زووم..
سەرکردەی بزووتنەوەی نوجەبای عێراقی پێیوایە ئەمریکا نیازی کشانەوەی لە عێراق نییە، بۆیە راگرتنی هێرشەکان بۆسەر بنکەکانی ئەمریکا تاکتیک ناودەبات.
ئەکرەم کەعبی، سەرکردەی بزووتنەوەی نوجەبای عێراقی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، دەڵێت، هێمنییەکەی ئێستا تەنها تاکتیکێکی کاتیی مقاوەمەیە بۆ دووبارە خۆڕێکخستنەوە و بڵاوبوونەوە، مەیدانی مقاوەمەش بە یەک مەیدان ناودەبات، دووپاتیدەکاتەوە، بەشێکی سەرەکیی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیلن بۆسەر غەزە و بەردەوام دەبن لە بەئامانجگرتنی پێگەکانی ئیسرائیل.
سەرکردەکەی نوجەبا راشیگەیاندووە، مقاوەمەی ئیسلامی گفتوگۆکانی حکومەتی عێراق رەتناکاتەوە لەبارەی خشتەی کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام گومانی لە کشانەویە ئەمریکا هەیە و دەڵێت، “ئەوەی پێیوابێت ئەمریکا ملدەدات و لە عێراق دەکشێتەوە، لەخەیاڵدایە”، بۆیە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا بە “جەنگێکی کراوە” ناودەبات.
نەشیشاردەوە، لەناوخۆی عێراقەوە زانیاری لەبارەی مقاوەمە و پێگەکانی دراوە بە ئەمریکا، وەک ئاماژەیەک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر بنکەکانی حەشدی شەعبی.