کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، بزوتنەوەکەیان هیچ پەیوەندییەکی بە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵەوە نییە. تەقینەوەکە پلانێکی “تاریکی نوێی هاوپەیمانی ئاکەپە و مەهەپەیە”.
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) راگەیەندراوێکی لەبارەی تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلالی ئەستەنبوڵ و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی پەکەکە دەکرێت، بڵاوکردەوە، دەڵێت هەرکاتێک لە تورکیا دەست بە پرۆسەیەکی تاریک دەکرێت “کۆمەڵکوژیەک رێکدەخرێت و کورد تاوانبار دەکرێت” بۆیە بە رای گشتی رادەگەیەنین، کە نە هێرشەکە و نە ئەو کەسەی کە دەستگیرکراوە هیچ پەیوەندیەکان بە بزوتنەوەکەمانەوە نییە.
کەجەکە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کوژراوەکان کرد و گوتی، ئێمە بە هیچ شێوەیەک کردەوەیەکی بەو شێوەیە ئەنجام نادەین و ئامانجمان چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیایە.
بزوتنەوەکەمان هیچ پەیوەندییەکی بە تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵەوە نییە
لەبارەی لێدوانی بەرپرسانی تورکیا، کە یەپەگە و هەسەدە تۆمەتبار دەکەن کەجەکە دەڵێت ئاکەپە و مەهەپە بە ئەنقەست هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتی ئەم هێرشە بخەنە ئەستۆی بزوتنەوەکەمان و دەڵێن، کە تەقینەوەکە لە رۆژئاڤا پلانی بۆ داڕێژراوە.
کەجەکە دەڵێت “هەموو کەسێک دەزانێت کە حکومەتی تورکیا باسی لەشکرکیشی بۆ سەر رۆژئاڤا دەکات. روون و ئاشکرایە، کە ئاکەپە و مەهەپە بەم ئامادەکارییە دەیانەوێت رۆژئاڤا بکەنە ئامانج و زەمینەیەک بۆ داگیرکردنی رۆژئاڤای کوردستان ئامادە بکەن.”
رۆژی یەکشەمە 13/11/2022، لە دەوروبەری کاتژمێر 4:00ى ئێوارە، تەقینەوەیەک لە شەقامی ئیستقلالی ئەستەنبوڵ، کە شەقامێکی قەرەباڵغە روویدا. لە تەقینەوەکەدا، شەش کەس کوژران و 53 کەس بریندار بوون.
دوابەدوای تەقینەوەکە، بەرپرسانی حکومەتی تورکیا، پەکەکەیان بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتبار کرد و رایانگەیاند، کە لە رۆژئاڤای کوردستانەوە، پلانی تەقینەوەکە دارێژراوە. دوای 10 کاتژمێر لە تەقینەوەکە، ژنێک بە ناوی ئیلهام ئەلبەشیر دەستگیرکرا، کە لە کامێراکانی چاودێریەوە دەرکەوتووە، تەقینەوەکەی ئەنجامداوە.
بەرپرسانی حکومەتی تورکیا، پەکەکەیان بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتبار کرد
سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئەو ژنە سەر بە یەپەگە و پەیەدەیە و لە عەفرینەوە بۆ ئەنجامدانی تەقینەوەکە هاتووە بۆ ئەستەنبوڵ.
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکراتی (هەسەدە) لە تویتێکدا رایگەیاند، هێزەکانیان هیچ پەیوەندییەکیان بە هێرشەکەی ئەستەنبوڵەوە نییە و ئەو تۆمەتانە رەتدەکەینەوە، کە ئاراستەی هێزەکانیان دەکرێت.
إننا نؤكد أن قواتنا ليست لها أية علاقة بتفجير اسطنبول، ونرفض المزاعم التي تتهم قواتنا بذلك.
نعبّر عن خالص تعازينا لأهالي المفقودين والشعب التركي، ونرجو للجرحى الشفاء العاجل.— Mazloum Abdî مظلوم عبدي (@MazloumAbdi) November 14, 2022