زووم:
شەڕی ئۆکراین سەری لە سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپا تێکداوە، لەسەر شێوازی پشتیوانی ئۆکراین ناکۆکییان تێکەوتووە، پێچەوانەی یەکتری قسە دەکەن، هەندێکجاریش لە قسەکانیان پەشیمان دەبنەوە.
دوای ئەوەی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا گوتی، یەکێک لە سیناریۆکانی داهاتوو، ئەگەری ناردنی هێزی زەمینییە بۆ ئۆکراین، وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا روونکردنەوەی داوە و دەڵێت، قسەکانی ماکرۆن لێکدانەوەی هەڵەی بۆ کراوە.
چەند کاتژمێرێک دوای لێدوانەکەی ماکرۆن، ئۆلاڤ شۆڵتز راوێژکاری ئەڵمانیا، هەر ئەگەرێکی بۆ ناردنی هێزی زەمینی بۆ ئۆکراین رەتکردەوە، دواتر زۆرێک لە سەرکردەکانی ئەوروپا هەمان بۆچوونی راوێژکارەکەی ئەڵمانیایان دووپاتکردەوە.
هەروەها کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا، هۆشداریی دا بە سەرکردەکانی ئەوروپا و پێی گوتن، “بەشداریکردن لە جەنگی ئۆکراین بەهێزی زەمینی، لە بەرژەوەندیی ئێوە نابێت”.
پاش ئەوقسانەی کریملن و سەرکردەکانی ئەوروپا، “ستیڤان سیگۆرنێ” وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و گوتی، ماکرۆن لەو قسانەیدا مەبەستی لە ناردنی هێزی شەڕکەر نەبووە، بەڵکو نیازی بووە بڵێت، رێگای نوێ بدۆزنەوە بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراین، وەکو ناردنی هێز بۆ هەڵگرتنەوەی مین، نەک بەشداری لە شەڕ.
راوێژکارەکەی ئەڵمانیا لە وەڵامی لێدوانەکەی ماکرۆن زۆر روونتربوو، ئەو گوتی، “من وەکو راوێژکار کارم ئەوەیە رێگری بکەم لەوەی دۆخەکە پەرەبسەنێت بۆ جەنگی نێوان روسیا و ناتۆ، ئەمەش بەشێوەیەکی بەردەوام بنەمایەک بووە بۆ بڕیارەکانمان”.
لەو چوارچێوەیەشدا، رادەستکردنی سیستەمی موشەکی “تۆرۆس”ی ئەڵمانی بە سوپای ئۆکراین رەتکردەوە و گوتی، سەربازی ئەڵمانی، یان سەربازی هەر سوپایەکی ئەوروپی و ئەندامانی ناتۆ، لەسەر خاکی ئۆکراین نابینن.