زووم:
لە گەرمەی جەنگی ئیسرائیل و حەماس لە پارێزگاى رەفەح لە کەرتى غەزە، منداڵان بە جۆشوخرۆشەوە ئامادەی چالاکی کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخشن.
ژمارەیەک لاوی خۆبەخش لە کچ و کوڕ لە رەفەح منداڵە ئاوارەکانیان کۆکردووەتەوە و هەوڵ بۆ دڵخۆشکردنیان دەدەن.
گۆرانیگوتن و وێنەکێشان لەسەر روخساری منداڵەکان بەشێکن لە چالاکییەکانی ئەو خۆبەخشانە.
لە کاتێکدا دەنگی بۆردومان لە گوێی منداڵەکاندا دەزرنگێتەوە و رووناکیی تۆپباران چاوانیان پڕدەکات، ئەمە هیوایەکە بۆ گەڕاندنەوەی خەندە بۆ سەر لێوەکانیان و لەبیرکردنی ئەو هەموو کارەساتەی رۆژانە دەیبینن، ئەگەر بۆ چەند ساتێکی کەمیش بێت.
منداڵەکان بە دڵخۆشییەوە یاری دەکەن و چەپڵە لێدەدەن و بێوچان گۆرانی دەڵێن، هەمووان بەجۆرێک دڵخۆشن، وەک ئەوەی هەرگیز لە ژینگەی شەڕدا نەبووبن.
یەکێک لە گەنجەکان دەڵێت: نزیکەی 30 کەس دەبین لە رەفەح، زۆربەمان ئاوارەین، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵمان داوە لەم بارودۆخەی ئێستا هەیە، خەندە بهێنینە سەر رووخساری منداڵان.
ئەو دەشڵێت: هەوڵمانداوە لە ئازاری ئەم منداڵانە کەمبکەینەوە، لەم کات و بارودۆخەی هیچ ئامرازێکیان بۆ یاریکردن دەستناکەوێت و هیچیان نییە تا لەژێر ئەم بۆردومان و هێرشانە ئاسودەیی بە دەروونیان ببەخشێت.
دیمەنەکان پێماندەڵێن هێشتا هیوا هەیە، هێشتا ژیان هەیە، منداڵانی فەڵەستینی بە چاوی پرشنگدارەوە پڕ لە وزە و چالاکین و بە هیوان رۆژێک جەنگ کۆتایی بێت.