وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا هێرشە بەردەوامەکانی سەر هەرێمی کوردستان بە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێرانەوە بە توندی ئیدانە دەکات و داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات خۆیان لە هەڕەشەی نوێ بپارێزن.
دوێنێ، دووشەممە، سوپاى پاسداران بە موشەک و درۆن هێرشى کردەوە سەر بارەگاى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان لە کۆیە، زڕگوێز و دەڤەرى سیدەکان، بەهۆیانەوە دوو پێشمەرگە کوژران و هەشت پێشمەرگەى دیکە بربنداربوون، کە سەر بە حزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران بوون و لە هێرشەکەى کۆیەدا بەرکەوتن.
وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت “ئێمە بە توندی ئیدانەی بەردەوامی هێرشە موشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران دەکەین بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق”.
داوا لە ئێران دەکەین، کە چەندین جار و “بێشەرمانە” سەروەری خاکی عێراقی پێشێلکردووە، ئەم هێرشانە رابگرێت و خۆی لە هەڕەشەی زیاتر لە دژی سەروەری خاکی عێراق بپارێزێت.
ئێران چەندین جار و بێشەرمانە سەروەری خاک عێراقی پێشێل کردووە
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە ئامانجی ئەمریکا پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و سەروەری خاکی عێراقە.
رۆژی 28ى ئەیلولى ئەمساڵ، سوپاى پاسداران هێرشێکى فراوانى کردە سەر بارەگاى حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان، لە کۆیە، پردێ، زڕگوێز و دەڤەرى سیدەکان، سوپاى پاسداران ئەوکات رایگەیاند، هێرشەکان لە رێگەی 73 موشەک و دەیان درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراون.
بەگوێرەى ئامارى تەندروستى 16 کەس کوژران و زیاتر لە 50ی کەسی دیکەش برینداربوون، لەنێویاندا منداڵ و ژن هەبوون.هێرشەکان لەسەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى کاردانەوەى لێکەوتەوە.
رۆژى 10ی مانگی رابردوو، سوپای پاسداران راگرتنى هێرشەکانى راگەیاند و گوتى “درێژەی هێرشەکان بەندە بە هەڵسوکەوتی داهاتووی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان.” کە مەبەست لێی دەرکردنی حزبە کوردییەکانە لە هەرێم.
سەرئەنجام دوێنێ جارێکى دیکە هێرشەکان دەستیان پێکردەوە، سوپاى پاسداران رایگەیاند، بەهۆى شکستهێنانى هەوڵە دیبلۆماسییەکان بۆ دەرکردنى گروپە کوردییەکان لە عێراق، هێرشەکانمان دەستپێکردووەتەوە.
لەدواى مەرگى ژینا ئەمینى، دوو مانگە خۆپیشاندان لە ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستان بەردەوامە، لەو کاتەوە ئێران فشارەکانى بۆسەر حزبەکانى رۆژهەڵاتى کوردستان زیاترکردووە. لەناوخۆى ئێرانیش بەگوێرەى ئامارى رێکخراوەکان زیاتر لە 300 کەس کوژراون هەزاران کەسیس دەستگیرکراون.
لە خۆپیشاندانەکانی ئێران زیاتر لە 300 کەس کوژراون هەزاران کەسیس دەستگیرکراون
حزبی دیموکراتى کوردستانى ئێران دەڵێت، بەردەوامی هێرشەکانى ئێران لەکاتێکدایە زیاتر لە دوو مانگە “راپەڕینێکی سەرانسەری” بەردەوامە، کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆ “بە زەبروزەنگ و کوشتاری خۆپێشاندەران و لە دەرەوەش بە هێرشی موشەکی و دڕۆنی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبە سیاسییەکانی کوردستان پەلەقاژەی مان و درێژەدان بە دەسەڵاتە جەهەننەمییەکەی دەدات”.