زووم..
پەرلەمانتارێکی کوردی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، نووسراویان ئاراستەى سەرۆکوەزیرانى عێراق کردووە سەبارەت بە سێ مووچە نەدراوەکەى کۆتایی ساڵى 2023.
سۆران عومەر ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک بڵاویکردەوە، 25 پەرلەمانتار بەنووسراوێک داوای سێ مووچە نەدراوەکەی ساڵی 2023ــیان لە محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە.
پەرلەمانتارەکان لە نووسراوەکەدا دەڵێت، بەگوێرەی بڕیاری ئەمدواییەی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەند نەبوو بە بڕگەکانی ماددەی 12ی یاسای بودجەی گشتی، پێویستە خەڵكی كوردستان بێبەش نەكرێن لە قووتی رۆژانە و سەرچاوەی بژێوی.
لەسەر ئەو بنەمایە، پەرلەمانتارەکان داوای ئەو مووچە نەدراوانەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوویان لە سودانی کردووە.
پەرلەمانتارەکان لە نووسراوەکەدا دەڵێن، بە هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵ ئەو سێ مووچەیە بدەن، حکومەتی فیدراڵ بە ناردنی 618 ملیار دینار و حکومەتی هەرێمیش بە 320 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ.