زووم:
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بەکرێدانی خانوویەکی رژێمی پێشوو لەلایەن لەتیف رەشیدەوە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، سەرۆککۆمار خانووەکەی لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە زیاتر لە پێنج ملیار و نیو کڕیوە.
فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆمار لە روونکردنەوەیەدا دەڵێت، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە ساڵی 2011 ئەو خانووەی لە زیادکردنێکی ئاشکرای وەزارەتی دارایی بە بڕی پێنج ملیار و 564 ملیۆن دینار کڕیوە، تەنها %25ـی پارەکەی داوە و سێ بەشەکەی دیکە ساڵانە بە شێوەی قیست دەیداتەوە.
بەگوێرەی روونکردنەوەکە، هۆکاری بەکرێدانی ئەو خانووە بە باڵیۆزخانەی کوەیت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لەو کاتەدا شوێنەکەی لە رووی ئەمنییەوە ئارامتر بووە، پڕۆسەی کڕین و بەکرێدانەکەش پێش وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار بووە.