زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرق ئەوسەت
بەرەوپێشچوونێک لە گفتوگۆکانی ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل هاتووەتەدی، پلەبەندییەک بۆ قۆناغەکانی کراوە
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆکانی ئاشتی لە پاریس بە رۆژنامەی شەرق ئەوسەتیان گوتووە، حەماس نەرمیی نواندووە و بەوهۆیەوە بەرەوپێشچوونێک پەیدابووە. ئەمەش وادەکات چوارچێوەیەک بۆ رێککەوتنێک دابنرێت. بەپێی ئەو رێککەوتنە و لە قۆناغی یەکەمیدا کار بە ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی دەکرێت، لەبەرامبەر ئەمەدا حەماس 35 بۆ 40 بارمتە ئازاد دەکات، هەرچی کێشە ئاڵۆز و قورسەکانیشە دادەنرێن بۆ قۆناغەکانی دووەم و سێیەم.
سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن، لە ئێستادا کار لەسەر پڕۆژەیەکی گشتگیر دەکرێت کە بەسەر چەند قۆناغێکدا دابەشکرابێت، بەوشێوەیەی قۆناغی یەکەمی پێش مانگی رەمەزان ئەنجام بدرێت و پاش ئەوەش لە کاتێکی تردا گفتوگۆکان لەسەر قۆناغی دووەم و سێیەم دەست پێبکەنەوە.
قودسی عەرەبی
حکومەتی فیدراڵی دەسەڵاتی دارایی و هەڵبژاردنی لە دەستی حکومەتی هەرێمدا نەهێشت، ئەمەش سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانێکی سیاسیی نوێ دەبێت لەنێوانی بەغداد و هەولێردا
بەگوێرەی ئەم رۆژنامەیە، دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاری کۆتایی خۆیی دەرکردوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان، بڕیاریشی داوە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات، نەک کۆمسیۆنی کوردستان.
پێدەچێت ئەم بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵی کە دەڵێت 11 کورسییەکەی کۆتای کەمینەکان دەستووری نییە و هەروەها ئەو بڕیارەشی کە دەسەڵاتی دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی داوە بە دەسەڵاتی فیدراڵیی ناوەند، ئەوەش دەبێتە سەرەتایەک بۆ سەرهەڵدانی قەیرانێکی نوێ لەنێوانی بەغداد و هەولێردا و ئەو ناکۆکییانەش کە لە نێوانی دوو حزبەکەی کوردستاندا هەن قووڵتر ببنەوە.
زەمان
نەمانی هاوسەنگی لەنێوان بەهای دینار و دۆلاردا، هۆکاری دابەزینی بەهای دینارەکەیە
پسپۆرێکی ئابوریی عێراقی دەڵێت، دیارنەمانی 1.2 ترلیۆن دۆلار لە دراوی ناوخۆیی عێراقی بووەتە هۆکاری نەمانی هاوسەنگی لە نێوان دینار و دۆلاردا.
حەیدەر عسفور کە پسپۆری بواری دراو و ئابورییە بە ئەو رۆژنامەیەی گوتووە، ماوەیەک پێش ئێستا حکومەت هەوڵیدا بەهای سەد دۆلار بەرامبەر بە 132 هەزار دیناری عێراقی جێگیر بکات، نەک 145 هەزار، جیاوازیی نێوانی ئەم دوو بەهایەش دەگاتە 22%، ئەمەش جۆرێک لە ناهاوسەنگی لەنێوانی بەهای ئەم دوو دراوە دروستکردووە.
سەباح
راوێژکارێکی سودانی: عێراق دەیەوێت لەبواری بەرهەمهێنانی گازی سروشتیدا پلەیەکی بەرزی هەبێت
مەزهەر ساڵح، راوێژکاری سەرەکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و دارایی بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە: عێراق کار لەسەر ئەوە دەکات لەناو 10 وڵاتە یەکەمەکەی بەرهەمهێنانی گازی سروشتیدا پلەیەکی بەرزی هەبێت و ببێت بە یەکێک لەو 10 وڵاتە، چونکە ئێستا لە پلەی 12میندایە، بەڵام توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی تائێستا لە 9 ملیار تێپەڕناکات.
ناوبراو دەڵێت، چاوەڕوانی ئەوە لە عێراق دەکرێت بچێتە ریزی ئەو وڵاتانەوە کە وزەی نوێبوەوە بەرهەمدەهێنن. ئێستا کارلەسەر ئەوە دەکات سوود لە وزەی خۆر وەربگرێت، لەبەرئەوەی عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی بە زوویی خۆری لێ هەڵدێت. دەشیەوێت رێز لە ڕێککەوتنەکانی کەمکردنەوەی دەردانی کاربۆن بۆ ئاستی سفر بگرێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
سەندەی تەلەگراف
بەهۆی زیادبوونی تووندڕەوییەوە پاسەوانی تایبەت بۆ پەرلەمانتارانی بەریتانیا دادەنرێت
بەرسێکی باڵای پۆلیسی بەریتانیا دەڵێت، شەڕی ئیسرائیل و حەماس کاریگەریی لەسەر نەوەکانی بەجێدەهێڵێت، لە بەریتانیا دۆخەکە بەرەو توندڕەویی دەچێت و خەریکە پاسەوانی تایبەتی بۆ ئەندامانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە دادەنرێت. هەربۆیە ئیدارەی پۆلیسی وڵاتەکە بەدوای کۆمپانیای هێزی ئاسایشی تایبەتیدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بتوانن پەرلەمانتارانی وڵاتەکە بپارێزن، چونکە بەگوێرەی بەشێک لە پەرلەمانتاران، ژیانیان لە مەترسییەکی جدیی تووندڕەوەکاندایە.
سەندەی تایمز
سوناک داوا دەکات پارە کاشە بلۆککراوەکانی روسیا بنێرن بۆ کیێڤ
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پشتیوانی لەو پلانە دەکات کە بڕیارە تێیدا ملیاران پاوەن کە لە پارەکانی روسیاوە وەک قازانج بەدەستهاتوون بنێردرێت بۆ ئۆکراین. سەرۆکوەزیران سوناک ئاماژەی بەوەشکردووە، دەیەوێت هەڵوێستی تووندتری هەبێت لەسەر ئەوەی دەست بەسەر سامانەکانی روسیادا بگرێت. ئەم هەنگاوانەشی وەک دەبڕینی بەشێکی کەم لە هاوخەمییەکان وەسفکردووە بۆ گیانی ئالێکسی ناڤالنی سەرکردەی دیاریی ئۆپۆزسیۆنی روسیا کە لە هەفتەی رابردوودا لە زیندانی گیانی لەدەستدا.
واشنتن پۆست
دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی بەرایی ویلایەتی کارۆلاینەی باشوور، ترەمپ لە بەرەوپێشچوون بەردەوامە
لە هەڵبژاردنی بەرایی سەرۆکایەتی ئەمریکادا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا توانی لە ویلایەتی کارۆلاینەی باشوور لە نیکی هەیڵی بباتەوە و سەرکەوتنی بەرچاو بەدەستبهێنێت. ئەمەش لەکاتێکدایە هەیڵی بۆماوەی دوو خول حاکمی ویلایەتەکە بووە و خۆی خەڵکی ئەوێ بووە. بەگوێرەی ئەنجامەکان، ترەمپ زۆرترین دەنگی لەلایەن خەڵکی لادێکان و ئەو خەڵکەوە بەدەستهێناوە کە پابەندی ئاینی مەسیحین. ئەمەش بوو بە یەکێک لە سەرکەوتنەکانی دیکەی ترەمپ و هەنگاوێکی دیکە لە کاندیدبوون بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا نزیکی خستەوە.
ئۆرشەلیم پۆست
ئیسرائیل گەشبینە بە بەرەوپێشچوونەکان لە دانووستانەکانی پاریس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و راگەیاندنی ئاگربەست
شەوی رابردوو ئیسرائیل گەشبینی دەربڕیی بەوەی بەرەوپێشچوونێک لە دانووستانەکان لەگەڵ حەماسدا هەیە کە بگەنە رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و راگەیاندنی ئاگەبەست لە غەزە. ئەمەش دوای ئەوە هات کابینەی جەنگیی ئیسرائیل سەبارەت بە دەرەنجامی گفتوگۆکانی پاریس کۆبووەوە. لەوبارەیەوە بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند، خەریکن چوارچێوەیەکی دیکە بۆ ئازادکردنی بارمتەکانیان لە رێککەوتنێکدا لەگەڵ حەماس بەدەستدەهێنن و کاری لەسەر دەکەن.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
هەر لایەنێک ئەسانیورت بباتەوە ئەوە ئیستەنبوڵی مسۆگەرکردووە
بەگوێرەى ئەنجامەکانى سێ هەڵبژاردنى رابردوو، ئەو لایەنەى لە ناوچەى ئەسانیورت هەڵبژاردن دەباتەوە، ئەوا لە ئیستەنبوڵیش بردویەتییەوە. 650 هەزار دەنگدەر لەو ناوچەیەن و رێژەى دەنگدەرى کوردیش زۆرینە پێکدەهێنێت.
ئەو رێکەوتنەى لەنێوان دەم پارتى و جەهەپە کراوە لە ناوچەى ئەسانیورت راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنى گەورەشارەوانى ئیستەنبوڵ دەبێت.
ئاکیت
داوادەکرێت جەهەپە کاندیدێکى لە ئەنقەرە بکشێنێتەوە
بڵاوبونەوەى گرتەیەکى گوندوز شاهین، کاندیدى جەهەپە لە ناوچەى مەماک لە ئەنقەرە کە تێیدا سوکایەتى بە چەند مناڵێکى پەنابەر دەکات و دەڵێت، “ئەمانە گەورە بن دەبنە کێشە بۆ ئێمە، بۆیە پێویستە بیاننێرینەوە بۆ وڵاتەکەى خۆیان، ئێوە دەنگ بە من بدەن، منیش ئەوانە رەوانەى وڵاتەکەى خۆیان دەکەمەوە”، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنیوە.
هاکان هان، سەرۆکى ئاک پارتى لە لقى ئەنقەرە و ئەسیا موتڵو، سەرۆکى رێکخراوى خانمیلار جەهەپە بەوە خەتاباردەکەن کە خاوەن عەقڵیەتی ستەملێکردنە لە لێقەوماوان و داواشدەکەن جەهەپە ئەو کاندیدەى بکشێنێتەوە.
سەباح
کاندیدی ئاک پارتی بۆ ئیستەنبوڵ: شکست بە رێککەوتنى جەهەپە و قەندیل دەهێنین
موراد قوروم، کاندیدى ئاک پارتى بۆ گەورە شارەوانیی ئیستەنبوڵ رایگەیاندووە، دەم پارتى لەسەر ویستى قەندیل رێککەوتنى لەگەڵ جەهەپە کردووە.
گوتیشی، لە 31ـى ئازار سەرکەوتن بەدەستدەهێنین و شکست بەمێزى رێککەوتن لەنێوان قەندیل و جەهەپە دەهێنین.
سۆزجو
شەریعەت خەریکە دەبێتە مەترسی بۆ سەر دەوڵەت
ئەو کۆمارە تورکەى کە مستەفا کەمال ئەتاتورک دایمەزراند لەژێر مەترسیدایە، لە ئامەد دروشمى بژى شەریعەت هەڵواسرا.
رێکخراوێکى نزیک لە هوداپار و حزبوڵا، لە چەند شوێنێکى مەیدانی لە ئامەد، دروشمى “بژى شەریعەت”ـیان هەڵواسی. ئەو گروپە شانازی بە شێخ سەعیدی پیرانەوە دەکەن کە دژى دەوڵەتى تورکیا شۆڕشی بەرپاکردووە.