زووم..
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، پلانی قۆناغی دوای شەڕی حەماسی بۆ وەزیرانی کابینەکەی راگەیاند، کە داماڵینی تەواوی سەربازیی کەرتەکە لە چەکدارانی حەماس، داخستنی سنووری باشووری کەرتەکە لەگەڵ میسر و چاکسازیی لە ئیدارەی مەدەنیی غەزە و سیستمی پەروەردە، لەخۆدەگرێت.
راگەیاندنی پلانەکە دوای چەندین هەفتە دێت لەو رەخنانەی بەردەوام لە ناتانیاهۆ دەگیران لەبارەی ئەوەی هیچ پلانێکی نییە بۆ قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی شەڕی وڵاتەکەی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس.
پلانەکە بۆ یەکەمجارە لەدوای دەستپێکردنی شەڕەکەوە بە فەرمیی بڵاوبکرێتەوە. پلانەکەش وەک بنەمایەک بۆ گفتوگۆکانی داهاتووی نێوان بەرپرسانی ئەو وڵاتە دادەنرێت.
پلانەکە هاوکاتە لەگەڵ ناردنی شاندێکی دانووستانکاری ئیسرائیل بۆ پاریس، کە دەیڤد بارنییا، بەڕێوەبەری دەزگای مۆساد، سەرۆکایەتی دەکات.
شاندەکە لە شەوی رابردووەوە لەگەڵ وڵاتانی نێوەندگیردا دەستی بە دانووستان کردووە بۆ گەیشتنە رێککەوتن لەبارەی ئازادکردنی بارمتەکان و کۆتاییهێنان بەو شەڕەی ماوەی نزیکەی پێنج مانگە بەردەوامە.
لە پلانەکەی ناتانیاهۆدا، چەندین بنەما دانراون، هەر لە گۆڕانکاریی ئەمنیی لە کەرتەکەدا تاوەکو ئاستی مەدەنی و پلانی درێژخایەن بۆ ئیدارەدانی غەزە کە لە ساڵی 2005ـەوە ئیسرائیل لێی کشاوەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە لەساڵی 1967ەوە لەگەڵ کەرتی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی قودسدا دەستی بەسەرداگرتبوو. هاوکات، جگە لە غەزە، ئیسرائیل تائێستاش کۆنترۆڵی ئەو دوو ناوچەیەی دیکەی فەلەستینی لەدەستدایە.
سەبارەت بە پرسی ئەمنی، ئیسرائیل دەروازەی رەفەح، کە دەکەوێتە سەر سنووری میسر بەتەواویی دادەخات و خۆی کۆنترۆڵ و چاودێریی دەکات. ئەمەش لەکاتێکدایە لە ئێستا و ماوەی رابردوودا میسر کۆنترۆڵی ئەو دەروازەیەی لەدەستدابووە. بەڵام تا ئێستا روون نییە، بەگوێرەی پلانەکە، ئیسرائیل رەزامەندیی میسریی لەسەر ئەو پرسە بەدەستهێناوە یان نا. بەڵام بەگوێرەی کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی، واشنتن بەو پلانە رازییە.
پلانەکە باس لەوەش دەکات، لەدوای شەڕەکە، ئیسرائیل دەسەڵاتی تەواوی ئەمنیی بەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ئوردندا دەبێت کە کەرتی رۆژئاوا، خودی ئیسرائیل و غەزەش دەگرێتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە فەلەستینییەکان چەندین دەیەیە خەون بەوەوە دەبینن دەوڵەتێکی سەربەخۆیان لە سێ ناوچەکەی فەلەستیندا هەبێت.
لەبارەی ئیدارەی مەدەنیی کەرتەکە، ناتانیاهۆ لە پلانەکەیدا، باسی چاکسازیی لە ئیدارەدان و کەرتی پەروەردەی غەزەدا کردووە. بەگوێرەی پلانەکە ئەو هاوکارییانەی کە پێشتر قەتەر بە رەزامەندیی و کارئاسانیی ئیسرائیل دەیدا بە غەزە، رادەگیرێن. هاوکات نابێت ئەو بەرپرسە ناوخۆییانەی غەزە کە کەرتەکە بەڕێوە دەبەن پەیوەندییان لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا هەبێت کە پشتیوانیی لە “تیرۆر” دەکەن.
لە پلانەکەشدا، باس لەوە دەکات کە دەبێت تووندڕەویی لە کەرتی پەروەردەی ناوچەکەدا نەمێنێت، کە ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی دەمێکە سیستەمی پەروەردەی پێ تۆمەتبار دەکەن. لە هەمانکاتتدا، پلانەکە داوای داخستنی رێکخراوی ئونروای نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات ماوەی چەندین ساڵە بووەتە فریادڕەسی کەرتی پەروەردە و دابینکردنی خزمەتگوزاریی خۆراکیی و کۆمەڵایەتی بۆ فەلەستینییەکان.
لە کۆتایی پلانەکەشدا، ئسیرائیل سوورە لەسەر بەرهەڵستیکردنی داوا نێودەوڵەتییەکان بۆ رێگەدان بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەلەستینی لە ناوچەکەدا.