ئەمڕۆ سێشەمە 15ی تشرینی دووەمی2022 لە بالی ئیندۆنیزیا، لوتکەی وڵاتانی جى 20 بە بەشداری سەرۆکى 17 وڵات دەستی بەکارەکانی کرد.
لە پەنای باسکردنی قەیرانی جەنگی ئۆکراینا و روسیا، قەیرانی خۆراک و وزە بابەتێکی گرنگی لوتکە دەبێت.
سەرەتای کۆبوونەوە، بە گوتاری جۆکۆ ویدۆدۆ، سەرۆکی ئیندۆنیزیا، دەستیپێکرد و رایگەیاد “شانازیە وڵاتەکەم ئەم لوتکەیە لەخۆدەگرێت، دەزانم هەمووان هەوڵی زۆرمان داوە تاوەکو توانیومانە پێکەوە لەم هۆڵە کۆببینەوە”.
ئەو جەختی کردەوە دەبێت جیهان خۆی لە جەنگی سارد بەدوور بگرێت. لەگەڵ ئاماژەکردن بە جەنگی 9 مانگەی ئۆکرانیا و روسیا، داوایکرد رێگەنەدرێت جیهان جەنگێکی دیکەی جیهانی بە خۆیەوە ببینێت و جیهان بۆ یەکەی سەربازی دابەش ببێت.
دەبێت جیهان خۆی لە جەنگی سارد بە دوور بگرێت
دواتر ڤلۆدیمێر زیلسنکی، سەرۆکی ئۆکراینا گوتارێکی لەرێگەى ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە پێشکەشکرد، داوای راگرتنی دەستبەجێ جەنگی روسیای کرد بۆ سەر وڵاتەکەی، داوای لە سەرکردەکانى نێو هۆڵى کۆبوونەوەکە کرد فشار بخەنە سەر روسیا بۆ کشانەوە لە تەواوی خاکی ئۆکراینا.
زێلسنکی پێشنیازی گۆڕینەوەی سەرجەم دیلەکانی نێوان وڵاتەکەی و روسیای کرد. روبەڕوبوونەوەی ئەتۆمی بە تەواوی رەتکردەوە، لەبارەی رێکەوتنی هەناردەى دانەوێڵەش داوای بەردەوامی و درێژکردنەوەی کرد.
زێلسنکی پێشنیازی گۆڕینەوەی سەرجەم دیلەکانی نێوان وڵاتەکەی و روسیای کرد.
شی جینبینگ، سەرۆکی چین چووە سەر ستەیج و گوتارێکی پێشکەشکرد، گوتى، ناکۆکی نێوان گروپ و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان، ئەنجامەکەى دەبێتە وەستاندنی پێشکەوتنەکانى جیهان.
سەرۆکی چین راشیگەیاند، ئابوری جیهان روبەڕوى پاشەکشە بووەتەوە، سەرەتاش وڵاتە تازەپێگەیشتووەکانیش زەرەمەندی یەکەمى ئەم پاشەکشەیە دەبن.
ئەو گوتی، جیهان دەبێت روبەڕوی بە سیاسیکردنی خۆراک و وزە ببێتەوە، نابێت خۆراک و وزە وەک چەک بەکاربهێنرێن
نابێت خۆراک و وزە وەک چەک بەکاربهێنرێن
ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی بەشێک لە راگەیەندراوى لوتکەکەی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت “نابێت ئەم سەردەمە، ببێتە سەردەمی جەنگ” بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و هەڕەشەکردن پێی رێگەپێنەدراوە.