زووم:
رۆژی هەینی زیاتر لە 61 ملیۆن ئێرانی دەتوانن بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان و لە نزیکەی 59 هەزار بنکە دەنگبدەن و 290 ئەندامی ئەنجومەنی شورا بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵبژێرن.
هاوکات ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایانیش هەڵدەبژێردرێن، دەستەیەکە و پێکهاتووە لە 88 پیاوی ئایینی و بۆ ماوەی هەشت ساڵ لەو ئەنجومەنەدا دەبنە ئەندام، دەتوانن رێبەری باڵای تازەش دیاریبکەن.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، شارەزایان پێشبینی دەکەن رێژەی بایکۆتی ئەو دەنگدانە لە 50% بەرزتربێت، چونکە هەڵبژاردنەکان تارمایی جەنگی غەزەی نێوان حەماس – ئیسرائیل، خۆپیشاندانەکانی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی و قەیرانی توندی ئابوورییان بەسەرەوەیە، ئەمە جگە لە خراپی بژێویی ئێرانییەکان و هەڵاوسانی ئابوری بەڕێژەی 50%.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی 2020یشدا، کەمترین رێژەی بەشداریکردن تۆمارکرا و 42.57% بوو، لە تاران تەنها 26%ی خەڵک بەشدارییان کرد، لەساڵی 1979ــوە ئەو رێژە نزمە تۆمارنەکرابوو.
بەڵام فرانس پرێس دەڵێت، بەگوێرەی راپرسییەکان پێشبینیشدەکرێت شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” رێژەی بەشدارییەکە نزمتر بکاتەوە.
محەمەد خاتەمی، رێبەری بزووتنەوەی ریفۆرمخواز، کە ساڵانی 1997-2005 سەرۆککۆماری ئێران بووە، بەداخە بۆ ئەوەی ئێران زۆر دوورە لە هەڵبژاردنێکی ئازادانە.
رۆژنامەی “هەم میهەن”ی ریفۆرمخواز، رۆژی سێشەممە بە مانشێتی “کەشوهەوای سیاسی بە سەهۆڵبەندان ماوەتەوە”، بارودۆخە سیاسییەکەی پێش هەڵبژاردنی وێناکرد.
لای خۆیەوە رۆژنامەی “وەتەن ئیمروز”ی موحافیزکاران، ستایشی خەڵکی کرد بۆ بەدەمەوەچوونی هەڵبژاردنەکە، بەتایبەتی لە ناوچە لادێنشینەکان.
ئەنجومەنی پارێزەرانی ئێران 15 هەزار و 200 کاندیدی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان پەسەند کردووە، زیاتر لە 30 هەزار کاندیدی دیکەشی بۆ ئەو هەڵبژاردنە دوورخستەوە، کە لەنێویاندا کەسانی وەک حەسەن رۆحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێرانی تێدایە، کە کەسایەتییەکی میانڕەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی فرانس پرێس، پێشبینی دەکرێت لەم هەڵبژاردنانەدا بەشێوەی بەرچاو پاشەکشەی ریفۆرمخوازان و میانڕەوەکان بەدیبکرێت، لە بەرامبەریشدا توندڕەوان و موحافیزکاران، کە لە ساڵی 2021 و دوای هەڵبژاردنی ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆککۆمار هەموو دەسەڵاتەکانیان بەدەستەوەیە، براوەی هەڵبژاردنەکان بن.
ئەمە جگە لەوەی ئەگەرێکیش هەیە لە ماوەی هەشت ساڵی داهاتوودا، براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایان، لە ئەگەری گیانلەدەستدانی، جێگرەوەیەک بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی دیاریبکەن، بەوپێیەی رێبەرەکە دوو مانگی دیکە تەمەنی دەبێتە 85 ساڵ.