زووم:
دوای دوو ساڵ لە هێرشکردنەسەر ئۆکراین و بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپا بە تایبەت سزای سەر هەناردەکردنی نەوت لە رێگای دەریاوە، مۆسکۆ توانیویەتی گەلەکەشتییەکی نەوتهەڵگری گوماناوی و بێ خاوەن دروست بکات بۆ ئەوەی خۆی لە سزا و بیمەکردن بدزێتەوە و نەوتی پێ هەناردەبکات لە دەرەوەی رێککەوت و یاسا نێودەوڵەتییەکان کە بە گەلەکەشتی تارمایی ناسراوە.
کۆلێژی ئابووریی کیێڤ پێناسەی گەلەکەشتی تارمایی دەکات و دەڵێت، کەشتی نەوتهەڵگری قاچاغن و لەلایەن وڵاتانی ناو هاوپەیمانی G7 یان، یەکێتی ئەوروپا خاوەندارێتی ناکرێن و بیمەی پاراستن بەکارناهێن بۆ گواستنەوەی دەریایی.
ئیلێنا ریباکۆڤا، ئابووریناس لە کۆلێژەکە دەڵێت، ئەم کارەی روسیا پێش جەنگی ئۆکراینیش هەر هەبووە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ئەلیزابێس برۆ، لێکۆڵەر لە ئەنجومەنی ئەتڵەسی، وڵاتانی وەک ئێران و ڤەنزوێلا و کۆریای باکوور، کە کەوتوونەتە ژێر سزا ئابوورییەکان، ئەم جۆرە کەشتییانە بەکاردەهێنن.
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی دەزگای لۆید ئینتیلیجینس لیست، ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو کەشتیانە، دوو هێندە زیادیکردووە، ئێستا نزیکەی 10%ـی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان پێکدەهێنن و ژمارەیان نزیکەی 1400 کەشتین.
ریباکۆڤا پسپۆڕێکی ئابورییە دەڵێت، روسیا ئەو کەشتیانە بەکاردەهێنێت بۆ گواستنەوەی 70%ـی نەوتەکەی لە دەریاوە.
پشتڕاستیشی کردووەتەوە، پێنج کۆمپانیای دەریایی هەن بنکەکانیان لە ئیماراتە و دڵی کەشتییەکانی روسیا پێکدەهێنن و ئاڵای پەنەما و لیبریا و گابۆن هەڵدەکەن.
دەزگای لۆید ئینتیلیجینس لیست لە مانگی کانوونی دووەمدا بڵاویکردەوە، بەشێکی زۆری ئەو کەشتییە نهێنییانە هیچ پشکنینێکیان بۆ نەکراوە و بە فلتەری سەلامەتی و چاککردنەوەدا تێنەپەڕیوون.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، 73%ـی ئەو کەشتییانەی لە مانگی کانوونی دووەمدا نەوتی روسیایان گواستووەتەوە، 15 ساڵ لەمەوبەر دروستکراون و هیچ مەرجێکی سەلامەتییان بۆ ژینگە تێدانیە.
رۆژى هەینی واشنتن 14 کەشتی نەوتهەڵگری روسیای خستە لیستی رەشەوە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی نرخی نەوت و وەک سزایەکیش دژی لەشکرکێشییەکەی بۆسەر ئۆکراین.