زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێی کەرکوک پەنا بۆ سودانى دەبرێت
ئەحمەد رەمزی ئەندامى هەڵبژێردراوى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک رایگەیاند، لەپێناوى دەربازبوون لەو دۆخە چەقبەستووەى پارێزگاکەى تێکەوتووە پێشنیازى کۆبوونەوەیەکى نائاسایی ئەنجومەنەکەى کردووە بە جۆرێک لەو کۆبوونەوەیەدا هیچ هەڵبژاردنێک بۆ پارێزگار و سەرۆکى ئەنجوومەن ئەنجامنەدرێت، وەک ئەوەى لە پارێزگاى دیالە ئەنجام دراوە.
راشیگەیاندووە، پێویستە کاتێکی دیاریکراو هەبێت بۆ چارەسەری کێشەکان و تا کۆبوونەوەکانیش دوابکەون کێشەکان ئاڵۆزو گەورەتر دەبن.
ئەحمەد رەمزی باسی لەوەش کردووە، وابڕیارە رۆژی سێی ئازارى داهاتوو، ئەنجوومەنى هەڵبژێردراوى کەرکوک لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ تاوتوێکردنى پرسەکانى کەرکوک کۆببنەوە.
دەستوور
ئامانجی دادگاى فیدراڵیی عێراق یەکسانى نێوان هاوڵاتییانە لە دابینکردنى موچەدا
دادگاى فیدراڵیی عێراق بە فەرمی بڕیاری پێدانى موچەى فەرمانبەرانى شارستانى، سەربازی، خانەشینانى هەرێمى کوردستانى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پێویستە سەرجەم هاووڵاتییانى عێراق لە وەرگرتنى موچەدا یەکسانبن و ئەرکی حکومەتى فیدراڵییە جێبەجێی بکات.
بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵی، گەلى کورد ساڵانێکى زۆر لە دژى رژێمی پێشووى عێراق خەباتیان کردووە و لەو پێناوەشدا قوربانى زۆریان داوە، ئەرکی حکومەتى عێراقیشە قەرەبوویان بکاتەوە و بەیەک چاو سەیری هەموو هاووڵاتییەکانى خۆی بکات ئەوەش لە پێناوى چەسپاندنى دادپەروەریی لە وەرگرتنى موچەکانیاندا.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە ساڵانى رابوردوودا حکومەتى ناوەندى بۆ ماوەیەکى زۆر بە شێوەیەکى نایاسایی و پێچەوانەى دەستور و یاساى بودجە قەرزی داوە بە هەرێمى کوردستان، هەروەها جەختى کردووەتەوە ئەو قەرزانە بۆ پێدانى موچەى فەرمانبەران، خانەنشیان و چاودێری کۆمەڵایەتى بووە، بەڵام هەرێمى کوردستان –وەک پارێزگاکانى تری عێراق- موچەى دابەشنەکردووە.
عەرەبی جەدید
فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانى ئەمریکا بەردەوام لە ئاسمانى عێراقدا دەسوڕێنەوە
دواى تێپەڕبوونى 20 رۆژ لە راگرتنى هێرشى میلشیاکان بۆسەر بارەگا و پێگە سەربازییەکانى ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە، هێشتا فرۆکە بێفرۆکەوانەکانى ئەمریکا بەردەوام لە ئاسمانى هەندێک لە پارێزگاکانى عێراقدا دەسوڕێنەوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە فرۆکە بێفرۆکەوانەکانى ئەمریکا لە ئاسمانى پارێزگاکانى بەغداد، موسڵ، ئەنبار، بابل و هەولێر بەبەردەوامى دەسوڕێنەوە و هاووڵاتیانیش هەم گوێیان لە دەنگیانە و هەم بەهۆی نزمی فڕینیانەوە هەندێکجار دەیانبینن.
رۆژنامەکە لە زاری یەکێک لە بەرپرسانى سەربازیی عێراقەوە (کە نەیویستووە ناوەکەى ئاشکرا بکرێت)، نوسیویەتى: فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانى ئەمریکا لەناوخۆی عێراقەوە دەفڕن و ئاڕاستەدەکرێن، ئامانجیان چاودێریکردنى ئاسمانى عێراقە و سوپاى ئەمریکا لەو بارەیەوە لەگەڵ بەرپرسانى عێراقى هەماهەنگییان کردووە و بەرپرسانى هەردوولا ئاگادارن.
عەرەب
بەفیڕۆدانى نەوت و گاز عێراقى کردووەتە یەکێک لە وڵاتە گەندەڵەکان
رێکخراوى شەفافیەتى نێودەوڵەتى لە راپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، عێراق یەکێکە لە وڵاتانى گەندەڵ و بەرپرسانى وڵاتەکەش خۆیان ئەو راستییانە بەباشى دەزانن.
رێکخراوى شەفافییەت هۆکارەکانى گەندەڵی بوارى نەوت و گازی عێراقی بۆ چەند هۆکارێک گەڕاندووەتەوە لەوانەش: کەمى شارەزایی لە بەڕیوەبردنى کەرتى نەوت و گاز، کێشە و ناکۆکییە تائیفییەکان، نەبوونى ئیدارەیەکی سیاسی بەهێز، نەبوونى ئیرادەى روبەڕوبونەوەى گەندەڵی.
بەگوێرەى راپۆرتەکەى رۆژنامەى عەرەب، یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان ئەوەیە نەوت و گاز لە عێراق کراوەتە بابەتێکى سیاسی و ئاسایشى عێراق و خەڵکى خستووەتە مەترسییەوە، ئەوانەش بوونەتە هۆی ئەوەى کە نەتوانرێت گەندەڵی بنبڕبکرێت.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە ، رێکخراوى شەفافییەت ئاماژەى بەوەکردووە کە عێراق لە ریزبەنى 188 وڵاتى گەندەڵدا عێراق لەڕیزبەندەى 168 ـمین دایە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
بەڵگەنامەی دزەپێکراوی سەربازی مەرجە ئاسانەکانی روسیا بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی ئاشکرا دەکات
هێزەکانی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، مەشق و راهێنانیان لەسەر بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی تاکتیکی کردووە و لە سینیاریۆکانیشدا راهێنان لەسەر ئەگەری شەڕی روسیا کراوە، لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکاندا، کە یەکێکیان ئەگەری داگیرکردنی روسیایە لەلایەن چینەوە.
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامە دزەپێکراوانەی دەست فاینەنشیەڵ تایمز کەوتووە، روسیا کەمترین سەقفی داناوە بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی، بۆ نمونە لەدوای بەزاندنی خاکی وڵاتەکەی و تێکشکاندنی 20%ـی موشەکە ژێردەریاییەکانی، وڵاتەکە پەنا بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمیی دەبات.
گاردیەن
ریشی سوناک داوای قەدەغەکردنی خۆپیشاندان لەبەردەم ماڵی ئەندام پەرلەمانەکانی وڵاتەکەی دەکات
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، داوای راگرتنی رێگەپێدان بە خۆپیشاندانەکان دەکات لە بەردەم ماڵی ئەندام پەرلەمانەکانی وڵاتەکەیدا، ئەمەش دوای ئەوە دێت سوناک بە بەرپرسانی باڵای پۆلیسی گوتووە وڵاتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ حوکمی چەکداری.
لەبارەی ئەو گووتانەی کە رێکخراوەکانی ئازادیی مەدەنییان نیگەرانکردووە، سوناک داوایکردووە پەنا ببرێتە بەر سەرکوتکردنی ئەوانەی لە دەرەوەی پەرلەمان، حزبە سیاسییەکان و هۆڵی شارەکان خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن و رێگریی دەکەن لە بەرکارهێنانیان، یان دەبنە هۆی درووستکردنی باری لەناکاو، گێچەڵکردن و تەنگانە.
واشنتن پۆست
دادگاکان بڕیار لەبارەی پارێزبەندیی دۆناڵد ترەمپەوە دەدەن
دادگای باڵای ئەمریکا پێداچوونەوە بە داوایەکی ترەمپ دەکات کە دەڵێت ئەو بەهۆی پارێزبەندییەوە پارێزراوە لە لێپێچینەوە بەهۆی ئەو کارانەی لە کاتی سەرۆکایەتیدا ئەنجامیداون.
دانیشتنەکان بڕیارە لە مانگی نیساندا دەستپێبکەن، هێندەی دیکە دادگایکردنی ترەمپ لەبارەی رووداوەکانی دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دوادەخات. ئەم دوایەی ترەمپ سەرجەم دانیشتنە دادگاییەکانی لێپرسینەوە لە ترەمپ هەڵدەپەسێرێت تاوەکو ئەوکاتەی بڕیارێک دەدرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە تادێت وڵاتەکە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی نزیکدەبێتەوە و پێگەی دادگای وڵاتەکە دەخاتە ئەوپەڕی سەختیی و ئاڵۆزییەوە.
ئۆرشەلیم پۆست
لەبارەی مزگەوتی ئەقساوە ئەمریکا فشار دەخاتە سەر ئیسرائیل
ئەمریکا داوای لە ئیسرائیل کردووە رێگە بە فەلەستینییە ئاشتیخوازەکان بدرێت پەرستش لە مزگەوتی ئەقسادا بکەن لەماوەی مانگی رەمەزاندا لەکاتێکدا ئیسماعیل هەنییە، سەرکردەی باڵی سیاسیی حەماس داوای لە فەلەستینییەکان کرد هەموویان روو بکەنە مزگەوتی ئەقسا لەو مانگەدا.
ماتیو میلەر، گوتەبێژیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لەوبارەیەوە رایگەیاند داوا لە ئیسرائیل دەکەین ئاسانکاریی بکات بۆ ئەو پرسە و ئەوەش دەبێتە هەڵوێستی بەردەوامیی ئێمە.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
تەرەتە بووەتە کەناڵى فەرمى ئاک پارتى
داهاتى کەناڵى تەرەتە لە گیرفانى هاوڵاتییانەوە دەدرێت، بەڵام بە تەنها ریکلام و بانگەشە بۆ ئاک پارتى دەکات، مەسرەفگەراییەکى زۆر دەکات.
لەکاتێکدا کەناڵى تەرەتە، دامەزراوەیەکى فەرمی دەوڵەتە، پێویستە بە شێوەیەکى یەکسان مامەڵە لەگەڵ تەواوى پارتە سیاسییەکان بکات، بەڵام لە ئێستادا بووەتە دەزگایەکى تەواو خزمەت بە ئاک پارتى.
لەماوەى 15 ساڵدا تەرەتە لە گیرفانى خەڵک بڕی 40.7 ملیار لیرە خەرجی هەبووە، تەواوى ئەجێنداى تەرەتە لەخزمەتى ئاک پارتیدا بووە.
میللیەت
مانگى رابردوو تورکیا رێژەى پێوانەیی لە کەرتى گەشتیاریدا تۆمارکردووە
لە مانگى کانوونى دووەمى 2024، دوو ملیۆن و 47 هەزار گەشتیار سەردانى تورکیایان کردووە.
وەزیرى گەشتیاریی تورکیا رایگەیاندووە، چاوەڕێدەکرێت لە ساڵى 2024، پێشوازى لە 60 ملیۆن گەشتیار بکەین، داهاتى گەشتیارییش لەم ساڵدا بگەیەنینە 60 ملیار دۆلار.
ئەکشام
موراد قوروم “جەم خانە”ـى عەلەوییەکان نۆژەن دەکاتەوە
موراد قوروم، کاندیدى هاوپەیمانى کۆماریی و ئاک پارتى، سەردانى (جەم خانەى) ماڵى عەلەوییەکانى لە ناوچەى کارتاڵ لە ئیستەنبوڵ کردووە و رایگەیاندووە، ئەگەر وەک گەورەشارەوانى ئیستەنبوڵ هەڵبژێردرێت، ئەوا شوێنى عیبادەتى عەلەوییەکان نۆژەن دەکاتەوە.
ئەڤرەنسەل
ئاڵوگۆڕى بازرگانى تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامە
بەگوێرەى راگەیەنراوێکى دەزگاى ئامارى تورکیا، لە مانگى تشرینى یەکەمى 2023 تاکو ئێستا ئاڵوگۆڕى بازرگانى لەنێوان تورکیا و ئیسرائیل بەشێوەیەکى ئاسایی بەردەوام بووە.
لەمانگى تشرینى یەکەمدا 374 هەزار و 868 دۆلار بووە لە مانگى تشرینى دووەمدا گەیشتووەتە 429 هەزار و 182 دۆلار، لە مانگى کانوونى دووەمدا گەیشتووەتە 349 هەزار و 651 دۆلار.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
ئەمڕۆ مانگی دەستکردی پارس1 بە ئامێری هەڵدانی رووسی دەخرێتە بۆشایی ئاسمانەوە
عیسا زارع پوور، وەزیری پەیوەندییەکان رایگەیاند، ئەمڕۆ مانگی دەستکردی پارس1 کە 100% بەرهەمێکی ناوخۆیی ئێرانییە و لەلایەن کۆمپانیا ناوخۆییەکانی زانیارییەوە دروستکراوە، دەخرێتە ئاسمانەوە بۆ ناو خولگەکەی.
راشیگەیاندووە، خۆمان توانای هەڵدانمان هەیە، بەڵام بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئەم مانگە دەستکردە بە ئامێری هەڵدانی رووسی دەخرێتە بۆشایی ئاسمانەوە.
جمهوری ئیسلامی
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان دەڵێت، لەگەڵ ئەمریکا پەیام ئاڵوگۆڕ دەکەین
وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی ئەلمەیادینی لوبنانی رایگەیاند، بەردەوام پەیام لەسەر بابەتی جیاواز لە نێوان تاران و واشنتن ئاڵوگۆڕ دەکرێت.
حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان بە ئاماژەدان بە دانوستانەکان گوتیشی، بەداخەوە لە قۆناغێکدا بەهۆی شەڕی ئۆکراینەوە دانوستانەکان راوەستان، بەڵام ئێستا بەردەوام ئاڵوگۆڕی پەیام دەکەین.
شەهروەند
کاتژمێر 8:00ـى بەیانى ئەمڕۆ بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی هات
کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانی وەزارەتی ناوخۆ کاتی کۆتایی بانگەشەی کاندیدەکانی خولی 12ی ئەنجومەنی ئیسلامی و خولی شەشەمی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لە کاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە راگەیاند.
لە ئاگادارییەکەی کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانی ئێراندا هاتووە، هەر چالاکییەکی ریکلام لە دوای ئەم ماوەیە قەدەغەیە، بۆیە دەبێ خەڵک خۆیان لە ئەنجامدانی ریکلام بۆ کاندیدەکان یان دژی کاندیدەکان بەدوور بگرن و لە رۆژی دەنگدانیشدا خۆیان لە هەڵگرتنی هەر کەلوپەلێکی ریکلام یان هێمایەک (وەک وێنە) بەدوور بگرن.
جەوان
هەزار تۆن مریشک لە ئێرانەوە هەناردەی عێراق کرا
ئەرسەلان قاسمی، سەرۆکی دەستەی کشتوکاڵى ئێران رایگەیاند، لەکاتێکدا هەشت مانگ لەمەوبەر بەدوای هاوردەکردنی مریشک دەگەڕاین بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوخۆ، دوێنێ بارێکی هەزار تۆنیمان هەناردەی عێراق کرد و بەدوای بازاڕی نوێی هەناردەکردندا دەگەڕێین.
دەشڵێت، توانامان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی 3 ملیۆن تۆن مریشک لە وڵاتدا و ئەگەر ئەو توانایانە بخرێنە نێو خولی بەرهەمهێنانەوە، ئەوا بڕی هەناردەکردن زیاد دەکات.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە دەڵێت، “نابێت ئێمە بۆ هەمیشە وابەستەی دۆلاری نەوت بین”.