زووم:
فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگرتنی سزاکانی تورکیای لەسەر فڕۆکەخانەکە رەتکردەوە و دەڵێت، هیچ هەواڵێک نییە لەوبارەیەوە.
دانا محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی تایبەت بە زوومی راگەیاند، تائێستا هیچ بڕیارێک نەگەیشتووە بە فڕۆکەخانە لەبارەى هەڵگرتنی سزاکانی تورکیا و هیچ هەواڵێکیش لەوبارەیەوە نییە.
رەتکردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک هات کە رۆژنامەی سەباحی فەرمیی حکومەتی عێراق لە زاری کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت، سزاکانی تورکیا لەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیران.
رۆژنامەکە لە هەواڵەکەیدا دەشڵێت، هەڵگرتنی سزاکانی دوای کۆبوونەوەی لیژنەکە هاتووە لەگەڵ باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد.
هەرزوو کاروان یاروەیس روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رۆژنامەی سەباح “لێدوانێکی بەناوی بەندەوە بڵاوکردووەتەوە گوایە گوتوومە تورکیا سزاکانی سەر فرۆکەخانەی هەڵگرتووە، ئەم زانیاری و لێدوانە دوورە لەراستیەوە”.