زووم:
پارتى ماف و ئازادییەکان – هاک پار، کە ناوەندی سەرەکیی لە ئامەدى باکوورى کوردستانە، بەدەر لە دەم پارتى، تاکە پارتى سیاسیی کوردییە بەشداریی لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە باکوورى کوردستان و تورکیا دەکات.
زووم، گفتوگۆیەکی لەگەڵ دوزگون کەپڵان، سەرۆکی پارتەکە ئەنجامداوە، پرسی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیای لەگەڵ تاوتوێ کردووە.
پرسیار: بانگەشەى هەڵبژاردنی پارتەکەتان چۆن بەڕێوەدەچێت؟
دوزگون کەپڵان: هاک پار دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەدا نوێنەرایەتى گەلى کورد بکات لە تەواوى تورکیا، لە تورکیا گەورەترین پرس، پرسى کوردە، تاوەکو ئەم پرسە لە تورکیا و لە چوار پارچەى کوردستان چارەسەر نەبێت، ئارامی لە تورکیا و لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەرقەرار نابێت.
ئێمە دەمانەوێت لەڕێگەى شارەوانییەکانەوە نوێنەرایەتییەکى کوردستانیی بکەین، لەم هەڵبژاردنەدا نزیکەى 140 پارتى سیاسی داوایان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن پێشکەش کردووە، بەڵام 36 پارتی سیاسی رێگەیان پێدراوە رکابەریى هەڵبژاردن بکەن، ئێمە یەکێکین لەو پارتە سیاسییانەی بە فەرمى و یاسایی بەشداریى هەڵبژاردن دەکەین، یاساکانى هەڵبژاردن لە تورکیا زۆر قورسە، بەوەى بۆ هەر پارتێکى سیاسی پێویستە لە تەواوى 81 پارێزگاى باکوورى کوردستان و تورکیا، لە نیوەى زیاتری پارێزگاکان، واتە لە 42 پارێزگا، نوێنەرایەتی و رێکخستنى پارتەکەی هەبێت، تەنها 36 پارتى سیاسی ئەو مەرجەیان تێدا بەدى دەکرێت، ئێمەش یەکێکین لەوانە.
پێمان وایە تاکە پارتی سیاسیی کوردین کە بە راستی مافى گەلى کورد دەپارێزین، ئێمە مەسەلەى کورد وەک مەسەلەیەکى نەتەوەیی دەبینین، وەک مۆدێلى چارەسەرییش، مۆدێلى فیدڕاڵى بۆ چارەسەرى پرسى کورد لە تورکیا پێشنیاز دەکەین، بە هاوشێوەى ئەو مۆدێلە دیموکراسییەی وەک لە سویسرا و بەلجیکا و زۆربەى وڵاتان هەیە.
پرسیار: لەم هەڵبژاردنەدا پارتەکەتان چەند کاندیدی هەیە؟
دوزگون کەپڵان: ئێمە لە تەواوى 81 پارێزگاى تورکیا و باکوورى کوردستان، کاندیدمان بۆ سەرۆکشارەوانی دەستنیشان کردووە، کە 121 ناوچەش لەخۆدەگرێت، زیاتر لە 40 ناوچەیان لە باکوورى کوردستانە.
“وەک هاک پار کاندیدەکانمان کوردستانین و دروشمەکانمان بەو ئاڕاستەیەن”
پرسیار: پێشتر لە 2019 هیچ شارەوانییەکتان بەدەستەوە بووە؟
دوزگون کەپڵان: لە 2019 هیچ شارەوانییەکمان بەدەستەوە نەبوو، بەڵام لە هەڵبژاردنەکانى 2014 لە قەزاکانى سەر بە قۆنیە و موش سەرۆکشارەوانیمان هەبووە.
لەم هەڵبژاردنەدا کاندیدەکان لەسەر بنەمای ئیسلامی، دیموکراتی و سەربەخۆ پۆلێن کراون، بەڵام ئێمە وەک هاک پار کاندیدەکانمان کوردستانین و دروشمەکانمان بەو ئاڕاستەیەن.
“دەم پارتى دەڵێت پارتێکى تورکیایین نەک کوردستانی، ئیتر چۆن رێککەوتنی لەگەڵ بکەین؟”
پرسیار: لەم هەڵبژاردنەدا هیچ رێککەوتنێک لەنێوان ئێوە و پارتە سیاسییەکانى باکوورى کوردستان بەتایبەت دەم پارتى لەئارادا هەیە؟
دوزگون کەپڵان: رێککەوتنى کوردستانى لەگەڵ پارتى کوردستانی سازدەکرێت، لەئێستادا دەم پارتى دەڵێت ئێمە پارتێکى تورکیایین نەک کوردستانی، بۆیە ئێمە چۆن بتوانین رێککەوتن لەژێر ناوى کوردستانیدا بکەین؟ چەند پارتێکى دیکە هەن پشتیوانى لە دەم پارتى دەکەن، بەڵام ئێمە هیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵیاندا نییە.
هاوکات پارتی سیاسیی کوردى لە باکوورى کوردستان ناتوانێت بە ئازادى و بە ناوى کورد و کوردستانەوە سیاسەت بکات، چونکە روبەڕووى داخستن دەبێتەوە، بۆ دامەزراندنى پارتێکى سیاسی لە تورکیا، سەرۆکێک و 31 ئەندامى پارتەکە پێویستە، بەشێک لەو پارتە سیاسییانەى باکوور تەنها بارەگایەکیان لە ئامەد هەیە و بە سەرۆکێک و 20 ئەندام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە سیاسەت دەکەن.
” هەڵبژاردن لە تورکیا لە کەشێکی دیموکرات و دادپەروەردا بەڕێوەناچێت”
پرسیار: لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن تائێستا هیچ ئاستەنگییەکتان بۆ دروست بووە؟
دوزگون کەپڵان: تائێستا رێگریی دروست نەبووە، بەڵام نادادپەروەریی لە بانگەشەکە و پڕۆسەى هەڵبژاردن هەیە، بۆ نمونە دەم پارتى بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن 500 ملیۆن لیرە لە دەوڵەتەوە وەک هاوکارى وەرگرتووە، هەروەها 900 ملیۆن لیرەش بە جەهەپە دراوە، زیاتر لە یەک ملیار لیرە بە ئاک پارتى دراوە، بەڵام دەوڵەت هیچ هاوکارییەکى ماددیى ئێمەى نەکردووە، ئێمە لەسەر گیرفانى خۆمان بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەین، بۆیە مەسەلەی دارایی گەورەترین ئاستەنگییە بۆ هەڵبژاردن. لەکاتێکدا ئێمە لە 42 پارێزگاى باکوور و تورکیا بارەگامان هەیە و بەگوێرەى یاساکان پێویستە هاوکارییە داراییەکان ئێمەش بگرێتەوە.
کێشەیەکی دیکەش بۆ هاک پار مەسەلەى پاراستنى سندوقى دەنگدانە، چونکە لە تورکیا ئەنجامى هەڵبژاردنەکان لەسەر سندوق دیاریدەکرێت، پێشتر ئەزموونمان لەگەڵ دزینى دەنگەکانمان هەیە، هەڵبژاردن لە تورکیا لە کەشێکی دیموکرات و دادپەروەردا بەڕێوەناچێت، لە باکوورى کوردستان دەنگەکانمان لەلایەن ئاک پارتى و دەم پارتییەوە دەبرێت، چونکە نایانەوێت دەنگێکى نوێ دەربکەوێت، سیاسەتى ئاشتییانەى هاک پار، بەلای دەسەڵات و بەلاى ئۆپۆزسیۆنەوە پەسەندکراو نییە.
دوزگون کەپڵان
لە 1973 لە دێرسیم لەدایکبووە
لە 1991ــەوە لەناو بزووتنەوەى سیاسیی کورد لە باکووری کوردستان سیاسەت دەکات
لە 2004ــەوە بووەتە ئەندامى سیاسیی هاک پار
لە کۆنگرەى نۆیەمى هاک پار لە 2022 بە سەرۆکى پارتەکە هەڵبژێردرا