زووم:
عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە حسێنیەى “ئیمام خومەینى” لە تاران دەنگی خۆی بۆ هەڵبژاردنی خولی 12ی ئەنجومەنی شوراى ئیسلامی (پەرلەمان) و خولی شەشەمی شارەزایانی رێبەرایەتی دا و رایگەیاند، ئەمڕۆ دۆستان و دوژمنان چاودێری ئێران دەکەن.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی مێهر، پاش دەنگدان عەلى خامنەیی قسەى بۆ رۆژنامەنووسان کرد و رایگەیاند، داواکارین لە خودای مەزن ئەمڕۆ ببێتە رۆژێکی خۆش بۆ نەتەوەی ئێران و دەرئەنجامی هەوڵی گەلی ئازیزمان و ئەوانەی بەشدارن لە پرسە جۆربەجۆرەکانی هەڵبژاردن بگاتە ئەنجامە خوازراوەکان و سود بە نەتەوەی ئێران بگەیەنێت.
خامنەیی گوتی، دوو قسەم هەیە، یەکەم ئامۆژگاری بۆ خەڵکی ئازیز ئەوەیە کە قورئان پێی گوتین؛ لە کردەوەی چاکدا کێبڕکێ بکەن و پێش کەسانی دیکە بکەون، لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرن و بە زووترین کات دەنگی خۆتان لە سندووقەکانی دەنگدان بدەن.
خامنەیی رایگەیاند، قسەی دووەمم ئەوەیە کە زۆرترین دەنگی پێویست بۆ بازنەکەتان بدەن، بۆ نموونە لە تاران 16 کەس بۆ ئەنجومەی شارەزایان پێویستە، بۆیە دەنگ بە 16 کەس بدەن نەک کەمتر؛ یان لە تاران پێویستە دەنگ بە 30 کەس بدرێت بۆ ئەنجومەنى شوراى ئیسلامى دەنگ بە 30 کەس بدەن نەک کەمتر.
رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆتاییشدا گوتی، هەم دۆستان و ئەوانەی حەزیان لە نەتەوەی ئێرانە و هەم بەدخوازانیش لە هەموو لایەکەوە چاودێریی پرسەکانی وڵاتەکەمان و نەتەوەی خۆشەویستمان دەکەن، گرنگی بەم بابەتە بدەن و هاوڕێکانمان دڵخۆش و نەیاران بێ هیوا بکەن.