زووم:
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مۆنتی کارلۆ، قسەی لە بارەی رووداوو و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە کرد.
مەسعود بارزانی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ناکۆکی حزبەکەی لەگەڵ یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، دەڵێت، ناکۆکییان لەبارەی پرس و ئامانجە ستراتیژییەکانەوە هەیە.
بەڵام کاتێک رۆژنامەنووسەکەی مۆنتی کارلۆ لێی دەپرسێت، مەبەستی لە ئامانجی ستراتیژی چییە، بارزانی دەڵێت، ناکرێت هەماهەهەنگی و هاوپەیمانی لەگەڵ کەسانێک ببەسترێت، کە هەوڵی هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدەن.
لەگەڵ ئەوەشدا بارزانی دووپاتیدەکاتەوە، هەوڵی بەردەوام دەدەن ئەو ناکۆکییانە وەلابنێن و یەکڕیزیی بۆ نێوماڵی کورد بگەڕێننەوە.
بارزانی بۆچوونی لەبارەی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی دەربڕی، گوتی، دادگای فیدراڵی سنوورە دەستوورییەکانی خۆی بەزاندووە و ناحەقی دژی هەرێمی کوردستان کردووە.
سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ بەغداد دەڵێت، بەشداریکردنیان لە حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای رێککەوتنێک بووە، بەڵام هەندێک لایەن هەیە فشار لەسەر کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی دەکەن، بۆئەوەی رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکات.
موشەکبارانی هەولێر لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە یەکێکی تر بوو لەو بابەتانەی مەسعود بارزانی بۆچوونی لەبارەوە دەربڕیوە و گوتویەتی، ئێران شکستیهێنا لە وەڵامدانەوەی بەهێزەکان، بۆیە هێرشکردنە سەر هەولێری وەک بیانوویەک بەکارهێنا بۆ ئەو شکستە.
هەروەها نیگەرانیی خۆی لە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دەربڕیوە و ترسی دووبارەبوونەوەی سیناریۆکەی داعشی نیشانداوە.
لە کۆتاییشدا بارزانی زەنگی مەترسی بۆ داهاتووی عێراق لێدا، ئەگەر دووبارە عێراقییەکان بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی نەکەنە پێوەر و لە تاکڕەوی دوورنەکەونەوە، نەیشاردەوە، ئەزموونی دیموکراسیی عێراق هەڕەشەی ناوخۆیی و دەرەکیی لەسەرە.