زووم..
ئەمڕۆ بۆ خەڵکى غەزە و هەم بۆ کەسوکارى بارمتەکانى لای حەماسیش رۆژێکى هیوابەخشە، گوتە و ئاماژەکان بە ئاراستەى راگرتنى ئەو جەنگەن، کە پێنج مانگە خوێنى لێدەچۆڕێ و ژمارەى کوژراوانى غەزە نزیکبووەتەوە لە 30 هەزار کەس.
هیواخوازە دووشەممەی داهاتوو ئاگربەستەکە رابگەیەندرێت
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەوکاتەى ئایسکرێمى دەخوارد پرسیارى لەبارەى بەرەوپێشچوونەکانى دانوستانەکانى پەیوەست بە جەنگى ئیسرائیل و حەماس لێکرا، لە وەڵامدا گوتى، “هیواخوازە دووشەممەی داهاتوو ئاگربەستەکە رابگەیەندرێت”.
کاتژمێرێک دواى ئەم گوتانەى بایدن، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی ئاگادار لە دانووستانەکان بڵاویکردەوە، حەماس پێشنیازنامەکەی پاریسی بەدەستگەیشتووە و تاوتوێی دەکات، ئەمەش دوای گفتوگۆی چڕی نێوان بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، ئسیرائیل، قەتەر و میسر دێت، کە هەفتەی رابردوو لە پاریس کۆبوونەوە.
بەگوێرەی راپۆرتێکى رۆیتەرز، لە رێککەوتنەکەدا هاتووە بۆماوەی 40 رۆژ ئاگربەست رابگەیەندرێت و سەرجەم ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل بوەستێنرێت. هاوکات ئاڵوگۆڕی بارمتەکانی ئیسرائیل و زیندانییەکانی فەلەستین بەشێوەیەکە کە بۆ ئازادکردنی هەر بارمتەیەکی ئیسرائیل، 10 زیندانیکراوی فەلەستینی ئازادبکرێن.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە نەخۆشخانە و نانەواخانەکان نۆژەندەکرێنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ هەر رۆژێک رێگە بە چوونە ناوەوەی 500 بەرهەڵگریی هاوکارییەکان دەدرێت بۆ ناو غەزە. هاوکات هەزاران خێمەش بۆ ئاوارەکانی فەلەستین دابیندەکرێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆیتەرز، حەماس لەسەرەتادا 40 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکات، کە لەنێویاندا ژن، منداڵانی خوار 19 ساڵیی، نەخۆش و کەسانی سەرووی 50 ساڵ هەن. لەبەرامبەردا ئیسرائیل 400 زیندانیکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات و بەڵێنیش دەدات دووبارە دەستگیریان نەکاتەوە.
پێدەچێت ئەم گفتوگۆیانە لەبارەی ئاگربەست لە غەزە، جددیترین هەوڵ بن لە چەند هەفتەی رابردوودا بۆ وەستانی شەڕ لە غەزە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلی و بیانییەکان لەلایەن حەماسەوە.
لەبارەی هێرشی زەمینی سوپای ئیسرائیلیشەوە، جۆ بایدن رایگەیاند ئیسرائیل رازیبووە بەوەی هێرشە سەربازییەکانی لە مانگی رەمەزاندا بوەستێنێت، کە پێشبینی دەکات لە 10ی مانگی داهاتوودا دەستپێبکات. بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە ئیسرائیل پابەند دەبێت بەوەی رێگە بە دانیشتووانی رەفەح بدات تاوەکو بەتەواویی ناوچەکە چۆڵ بکەن پێش ئەوەی هێرشەکانی بۆسەری چڕبکاتەوە.