ئەمڕۆ، سێشەممە لوتکەی جى 20 لە دورگەی بالی وڵاتی ئیندۆنیزیا بەڕێوەدەچێت و سەرکردەی 20 وڵاتی جیهان پێکەوە لە لوتکە دوو رۆژییەکەدا بەشداردەبن بۆ گفتوگۆکرد لەبارەی پرس و قەیرانە ئابوری و سیاسییەکان، کە بەرۆکی جیهانیان گرتووە، لە کاتێکدا شەڕی نێوان روسیا و ئۆکراینا بەردەوامە.
گرنگترین تەوەرو رووداوە گرنگەکانی لوتکەکە ئەم بابەتانەی خوارەوە دەگرێتەوە.
کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا و چین
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی دووشەممە لەگەڵ هاوتا چینیەکەی شی جینپینگ لە لوتکەی G20 گفتوگۆیەکی هێمنیان کردووە لەسەر کۆمەڵێک پرس، لەوانەش تایوان و کۆریای باکور. ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی راستەوخۆی نێوان سەرۆکی ئەو دوو وڵاتە بوو لە دوای ئەوەی بایدن بووە بە سەرۆکی ئەمریکا.
میدیاکانی چین بڵاویان کردەوە، شی لە راگەیەندراوێکدا دوای کۆبوونەوەکە، تایوانی بە “یەکەم هێڵی سوور” ناوبردووە، کە نابێت لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چیندا باسی بکرێت. بەڵام بایدن پێی راگەیاندووە، کە سیاسەتی ئەمریکا سەبارەت بە تایوان نەگۆڕاوە پشتیوانی سەربەخۆیی ئەو وڵاتە دەکات، کە چین بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت.
دوابەدوای کۆبوونەوەکەیان، بایدن رایگەیاند، کە بە شی گوتووە، دەبێت پەکین هەوڵبدات لەگەڵ کۆریای باکور قسە بکات سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکان، کە لەمساڵدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە.
بایدن ئاماژەی بەوەشدا، هەردوولا میکانیزمێکیان داناوە بۆ گفتوگۆ و دانوستانی زیاتر. هەروەها ئەوەشی راگەیاندووە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ بەدواداچوون بۆ گفتوگۆکان لە گەڵ چین سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
دوای کۆبوونەوەکە کۆشکی سپی رایگەیاند، هەردوو سەرکردە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی رێگە بە بەرپرسانی باڵا بدەن پەیوەندییەکان نوێ بکەنەوە سەبارەت بە کەشوهەوا، کەمکردنەوەی قەرزەکان و کۆمەڵێک پرسی دیکە، ئەمەش پاڵنەرێکە بۆ ئەنجامدانی دانوستانی زیاتر لە پەراوێزی لوتکەی کەشوهەوای COP27 لە میسر.
روسیا و ئۆکراینا
باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە ئیندۆنیزیا رایگەیاند، ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە رێگەی ڤیدیۆلینکەوە گوتارێکی “ورد”ی لە لوتکەکەدا پێشکەشکردووە.
زێلێنسکی بۆ سەرکردەکانی جیهان کە لە بالی کۆبوونەتەوە، کۆمەڵێک مەرجی خستووەتەڕوو، کە پێویستن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا.
ئەو، کە لە ئۆکرانیاوە بەشێوەی ئۆنلاین گوتارەکەی پێشکەشکرد و گوتی “روسیا دەبێت یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا دووپات بکاتەوە و هێزەکانی لە خاکی ئۆکراینا بکشێنێتەوە و قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە، کە وڵاتەکەی تووشی بووە”.
زێلێنسکی داوای کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی کردووە بۆ “چەسپاندنی باری ئەمنی دوای جەنگ” و رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی “دەستدرێژی هاوشێوەی روسیا”.
ئاماژەی بەوەشداوە، کاتێک هەموو رێوشوێنەکانی دژی شەڕ جێبەجێ دەکرێن، پێویستە بەڵگەنامەیەک، کە کۆتاییهاتنی شەڕەکە پشتڕاست بکاتەوە لەلایەن لایەنەکانەوە واژۆ بکرێت”.
سەرەڕای ئەوەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی روسیا لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە نەبوو، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا لە کۆبوونەوەکەی ئیندۆنیزیا ئامادەبوو و گوێبیستی قسەکانی زێلێنسکی بووە.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایگەیاند، وڵاکەی پێشبینی دەکات لوتکەی جى 20 لە کۆتایی کۆبوونەوەی سەرکردەکان داگیرکاریی روسیا لە ئۆکراینا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابوری جیهانی ئیدانە بکات.
لوتکەی جى 20,داگیرکاریی روسیا لە ئۆکراینا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابوری جیهانی ئیدانە دەکات
هەڵوێست و پلانی سەرکردەکان
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پشتگیری خۆی بۆ ئۆکراینا دووپاتکردەوە.
چارڵز میشێل، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا رایگەیاند، ئەوروپا ئامادەیە لەگەڵ چین پەیوەندی ببستێت، بەڵام پەیوەندییەکە پێویستی بە “هاوسەنگی” هەیە بۆ ئەوەی ئەوروپا زۆر پشت بەو وڵاتە نەبەستێت بۆ بوارەکانی وەک تەکنەلۆژیای داهێنەرانە.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنتۆنی ئەلبانیز، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا و یۆن سوک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشور کۆبوونەوەی دوو قۆڵی لەگەڵ شی جینپینگی سەرۆکی چین ئەنجام بدەن.
محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە رۆژی دووشەممە بەمەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەکەدا سعودیەى بەجێهێشت و پلانی هەیە سەردانی دەوڵەتانی دیکەی ئاسیا بکات، بەڵام میدیای فەرمی ئەو وڵاتە راینەگەیاندووە بۆ کام وڵات گەشت دەکات.
بەگوێرەی بەیاننامەیەک، کە لە لاپەڕەى تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردووەتەوە، هون سێن، سەرۆکوەزیرانی کەمبۆدیا، دوای ئەوەی تووشی کۆرۆنا بووە، بەشداریکردنى لە لوتکەکە هەڵوەشاندەوە.
دوور لە بابەتی سیاسەت، لە لوتکەکەدا سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی جیهانی فیفا داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد، هەوڵبدەن لەو مانگەی یارییەکانی جامی جیهانی بەڕێوەدەچێت جەنگ لە ئۆکراینا رابگیرێت.
لەو مانگەی یارییەکانی جامی جیهانی بەڕێوەدەچێت با جەنگ لە ئۆکراینا رابگیرێت