زووم..
ئەوە تەرمی ئەلێکسی ناڤاڵنییە، رەخنەگرە سەرسەختەکەی پوتین و سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی روسیا کە 19 رۆژ لەمەوپێش مردنی لەناو گرتووخانەدا راگەیەنرا، دوای ئەنجامدانی رێوڕەسمی ئاینی لە کڵێسایەکی مۆسکۆ، بەڕێدەکرێت بۆ بەخاکسپاردن، خەڵکێکی زۆر لە هاوڕێیان و لایەنگرانی بە گوتنەوەی درووشمی “نا بۆ شەڕ” و “زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکەن”، لەدوایەوە دەڕۆن!
نۆزدە رۆژ لەمەوپێش بەرپرسانی کرێملن رایانگەیاند کە ناڤاڵنی لەناو گرتووخانەکەیدا و بە مردنی کوتوپڕ گیانی لەدەستداوە، بەڵام نە هاوسەرەکەی و نە لایەنگران، تەنانەت ئەمریکا و ئەورپییەکانیش باوەڕیان نییە و دەڵێن، پوتین کوشتوویەتی، رادەستکردنەوەی تەرمەکەشی بە دایکی، چەند رۆژێک دواکەوت.
هەر خۆپیشاندانێکی بێ مۆڵەت دەبێتە پێشێلکردنی یاسا و ئەوانەی بەشداریشی تێدا دەکەن با بەرپرسیارێتییەکەى هەڵگرن
درووستبوونی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی لایەنگران و رەخنەگرانی ترسی خستبووە دڵی بەرپرسانی روسیاوە، بەگوێرەى ئاژانسی فرانس پرێس، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی روسیا، ئەمڕۆ هەینى هۆشدارییەکى هەڕەشەئامێزیداوە کە هەر خۆپیشاندانێکی بێ مۆڵەت دەبێتە پێشێلکردنی یاسا و ئەوانەی بەشداریشی تێدا دەکەن با بەرپرسیارێتییەکەى هەڵگرن.
لەپرسەکەی ناڤاڵنی، هەریەکە لە باڵیۆزى ئەڵمانیا و فەرەنسا بەدیدەکرێ، هاوکات سێ کەسایەتی ئۆپۆزسیۆن ئێڤگنی رۆیزمان، بۆریس نادێژدین و ئیکاترینا دۆنتسۆڤا، کە هێشتا ئازادن، هاوشانى ئەو دوو باڵیۆزە شیندەگێڕن.
تیمەکەی ناڤالنی داوای لە خەڵکی مۆسکۆ کرد نەترسن و بێن و ماڵئاوایی لە سەرکردەکەیان بکەن، هەروەها داوای لە لایەنگرانی کرد لە شارەکانی دیکە و دەرەوەی وڵات، لەجێگەى یادگارییەکان کۆببنەوە و رێزیلێبگرن.
دوای دواخستنى زیاتر لە دوو هەفتە، دواجار دەسەڵاتدارانی روسیا لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا تەرمەکەی رادەستی کەسوکارەکەی کرد و رێگەیان دا پرسەکە ئەنجام بدرێت.
تائێستا پوتین هیچ لێدوانێکی لەسەر گیان لەدەستدانی ناڤاڵنی 47 ساڵ نەداوە کە نەیار و رەخنەگرێکی سەرسەختی بوو، ناوبراو لە ساڵی 2023دا بە تۆمەتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و کاری تێکدەرانە و توندوتیژی بە 19 ساڵ زیندانی سزا درا، پێشتریش و لە ساڵی 2020 دەرماندخوارد کرا و بە سەختی رزگاری بوو.
پرسە و بەڕێخستنى تەرمى ناڤاڵنى، دوو هەفتە پێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی روسیا دێت کە بڕیارە لە 15ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.