان رایگەیاند، لە 11 قەزادا خەڵک پێویستیان بە وەرگرتنی خزمەتگوزاری فریاگوزارییە. بارانبارین زۆرتر لە باکووری پارێزگاکە بووە و لافاوی لێکەوتووەتەوە، تا ئێستا نزیکەی هەزار و 100 خێزان هاوکاری کراون، 270 خێزان شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دابین کراوە و شەش هەزار پاکێجی خۆراکیش ئامادەن بۆ گەیاندن.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
تورکیا کەشتییەکی هاوکاری بۆ غەزە دەنێرێت
مانگى سوورى تورکی رایگەیاندووە بە مەبەستى گەیاندنى هاوکاری و پێداویستییەکان لە مانگى رەمەزاندا، کەشتییەک لە تورکیاوە بەرەو غەزە بەڕێدەکەوێت.
تائێستا تورکیا 12 فڕۆکە و 6 کەشتى و دەیان ترێلە هاوکاری بۆ گەلى فەڵەستین لە غەزە ناردووە.
مانگى سوورى تورکی هەموو رۆژێک خواردن بۆ 1000 کەس دابین دەکات. تورکیا تائێستا سێ هەزار و 204 تۆن هاوکاری گەیاندووەتە غەزە.
تورکیا
لە هەڵبژاردنى ئەمساڵدا بۆ یەکەمجار یەک ملیۆن گەنجی تازە مافى دەنگدانیان دەبێت
لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى ئەمساڵدا، بۆ یەکەمین جار یەک ملیۆن و ٣٢ هەزار گەنجی تازە دەتوانن بەشداری پرۆسەکە بکەن و دەنگ بدەن. لەو رێژەیەش زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دەنگدەریان لە ئیستەنبوڵن.
ڕیژەى ئەو دەنگدەرانەى تەمەنیان لە سەروو ٧٥ ساڵەوەیە گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دەنگدەر.
ئەکشام
تاوانبارێک لەڕێى نەشتەرگەریی رووخسارییەوە ١٠ ساڵ خۆی لە یاسا شاردەوە
چەکى بانکی کۆمپانیاکەى لە بازاڕ ساغ کردەوە و دواتریش بۆ ئەوەى دەستگیرنەکرێت لەڕێى نەشتەرگەرییەوە رووخسارى خۆى گۆڕى.
ئەم فێڵبازە لە شەش پارێزگا ١٩ تاوانى دزین و ساغکردنەوەى چەکی بانقى ئەنجامداوە.
بەهۆى گۆڕینى روخسارییەوە، پۆلیس لە دوای ١٠ ساڵ توانى دەستگیری بکات، لە ناوچەى بەیئۆغڵو لە ئیستەنبوڵ لە کاتی لێخورینى ئۆتۆمبێلدا دەستگیرکرا.
حوڕییەت
باڵیۆزى ئەمریکا لە تورکیا سەردانى باکوورى کوردستان دەکات
بەهۆى لەیەکچوونى ناوى پارێزگاى “باتمان”ى باکوورى کوردستان و کارەکتەرى “پیاوى شەمشەمەکوێرە” لە فیلمی “باتمان”، باڵیۆزى ئەمریکا لە تورکیا لەگەڵ هاوسەرەکەی سەردانى باتمانى باکوورى کوردستانی کردووە. هەردووکیان لە پاڵ ناوى پارێزگاى باتمان وێنەیان گرتووە.
باڵوێزى ئەمریکا رایگەیاندووە، “هاتووینەتە پارێزگاى باتمان، کە یەکێکە لە شارە خۆشەکانى تورکیا”. بە شێوەیەکى تەنزئامێز دەشڵێت: “ئێمە بەدواى جێپێى باتمانەوەین”.