زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
پوتین هۆشداری دەداتە رۆژئاوا خۆیان تووشی شەڕی ئەتۆمی نەکەن
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکى روسیا لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا چەند ئاماژەیەکی توندی بۆ وڵاتانی دەرەوە نارد. ئامادەیی وڵاتەکەیی پیشاندا بەومەرجە ئەمنییە بنچینەییانەی کە خۆیان دەیانەوێت، دەتوانن گفتوگۆ لەگەڵ رۆژئاوادا بکەن و پێداگریشی کرد لەوەی روسیا هەڕەشە بۆسەر دراوسێکانی دروست ناکات. بەڵام ئەگەر هەڕەشەی بۆ دروست ببێت، هەرچی هێزی خۆی هەیە بەکاریدەهێنێت، بۆیە ئەگەر وڵاتانی ناتۆ بەهێزی سەربازی بەشداریی شەڕی ئۆکراین بکەن، گریمانی ئەوە هەیە شەڕی ئەتۆمی دروست ببێت.
زەمان
پلانە ئەمنییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس دزراون، داواکاری گشتییش دەڵێت زانیاریی هەستیاریان تێدانەبووە
داواکاری گشتی پاریس دڵنیایی دا، لەوەی هیچ زانیارییەکی ئەمنیی هەستەوەر لەبارەی یارییە ئۆڵۆمییەکانەوە دانەنراوە، کە بڕیارە لە هاوینی داهاتودا لە پایتەختی فەرەنسا ساز بکرێن.
ئەو پلانە ئەمنییانە هەموویان لە ناو هاردێکی یو ئێس پیدا بوون و رۆژی دووشەمەی رابوردوو لە ناو شەمەندەفەرێکدا لە وێستگەی (گار دوو نوور) لە ئەندازیارێک دزراون.
داواکاری گشتیی پاریس بێزاربوونی خۆیی دەربڕی لە ئەو لێدوانانەی بە هەڵەشەیی لەناو کەناڵەکانی ڕاگەیاندندا بڵاوکرانەوە.
ئەلعەرەب
ئەو کەس و لایەنانەی داوای دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکەن، دەیانەوێت بزانن دواى پاشەکشەی ئەو هێزانە چی روودەدات
رەنگە فەرامۆشکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئیدارەکەی بایدنەوە ببێت بەهۆی ئەوەی ئەو تاکە ناوەندەی کە تائێستا ملی بە قەڵەمڕەوی ئێران نەداوە، خۆی بدات بەدەستەوە.
لەم دوواییانەدا بەهۆی شەڕی غەزەوە ئایندەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کەوتۆتەوە بەرباس و خواس. لەناو ئەمریکاشدا ئاراستەیەکی وا هەیە گەڕاندنەوەی هێزەکانیان لە عێراق بە پێویست دەزانن، چونکە ئەوانیش وا بیردەکەنەوە رێگای تری سەلامەت بگرنەبەر بۆ سەپاندنی قەڵەمڕەوی دەستەڵاتی خۆیان بەسەر عێراقدا، کە تێچووەکانیشی کەمتر بێت.
ناوەندە سیاسییەکانی ئەمریکا چاوەڕوانی ئەوە دەکەن شتێکیان لەبارەی پلانی ئیدارەکەی بایدنەوە بۆ روون ببێتەوە، چونکە نازانن ئەم ئیدارەیە چۆن بڕیار لەبارەی ئەو هێزانەی خۆیانەوە دەدات.

عەرەبی جەدید
رۆژنامەکە وێنەی کوڕێکی گەنجی فەڵەستینیی بڵاوکردووەتەوە، کە باوەشێک تۆڵەکەی داوە باشانیدا، نوسیویەتی: ئەمە سەوزەخواردنێکی پێش مردنە
رۆژنامەی عەرەبی جەدید وێنەی کوڕێکی گەنجی فەلەستینیی بڵاوکردۆتەوە، کە باوەشێک تۆڵەکەی داوە باشانیدا بیبات بۆ خواردن، نوسیویەتی، ئەمە سەوزەخواردنێکی پێش مردنە.
لە باسی وێنەکەدا دەڵێت: خەڵکە برسیکراوەکەی غەزە لە چەند شوێن و کێڵگەیەک بەدوای کۆکردنەوەی سەوزەدا دەگەڕێن، دەیانەوێت ئەو سەوزانە بخۆن یان بیفرۆشن و بە پارەکەی هەندێک خواردن بکڕن، بەڵام ئەوکاتەی بۆ کۆکردنەوەی سەوزە دەگەڕێن هێزی داگیرکەر بە تەقەلێکردنی راستەوخۆ و بە موشەک دەیانکوژن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
سنورەکانی بەریتانیا شکاون
سەگێکی چاودێریکردن راستییەکی شۆکهێنەر لەسەر شکستهێنانێک لە سیستمی پەنابەریی و بەجێهێشتنی خاڵی پشکنینی پاسپۆرتەکان لەسەر سنور ئاشکرادەکات.
ئەم هەواڵە دەڵێت، شەوى رابردوو هەڵەیەک لە سیستمی پەنابەری و چاودێریکردنی سنوردا روویداوە. دەگوترێت جەیمس کلیڤەرلیی وەزیری ناوخۆیی بەریتانیا سەرزەنشتکراوە لەسەرئەوەی ویستویەتی ئەو هەواڵە خراپە بشارێتەوە کە وەک هەرەسی بەفر بەسەر هەموواندا کەوتووە، بەڵام سەگێکی چاودێریکردن ئاشکرای کردووە، کە شوێنێک لەسەر سنور بۆ پشکنینی پاسپۆرتی کەسانی هاتووە بۆ ناو وڵاتەکە، کەچی بۆ ماوەیەک بەجێهێڵراوە و کەسی تیادا نەبووە.
دەیلی تەلەگراف
روسیا شەپۆلی پەنابەران بەرەو رۆژئاوا دەنێرێت
پوتین هەوڵدەدات چەند میلیشیایەک لەناو ئەفریقادا هان بدات کۆنترۆڵی خەڵکانی پەنابەر بگرن بەدەستەوە و بیاننێرن بەرە ئەوروپا و وەک فشار ئەوروپایان پێ بێزار بکەن.
رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف بۆی دەرکەوتووە روسیا چەند میلیشیایەکی تایبەتمەند بەکاردەهێنێت و ئەو پەنابەرانەش چەکداردەکات کە روو لە ئەوروپا دەکەن. چونکە کرەملین دەستەڵاتی بەسەر چەند رێگایەکی سەرەکیی هاتوچۆکردنی روەو کیشوەری ئەوروپادا هەیە، بۆیە کار لەسەر ئەوە دەکات بۆ بەهاری داهاتوو ئاسانکاری بۆئەوە بکات شەپۆلی پەنابەرە هاتووەکان بەرەو ئەوروپا چڕتر بکاتەوە. پلانەکەی رووسیا ئەوەیە 15 هەزار سەربازی زۆر بەهێزی خۆی دەنێرێتە لیبیا، کار لەسەر زیادکردنی پەنابەران بکەن.
واشنتن پۆست
باری ناهەمواری گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان بە غەزە ئەنجامی کوشندەی لێدەکەوێتەوە
ئەم رۆژنامەیە لە لاپەڕەی یەکەمیدا وێنەی چەند کەسێکی بڵاوکردووەتەوە، کە بەدیار تەرمێکەوە دانیشتوون و زۆر خەمبارن. نوسیویەتی ئەمانە خەڵکێکن لەبەردەم نەخۆشخانەی شیفادا لە غەزە تەرمێکیان وەرگرتووەتەوە. بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە خەڵکێک لەبەردەم ئاژانسێکی فریاگوزاریدا وەستابوون یارمەتی وەربگرن بۆردومان کران، ئیسرائیل و فەلەستینیەکانیش هەریەکەیان ئەوی تر بە ئەنجامدانی بۆردومانەکە تۆمەتبار دەکەن.
لەو بۆردومانەدا نزیکەی سەد کەس کوژران و نزیکەی 700 کەسی تریش بریندار بوون.
عەرەب نیوز
درۆنێکی تورکی دوو شەڕڤانی کوردی لە شنگال کوشت
رۆژی پێنج شەممە دوو شەڕڤانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال بە پەلاماری درۆنێکی تورکی کوژران. ئەم دوو کەسە لە ئۆتۆمبێلێکدا بوون لە شنگالی باکوری عێراق و بە درۆن لێیاندرا. ئەم دوو کەسە ئەندامی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) بوون، کە پەیوەندی و هاریکارییان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا هەیە و ئەم پارتەش لە تورکیادا نایاساییە.
تورکیا کەمپینێکی بەرفراوانی لەناو هەریەکە لە عێراق و سوریادا هەیە، ئەو چەکدارانە دەکات بە ئامانج کە سەر بە پەکەکەن و لەودیوی سنورەکانی تورکیاوە کاردەکەن. تورکیا هەریەکە لە هێزەکانی یەبەشەی ناو عێراق و یەپەگەی ناو سوریا بە گرێدراو لەگەڵ پەکەکەدا دەبینێت.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
ئامارەکانى دەزگاى ئامارى تورکیا جێى باوەڕ نییە
دەزگاى ئامارى تورکیا رایگەیاندووە، ساڵى پار ئابوورى تورکیا بە قەبارەى %4.5 گەورەبووە. داهاتى تاک لەو وڵاتە 13 هەزار و 110 دۆلار بووە.
تورکیا
تورکیا بنکەیەکى سەربازى لە نزیک سلێمانى دروست دەکات
بەهۆى هەماهەنگى و نزیکبوونەوەى پارتى کرێکارانى کوردستان و یەکێتى نیشتیمانیی کوردستان، تورکیا بڕیاریداوە بنکەیەکى سەربازى لە نزیک سلێمانی دروست بکات.
سەرەڕاى ئەوەى تورکیا چەندینجار تاڵەبانى ئاگادارکردووەتەوە لە پچڕانى ئەو پەیوەندییە، وەک سزایەک فڕۆکەخانەى سلێمانى داخست، ئێستا تورکیا پلانی ئەوەی هەیە بنکەیەکى سەربازى لە نزیک سلێمانى دروست بکات.
یەنى بیرلیک
فرۆشتنى فڕۆکەى ئیرۆفایتەر بە تورکیا لە رۆژەڤدایە
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى بەرگریی تورکیا رایگەیاندووە، لە سەردانەکەى وەزیرى بەرگریی تورکیا بۆ ئەڵمانیا، ئەڵمانیا نەرمى نیشانداوە بە فرۆشتنى فڕۆکەى جەنگى لە جۆرى ئیرۆفایتەر لەلایەن ئەڵمانیاوە بە تورکیا بفرۆشرێت.
ئەوەشی راگەیاندووە تورکیا لەگەڵ کۆمپانیایەکى ئینگلتەرەش لە گفتوگۆدایە بۆ ئەو مەبەستە. کۆمپانیاکە هاوبەشى ئەڵمانیایە لە دروستکردنى فڕۆکەى ئیرۆفایتەر.

حوڕیەت
پوتین هەڕەشەى چەکى ئەتۆم لە ئەوروپا دەکات
ڤلاردمیر پۆتن، سەرۆکى رووسیا دەربارەى ناردنى سەرباز بۆ ئۆکرانیا لەلایەن وڵاتانى رۆژئاواوە، ئەوەى دووپاتکردۆتەوە کە چەکی ئەتۆمى ئامادەیە بۆ هەر ئەگەرێکى لەو جۆرە. راشیگەیاندووە چەکەکانى بەو ئەندازەیە بەهێزن کە بتوانێت ماڵى ئەوروپییەکان بکاتە ئامانج.