زووم:
رەئسولحیکمە، یەکێکە لە گەورەترین پرۆژە گەشتیارییەکانی جیهان، میرنشینی ئیمارات لەسەر رووبەری 170 ملیۆن مەتر چوارگۆشە، لەسەر خاکی میسر جێبەجێی دەکات، بەهۆی ئەم پرۆژەیەوە حکومەتی میسر شاگەشکەبووە، بانکەکانی چاوەڕێی لێشاوی دۆلارن، میسرییەکان دڵیان خۆشە، کۆمپانیا و کارگەکان قۆڵیان لێی هەڵماڵیوە، خۆیان بۆ کارکردن لەو پرۆژە ئامادە کردووە.
میسر ماوەی چەند ساڵێکە قەیرانێکی قوڵی ئابووری هەیە، ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاترە لە 100 ملیۆنە، 50 ملیۆنیان برسی و هەژران خواردنی رۆژانەیان بە ئەستەم دەستدەکەوێت، دراوەکەی لە داڕمان نزیکە و دۆلار لە بانکەکانی کەمە، حکومەت چەندین ساڵە بە دوای بانکی دراوی نێودەوڵەتی کەوتووە تا سێ ملیار دۆلاری بە قەرز بداتێ.
کەچی لە پرێکدا و بە یەکێک رێککەوتن لەگەڵ ئیمارات، 150 ملیار دۆلار دەڕژێتە میسرەوە.
پرۆژەکە گەورەترینە لە مێژووی وڵات، لە ناوچەی رەئسولحیکمە لە پارێزگای مەرسا مەتروح لە کەناری دەریای ناوەراست ئەنجامدەدرێت، کە یەکێکە لە دڵرفێنترین و جوانترین کەناراوەکانی جیهان.
بە گوێرەی رێککەوتنەکە، ئیمارات لە ماوەی دوو مانگدا 35 ملیار دۆلار بە دوو گوژمە دەداتە میسر، پاشان لە ماوەی تەمەنی پرۆژەکە 150 ملیار دۆلار لە شێوەی بەرهەمهێنان دەچێتە گیرفانی میسرییەکانەوە.
پێشتر ئیمارات 11 ملیار دۆلاری لە بانکەکانی میسر دانابوو، بەهۆی ئەوەی وەک قەرزی دەرەکی تۆمارکرابوو، میسر توانای ئەوەی نەبوو مامەڵە بەو پارە زەبەلاحەوە بکات، ئێستا ئەو پارەیەش لە قەرزی دەرەکی دەسڕێتەوە و دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی خەرجی بکات.
جگە لەو تایبەتمەندیانە، دوای تەواوکردنی، میسر 35%ـی داهاتی پڕۆژەکە لە ئیمارات وەردەگرێت.
سودی پرۆژەکە ئەوەندە زۆرە، هەندێک لە میسرییەکان گومانی ئەوەیان هەیە، حکومەتی وڵاتەکەیان ئەو پارچە زەوییە کە پێشتریش شوێنی پشوودانی سەرۆک و دەسەڵاتدارانی میسر بووە، فرۆشتبێت بە ئیمارات، بەڵام بە قسەی موستەفا مەدبولی سەرۆکی حکومەت، میسر و ئیمارات پێکەوە بە هاوبەشی ئەنجامی دەدەن و هیچ فرۆشتنێک لە ئارادا نییە.
هەندێکی دیکە بەتایبەتی ئەوانەی لە لایەنگری حکومەت، پرۆژە بە رزگاریی میسر ناودەبەن، دەڵێن، خاڵێ وەرچەرخانە، میسری پێش پڕۆژەی رەئسولحیکمە و دوای پڕۆژکە وەکو یەک نابن.