زووم:
دادگای فیدراڵی بڕیاریدا دانیشتنی تایبەت بە سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی دوابخات بۆ مانگی نیسانی داهاتوو.
ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی لەبارەی سکاڵایەکی وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی/ یەکێتی و چەند سکاڵایەکی دیکە دانیشتنی هەبوو، بڕیاریدا سکاڵاکەی وەهاب هەڵەبجەیی بۆ 7ی نیسان دوابخات.
سکاڵاکەی ناوبراو دژی رێواز فایەق سەرۆکی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە لەسەر کارپێکردنی یاسای ژمارەی 3ـی ساڵی 2006ـی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، داوا دەکات دادگای فیدراڵی کارپێکردن بە یاساکە بە نادەستووری بزانێت.
وەهاب هەڵەبجەیی داواشیکردووە، دادگای فیدراڵی ئەو بڕیارانەی لە دادگای هەولێر لە دژی دەرچوون تایبەت بە کوشتنی هاوکار جاف، بە نایاسایی دابنێت.
لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو، لەسەر دۆسیەی کوژرانی هاوکار جاف، دادگای هەولێر سزای لەسێدارەدانی بۆ وەهاب هەڵەبجەیی و پێنج کەسی دیکە دەرکرد.