رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
میسر نیگەرانییەکانی لەبارەی دۆخى دەریای سوور گەیاندە ئێران
سامح شوکری وەزیری دەرەوەی میسر چاوی بە حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیانی وەزیری دەرەوەی ئێران کەوت و پێى گوتووە، میسر زۆر نیگەرانە لەوەی دۆخى سەربازیی دەریای سوور شڵۆقتر بووە.
دیداری نێوانی ئەم دوو وەزیرە لەمیانی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤدا بوو لە جنێڤی سویسرا. هەردووکیان لەبارەی پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات قسەیان کردووە. شوکری بە وەزیرە ئێرانییەکەی گوتووە، ئەم رەوشە سەربازییە شلۆقە کاریگەریی لەسەر هەموو گەلانی ناوچەکە دەبێت.
سەباح
پسپۆڕانى بواری ئاسایش داواى توندکردنى سزاى هەڵگرتنى چەک دەکەن
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، ستراتیژێکی داناوە بۆئەوەی چەکی بێ مۆڵەت لەڕێگەی کڕینییەوە لە هاوڵاتیان کۆبکرێتەوە. ئەم پلانەشیان تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ درێژەی دەبێت. پاش کۆتاییهاتنى ئەو وادەیە لەڕێگەی یاساوە مامەڵە لەگەڵ ئەو چەکانەدا دەکرێت، کە لە بازاڕی رەشدا بەردەستن. چاودێران دەڵێن ئەو بەرنامەیەی حکومەت، کە خۆی چەکەکان دەکڕێتەوە وایکردووە نرخی چەک لە بازاڕدا گران ببێت، بۆیە داوا دەکەن ئەم کێشەیە لەڕێگەی توندکردنەوەی سزای چەکی بێمۆڵەت و مامەڵەپێکردنیەوە چارەسەربکرێت.
عەرەب
سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن ئاستی جدیبوونی ئیدارەی بایدن لە پاراستنی کورد تاقیدەکاتەوە
ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیرانى هەرێمی کوردستان بۆ واشنتن نوقڵانەی گرنگیدانەوەی ئەمریکای بە هەرێم تێدایە. دەریدەخات، کە هەرێم ناوەندێکی بنچینەیی دەسەڵات و نفوزی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. ئەم سەردانە وەک تاقیکردنەوەیەکیش وایە بۆ ئاستی جدیبوونی ئیدارەی جۆ بایدن لەوەی پاڵپشتیکردنی هەرێمەکە لە گوتارەوە بباتە درەوە بۆ کایەی کرداری و ئەم هەرێمە لە فشارەکانی ئێران و هاوکارە عێراقییەکانی بپارێزێت.
زەمان
بایدن دەڵێت، ئیسرائیل لە مانگی رەمەزاندا هێرشەکانی رادەگرێت
رۆژی سێشەممە جارێکی دیکە ئومێدی گەیشتن بە ئاگربەستێک لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا بوژایەوە. ئەگەرى هەیە ئیسرائیل لە هەفتەی داهاتووەوە پەلامارەکانی رابگرێت و لە مانگی رەمەزانیشدا هیچ هێرشێک نەکات. ئەم شەڕ راگرتنە بەشێک دەبێت لە پلانێکی ئاگربەست کە ئێستا کاری لەسەر دەکرێت.
رۆژنامەکە دەنووسێت، پێنج مانگە شەڕ لەو ناوچە گەرمەی دنیا دەستیپێکردووە و ئێستا تازە بایدن دەڵێت، شەڕەکە رادەوەستێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
بەریتانیا ویستی ماکرۆن بۆ ناردنی سەرباز بۆ ئۆکراین رەتدەکاتەوە
بەریتانیا پلانێکی فەرەنسای رەتکردەوە کە تایبەت بوو بە رەوانەکردنی سەربازانی ناتۆ بۆ ئۆکراین، هۆشداریشیدا لەوەی ئەم رێگەیە دەبێت بە ئاڵۆزکردنی شەڕەکە بەشێوەیەکی بەرفراوان. ئەمەش دوای ئەوە دێت، ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دوێنێ سێشەممە پێشنیازی کرد وڵاتانی ناتۆ بیر لە ناردنی سەربازەکانیان بکەنەوە بۆ ئۆکراین. داواشیکرد وڵاتانی رۆژئاوا ئەوەی لەدەستیان بێت بیکەن بۆ ئەوەی روسیا شەڕەکە نەباتەوە.
گاردیەن
قوربانییەکى دەستدرێژیى سێکسى بانگەشەی ئەوە دەکات پارتى پارێزگارانى بەریتانیا ناوبانگی پارتەکەیان دەخەنە پێش لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەى
قوربانییەکی دەستدرێژی سێکسیی لە بەریتانیا بانگەشەی ئەوە دەکات لەلایەن پەرلەمانتارێکى پارتی پارێزگارانەوە کە بە “تۆرییەکان” ناسراون، دەستدرێژی کراوەتەسەر، بەڵام بۆ ئەوەی نێوبانگی پارتەکەیان نەزڕێت، تائێستا بەدەم کەیسەکەیەوە نەچوون. دۆخی دەروونی ژنەکە هێندە تێکچووە پارتەکە بڕی 15 هەزار پاوەنی پێداوە بۆ ئەوەی سەردانی نەخۆشخانە بکات و چارەسەری پێویست وەربگرێت تا لەو دۆخە دەروونییە رزگاری بێت. بەڵام دەڵێت بەرپرسانی پارتەکە تا ئێستا شکستیان هێناوە لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەیدا بکەن.
واشنتن پۆست
رێککەوتنێک لەنێوان ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا بەدەی دەکرێت بۆ رێگریی لە پەککەوتنی حکومەت
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی کۆنگرێس خەریکە لە رێککەوتنێک نزیکدەبنەوە بۆ ئەوەی حکومەت لە پەککەوتن بەهۆی نەمانی بودجەوە، بپارێزن. بەڵام ئەندامانی کۆنگرێس پێناچێت لەبارەی ناردنی هاوکاریی زیاتر بۆ ئۆکراین بگەنە رێککەوتن، لەکاتێکدا تا دێت ئۆکراین چەک و تەقەمەنی کەمدەبێتەوە. بەڵام سەرەڕای کۆبوونەوەی چڕی بەرپرسانی ئەمریکا لەسەر ئەو پرسە، تا ئێستا هیچ بەرەوپێچوونێک رووینەداوە.
ئۆرشەلیم پۆست
رەمەزان رەنگە ببێتە بیانوویەک بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی دیکەی هاوشێوەی 7ـی ئۆکتۆبەر
یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هۆشدارییدا رەنگە ئێران، حزبوڵڵا و حەماس هەوڵبدەن مانگى رەمەزان بەکاربهێنن و ئاگر بەربدەنە ناوچەکە بۆ ئەوەی کارەساتێکی هاوشێوەی 7ی ئۆکتۆبەر بەسەر ئیسرائیلدا بهێنن. بەگوێرەی گاڵانت، ئەو لایەنانە دەیانەوێت فەلەستینییەکان لە کەرتی رۆژئاوا، حزبوڵڵا، عەرەب و موسوڵمانەکان بوروژێنن لە ناوچەکەدا بۆ ئەوەی مزگەوتی ئەقسا وەک بیانوویەک بەکاربهێنن و هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
لە ماوەى 24 کاتژمێردا هەشت ژن کوژراون
لە ماوەى 24 کاتژمێردا لە هەشت پارێزگاى تورکیا و باکوورى کوردستان، هەشت ژن کوژراون و ژنێکى دیکەش بە سەختى بریندار بووە. ئەو پارێزگایانەش بریتین لە: ئەدەنە، بورسە، ئیستەنبوڵ، سەمسوور، دەنیزلى، ئیزمیر، سەکاریا، و ئەرزەرۆم. تەواوى بکوژەکان هاوسەری پێشووى ژنە کوژراوەکان بوون. هەندێک لەو ژنانەش لە قۆناغى جیابونەوەدا بوون لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون.
تورکیا
پڕۆژەى شەمەندەفەرى خێراى مێزۆپۆتامیا دەکەوێتەگەڕ
وا بڕیارە لە 17ـى نیساندا پڕۆژەى شەمەندەفەرى خێرا بەناوى (شەمەندەفەرى خێراى مێزۆپۆتامیا) بکەوێتەگەڕ، هێڵى شەمەندەفەرەکە لە ئەنقەرەوە دەستپێدەکات بەرە و ئامەد و لە شارۆچکەى تاتوانى باکوورى کوردستان کۆتایی دێت.
ئامانج لە پڕۆژەى شەمەندەفەرى خێراى مێزۆپۆتامیا زیادکردنى رێژەى گەشتیاریی ناوخۆیی و دەرەکییە بۆ تورکیا و بۆ پارێزگاکانى باکوورى کوردستان.
میللیەت
جەهەپە: تاکە بژاردە رێککەوتنى هاوپەیمانى تورکیاییە
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکى گشتى جەهەپە لە کۆبوونەوەى فراکسیۆنى پارتەکەیدا رایگەیاند، بۆ ئەوەى لە هەڵبژاردنى 31ـى ئازار بەسەر هاوپەیمانى کۆمارییدا سەربکەون، تاکە بژاردە رێککەوتنى هاوپەیمانى تورکیاییە. ئێمە لەگەڵ هەر لایەنێک رێککەوتن دەکەین لە چوارچێوەى میساقى میللى تورکیاى خۆشبوێت.
یەنى بیرلیک
مەرال ئاکشەنەر: جەهەپە سوپاسی دەم پارتى دەکات و جنێو بە ئیی پارتى دەدات
مەرال ئاکشەنەر سەرۆکى گشتى ئیی پارتى رایگەیاند، ئێمە پارتى سیاسییمان بۆ جەهەپە دانەمەزراندووە، بۆ میللەتەکان سیاسەت دەکەین، چاوەڕێى ئەوە ناکەین جەهەپە پشتیوانى لە ئێمە بکات، ئەوان سوپاسی دەم پارتى دەکەن و جنێو بە ئێمە دەدەن.
رۆژنامە فارسییەکان
روزگار
تەنها لە تاران 281 پێشێلکاری بانگەشەی هەڵبژاردن هەبووە
ئەسەدوڵڵا تەقی زادە بەرپرسی پشکنینی هەڵبژاردنەکانى ئێران ئاشکرایکرد، تائێستا 281 پێشێلکاری هەڵبژاردن تەنها لە پارێزگای تاران تۆمارکراون، زۆربەی پێشێلکارییەکان لە ناوچەکانی وەک ئیسلامشار، بەهارستان و پەردیس روویانداوە.
ناوبراو بەشداری هاوڵاتیان لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکاندا بە گرنگ دەزانێت و داوا لە هاوڵاتیان دەکات هەر پێشێلکارییەکی هەڵبژاردن لەلایەن کاندیدەکانەوە ئەنجامدرا بەرپرسانی هەڵبژاردن ئاگاداربکەنەوە.
ئیعتداڵ
پێشبینی 7 ملیۆن گەشتیاری ناوخۆیی لە نەورۆزدا دەکرێت
داریوش باقر جەوان، بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە و رێگاوبانى ئێران، رایگەیاند، بۆ نەورۆزى ئەمساڵ زیاتر لە 11,000 پاس ئامادەکراون، کە نزیکەی 7,500 لەمانە دەتوانن سەرنشینەکان لە مەودای مامناوەند و دووردا بگوازنەوە، و ئەوانی دیکەش دەتوانن بۆ مەودای کورت و ناو پارێزگاکان و شارەکانی نزیک گەشتیار بگوازنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، هیچ کێشەیەکى تایبەت لە نەورۆزدا نییە، گەشتەکان بە گوێرەی پلان و پێشبینییەکان بەڕێوەدەچن، بۆ خولی یەکەمی گەشتەکان، رۆیشتنی سەرنشینانی شارە گەورەکان بەتایبەتی تاران و شارە گەورەکانى دیکە لە پێشینەی کارەکانیان دانراون و پێشبینی ئەوە دەکەن لە ماوەى دوو هەفتەى نەورۆزدا زیاتر لە 7 ملیۆن کەس گەشتی ناوخۆیی بکەن.
ئەفکار
چارەسەرکردنی پیسبوونی هەوا گرنگترین داواکاری خەڵکی تارانە
سامیە رەفیعی سەرۆکی لیژنەى ژینگەپارێزی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی هەوا گرنگترین داواکاری هاوڵاتیانی پایتەختە و هاوپەیمانی ئێمە دەتوانێت کێشەکانی ئەم بوارە چارەسەر بکات.
رەفیعی گوتیشى، کێشەی پیسبوونی هەوا لە تاران پرسێکی بەرفراوانە و چارەسەرەکەی پێویستی بە هاوکاریی چەندین بەشی جیاواز هەیە.
ئەو نوێنەرەى خەڵکى تاران جەختی کردەوە سەرەڕای ئەو رێوشوێنانەی لە بواری پیسبوونی هەوادا گیراونەتەبەر، هێشتا تاران لە بەردەم ئەم کێشەیەدایە و پێویستە هەنگاوی کاریگەر بگیرێتەبەر.
جەهانی سەنعەت
ساردترین شەوی ساڵ لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئێران تۆمارکرا
شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت، شەوی رابردوو (شەوى سێشەمە) ساردترین شەوی ساڵ بووە لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئێران.
محەممەد ئەسغەری، سەبارەت بە دۆخی کەشوهەوای ئێران گوتی، دابەزینی پلەی گەرما و بەفربارین و بارانبارین بەردەوامە.
شەوی سێشەممە لە هەندێک شاردا 11 پلە ساردتر بووە لە شەوی پێشووتری و ئەگەری لافاوی وەرزی لە رووبارەکان هەیە. ئەسغەری پێشبینى کردووە لە بەرزاییەکانی تاران، گیلان و مازەندەران بەفربارین بەردەوامى هەبێت.