زووم:
ئەمڕۆ لە ئێران پشووی فەرمییە بەهۆی لەدایکبوونی حەزرەتی مەهدی، دوو هەفتە لەمەوپێشیش بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامی پشوو بوو، ئێرانییەکان زۆرترین پشووی بە مووچەیان هەیە لە جیهاندا.
ئەوان 28 پشووی فەرمییان هەیە، 11 رۆژیان پشووی نیشتمانییە و 17 رۆژیان پشووی ئایینییە، کە زۆربەیان لەدایک بوون و کۆچی دوایی ئیمامەکانن، بەڵام جەژنی رەمەزان و قوربان و سەرەتای پێغەمبەرێتیش وەک بۆنە کراون بە پشوو.
ئێران لەدوای میانمار و نیپاڵ پلەی سێهەمی هەیە لە زۆری رۆژەکانی پشوودا، هەروەها پلەی یەکەمی هەیە لە زۆری ئەو پشووانەی، کە وەک رۆژی کار بۆ فەرمانبەران هەژماردەکرێت، چونکە لە وڵاتانی دیکە لە هەندێک لە پشووەکاندا مووچە بۆ فەرمانبەران خەرج ناکرێت.
پشووی نەورۆز چوار رۆژە و پلەی یەکەمی هەیە لە بۆنەکاند،ا کە درێژترین پشووە، بەهۆی ئەوەی رۆژژمێری ئێران هەتاویە، نەورۆز لە یەکەم رۆژی سەرەتای ساڵەوە دەستپێدەکات.
حکومەتی ئێستای ئێران ئیسلامییە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەو بۆنە ئایینیانە، کە وەک پشوو دیاریکراون مێژوویەکی کۆنیان هەیە و ژمارەیەکی زۆریان لە کاتی حکومەتی پێشووی شاهەنشاهی پەهلەویشدا هەر پشوو بوون.
ئەمە لە کاتێکدایە لە زۆربەی وڵاتەکان رێژەی پشوو نزیکەی نیوەی ئێرانە و بۆ نموونە ئەمریکا تەنها 11 رۆژ پشووی فەرمی ساڵانەی لە رۆژژمێردا هەیە.