زووم:
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی چەند ساڵی رابردووی ئێران، کاریگەرییان لەسەر رای ئێرانییەکان لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن هەبووە.
خۆپیشاندانەکانی “ژن، ژیان، ئازادی”، یەکێکە لەو رووداوانەی روانینی خەڵکی لەبارەی هەڵبژاردنەوە گۆڕیوە.
خوێندنەوەی ئێستای خەڵک بۆ هەڵبژاردن ئەوەیە، پرۆسەی شەرعیەتدانەوەیە بە حکومەتێک، هیچ وەڵامدانەوەیەکی بۆ داواکارییەکانی ئێرانییەکان نەبووە.
رەنگە، لە مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران، هیچ کاتێک وەکو ئێستا لەڕێگەی تانە لە هەڵبژاردنەوە، شەرعیەتی حکومەتی وڵاتەکە نەکرابێتە ئامانج.
ئەم تێڕوانینە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستانیش راستە.
ناوچە کوردنشینەکان نزیکەی 30 نوێنەر دەنێرن بۆ پەرلەمانی ئێران، واتە نزیکەی %10ی ئەندامانی پەرلەمانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوەیە، پارێزگای کرماشان 8 کورسی، پارێزگای سنە 6 کورسی، ئیلام 3 کورسی، ورمێ 12 کورسی و خوراسانی باکوور 4 کورسییان لە پەرلەمانەکە هەیە.
هەروەها لە ئەنجومەنی شارەزایاندا ژمارەی نوێنەرانی کورد لە پێنج پارێزگای کوردستان 9 کەسە و 10%ی کورسییەکانی ئەو ئەنجومەنە بۆ پارێزگا کوردییەکان تەرخان کراوە.
ئەو نوێنەرایەتیکردنە وایکردووە دەوڵەتی ئێران بڵێت، خەڵک چارەنووسی خۆیان دیاریدەکەن، بەڵام رای گشتی بیرکردنەوەیەکی جیاوازی لەوبارەیەوە بۆ دروستبووە و زیاتر ئاماژەیە بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی “ئێران وایەر”، کە تایبەتە بە هەواڵ و شیکاریی رۆژنامەنووسانی دەرەوەی ئێران، تەنانەت بەشێک لە خەڵک دەنگدان لە هەڵبژاردنەکان بە “خیانەت” وەسفدەکەن، پێیان وایە لە سێ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی سەرتاسەریی ساڵانی رابردوودا، حکومەت توندوتیژیی بەرامبەر رەخنەگران و خۆپیشاندەران ئەنجامداوە و هیچ بایەخ و وەڵامدانەوەیەکی بۆ داواکارییەکانی خەڵک نەبووە، بۆیە ماڵپەڕەکە بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردن بە “شتنەوەی دەستی خوێناویی حکومەت” ناودەبات.
هەستکردن بە ئەگەری فراوانبوونی بایکۆتی هەڵبژاردن، وای لە دەستەی کارگێڕیی هەڵبژاردنەکان و پارێزگارەکانی پارێزگا کوردییەکان کردووە، بانگهێشتی خەڵک دەکەن بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن.
لە بەرامبەردا بەشێک لە پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان داوای بایکۆتی هەڵبژاردن لە کوردانی رۆژهەڵات دەکەن، لە نموونەی حزبی دیموکراتی کوردستان و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان – پژاک.