رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
دوو ساڵ بەسەر شەڕی ئۆکراین تێپەڕدەبێت و سەدان لایەنیش سزادراون
شەڕی نێوان روسیا و ئۆکراین لە 24ـی شوباتی 2022 دا دەستیپێکرد،، لەپاش ئەم دوو ساڵەی رووبەڕووبونەوە کۆشکى کرملین دەڵێت، ئەوەی روودەدات شەڕێکی تەواوە لەنێوان روسیا و رۆژئاوادا، کاریگەرییەکانیشی هەموو کایەکانی ژیانی گرتۆتەوە.
دەڵێت، ئەم شەڕە خاڵێکی وەرچەرخانە و تێیدا سەرلەنوێ نەخشەی قەڵەمڕەوی دەستەڵاتەکان و تەرازوی هێز دادەڕێژرێنەوە، بونیادی پلانە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەکانیش دەگۆڕدرێن.
عەرەب
کەمینە موسڵمانەکانی نێو ئەوروپا گومان و ترس دەورەی داون
بەگوێرەى رۆژنامەى عەرەب، کێشەی موسڵمانەکان لە ئەوروپا بریتییە لە زۆریی ژمارەیان و فرەڕەنگیی روانینەکانیان. کەسە هۆشیارەکانیشیان نایەن ئەو سنوورانەیان بۆ روون بکەنەوە، کە ئایا لەو وڵاتانە دەتوانن چی بکەن و چیدیکە هەیە کە نەتوانن بیکەن.
هەردوو وڵاتی بەریتانیا و فەرەنسا مامەڵەیەکی توندیان لەگەڵ دوو موسڵماندا کردوە، بەریتانیا رەگەزنامەی خۆیی لە ژنێک وەرگرتووەتەوە، کە چووبووە نێو داعشەوە. فەرەنساش گوتاربێژێکى توونسی دەرکردووە لەسەرئەوەی گومانیان لە چەند گوتەیەکى هەبووە.
لەپاش ئەنجامدانی هێرشەکەی حەماسەوە بۆسەر شارە ئیسرائیلییەکە، کە چەند کەسێکی مەدەنییان وەک بارمتە لەگەڵ خۆیاندا رفاند، ئاستی توندڕەویش بەرزتر بووەتەوە. چونکە ئەو پەلامارانەی حەماس لایەنە راستڕەوەکانی ناو ئەوروپایان پاڵ پێوەناوە شەڕ لەسەر ئەوە بکەن، بگەڕێنەوە نێو دەستەڵاتی ئەوروپا و توندڕەوی لەو هەرێمانەدا پیادە بکەن، کە ساڵانێکی زۆرە واناسراون لێبوردەن.
زەمان
عێراق گەورەترەین پاڵاوگەی نەوتی کردەوە، حکومەتیش بەڵێن دەدات لە ساڵی 2025 ـەوە هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان رابگرێت
محەمەد شیاع سودانى، سەرەکوەزیرانی عێراق رۆژی هەینی گەورەترین وێستگەی پاڵاوتن و پوختەکردنی نەوتی کردەوە، پاش ئەوەی چاککردنەوە و فراوانکردنەوەی زۆری تێدا کرا.
حکومەت دەڵێت، مەبەست لەم هەنگاوە کەمکردنەوە بڕی هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکانە لە دەرەوەی وڵات.
ئەم وێستگەیەی کراوەتەوە، جاران لەکاردا بووە، بەڵام لە ئەو شەڕانەدا، کە لەنێوان مانگی حوزەیرانی 2014 و تشرینی یەکەمی 2015 دا لەو ناوچەیە لە نێوان سوپای عێراق و داعشدا روویدا ئەو وێستگەیەش زیانی زۆری بەرکەوت، دوای شەڕیش چەند گروپێکی چەکداری تر پارچەکانی وێستگەکەیان بە لەکارکەوتوویی فرۆشت و گوازرانەوە بۆ شوێنانی دیکە.
عەرەبی جەدید
لە پاریس فشارێک هەیە بۆئەوەی تاوەکو هاتنی مانگى رەمەزان ئاگربەستێک بکرێت
دوو بەرپرسی ئەمریکی دەڵێن، هەندێک بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکانی شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا روویانداوە، بەڵام مەرج نییە ئاگربەستەکە تاوەکو مانگى رەمەزان سەربگرێت.
هاوکات میسر ئیسرائیل ئاگادار دەکاتەوە و پێیدەڵێت، پەلاماردانی رەفەح لە مانگی رۆژووگرتندا هەڕەشە بۆسەر ناوچەکە دروست دەکات.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
بەریتانیا بەنیازە 250 ملیۆن پاوەن بۆ دابینکردنی گولـلە تۆپ بۆ ئۆکراین خەرج بکات
حکومەتی بەریتانیا بەنیازە بە بەهای 250 ملیۆن پاوەن وەبەرهێنان بکات لە دروستکردنی گولـلە تۆپ بۆ سوپای ئۆکراین لەڕێگەی ئامادەکردنی کارگەکانییەوە.
گرانت شاپز، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە لە دووەم ساڵیادی دەستپێکردنی هێرشەکەی روسیا بۆسەر ئۆکراین ئەم پاکێجەی راگەیاند و ئاماژەی بەوەشکرد جبەخانەکانی ئەو وڵاتە بەهێزتر دەکات.
ئەم هاوکارییەی بەریتانیاش لەکاتێکدایە سوپای روسیا لە بەرەکانی جەنگدا لە پێشڕەویدایە و سەربازانی ئۆکراینیش بە دەیلی تەلەگرافیان راگەیاندووە، چیدیکە ناتوانن بەهۆی کەمیی چەک و تەقەمەنییەوە بەرەنگاریان ببنەوە.
تایمز
پیلانێک بۆ بەئامانجگرتنی پەرلەمانی بەریتانیا دانراوە
چالاکێکی فەلەستین هەوڵیداوە پەرلەمانی وڵاتەکە دابخرێت و داوای کردووە فشاری زیاتر بکرێتە سەر پەرلەمانتاران.
ئەو چالاکە کە ناوی بن جەمالە، هەوڵەکەی لە رێگەی رێکخستنی خۆپیشاندانێک ئەنجامداوە لەبەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی بەریتانیا، بۆ ئەوەی فشار لەسەر پەرلەمانتاران دروست بکەن تاوەکو بەکۆی دەنگ داوای راگەیاندنی ئاگربەست بکەن لە غەزە. بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لێکردوو بچنە ناو باڵەخانەی وێست مینیستەرەوە. هەر بۆیە جەمال داوای کردووە دەرگای پەرلەمانی وڵاتەکە دابخرێت و وەک فشارێک بۆسەر پەرلەمانتاران بەکار بهێنرێت.
واشنتن پۆست
بنیامین ناتانیاهوو بە پلانەکانی بۆ غەزە رای گشتیی تووشی شۆک دەکات
دوێنی هەینی بنیامین ناتانیاهوو، سەرۆکوەزریانی ئیسرائیل، پێشنیازنامەیەکی راگەیاند لەبارەی کۆنترۆڵکردنی بێسنووری غەزە لەلایەن سوپای وڵاتەکەیەوە کە تیایدا سووربوونی خۆی راگەیاند و وەک پلانی دوای شەڕ خستییە سەر کاغەزەوە. لەرێگەی ئەو هەڵمەتەی لە غەزە رایگەیاندووە، ناتانیاهۆ رەتیکردووەتەوە باسی دوو بابەت بکات لەبەردەم رای گشتیدا، ئەوانیش چ بەرپرسیارێتییەک هەڵدەگرێت لەبارەی ئەو هێرشەی کرایە سەر ئیسرائیل و کێ حکومڕانی کەرتەکە دەکات کاتێک شەڕ کۆتایی دێت؟
عەرەب نیوز
بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل و میسر لە پاریسن بۆ راگەیاندنی ئاشتی لە غەزە
بەرپرسانی هەواڵگریی ئسیرائیل و میسر گەیشتنە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بۆئەوەی دەست بە دانوستان بکەن لەبارەی گەیشتنە رێککەوتنێک بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەزە. هاوکات لە دانیشتنەکاندا بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و قەتەریش بەشدارن. ئەمەش لەکاتێکدایە تا دێت هەوڵەکان بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەو پرسە بەر لە دەستپێکردنی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی رەفەح لە باشووری کەرتەکە و پێش هاتنی مانگی رەمەزان، چڕتر دەبێتەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
ئایدنڵک
پێویستە تورکیا بۆ سەقامگیریی وڵاتەکەى لە ناتۆ بێتەدەرەوە
پڕۆفیسۆر محەمەد نورەدین، بە رەچەڵەک لوبنانى دەڵێت، لەوکاتەوەى تورکیا بووەتە ئەندامى رێکخراوى ناتۆ، بەتەواوى دەستبەردارى ئەو سیاسەتەى بووە لە “ناوخۆ ئاشتی و لە جیهاندا ئاشتى”.
ئەو دەڵێت، تورکیا بۆ ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەی پێویستە لە ئەندامێتى ناتۆ بێتەدەرەوە.
سۆزجو
هەموو شتێک گران بووە و هەڵاوسان گەیشتووەتە 65%
لەماوەى ساڵێکدا گۆشتى گوێرەکە بە رێژەى 84% گران بووە و هەروەها گۆشتى بەرخیش 184% گران بووە.
رۆژنامەکە نووسیەتى، چیدى لەنێو مەنجەڵ و لەسەر سفرە گۆشت نابینرێت. هاوڵاتیان لە قەسابخانە سەیرى گۆشت دەکەن بەبێ ئەوەی بیکڕن، دەگەڕێنەوە ماڵەوە.
قەرار
ئەردۆغان پۆلیسى نارد بۆ دەستگیرکردنى نەجمەدین ئەربەکان
تەمەل قەرەمۆڵائۆغڵو، سەرۆکى پارتى سەعادەت لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، لە ساڵى 2006 رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکوەزیران بوو، بەمەبەستى زیندانی کردنى ئەربەکان، پۆلیسی
ناردە سەر ماڵى نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆکى پێشووى پارتى رەفا، بەڵام لەسەر فشارى سەرۆکی پێشووی پارتەکەمان رێگریی لەو هەوڵەى ئەردۆغان کرا.
ئاکیت
دەم پارتى رێککەوتن لەگەڵ جەهەپە هەیە
ئەڵتان تان پەرلەمانتارى پێشووى هەدەپە رایگەیاند، رێککەوتنێک لەنێوان دەم پارتى و جەهەپە هەیە، دەم پارتى کارتی فشارەکانى لەسەر جەهەپە بەکاردەهێنێت و پێداگرن لە پاراستنى بەرژەوەندییەکانى خۆیان بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى ئەمساڵ. بۆ ئەمەش فشارەکانیان لەسەر ئیمامئۆغڵو و ئۆزگور ئۆزەل زیادکردووە.
رۆژنامە فارسییەکان
خۆراسان
ساڵانە 80 هەزار زیندانی کارامەیی بەدەست دەهێنن
رەحیم موتەهەرنژاد، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای هاوکاری زیندانیانی ئێران رایگەیاند، لە ئێران ساڵانە 80 هەزار زیندانی بەشداری خولی راهێنانی کارامەیی دەکەن.
ئەو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ یانەی رۆژنامەنووسانی گەنج گوتی، راهێنانی کارامەیی لە زیندانەکاندا بەردەوامە و زیندانییەکان دوای بەدەستهێنانی لێهاتوویی لە شوێنی کاردا بەشێوەیەکی پیشەیی کاردەکەن.
ئەبرار
سەبارەت بە گواستنەوەی موشەکەکانی ئێران بۆ روسیا هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە
جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، لە وەڵامی ئەو راپۆرتە گوماناوییەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز کە گوایە ئێران موشەکی بەهێزی بۆ روسیا ناردووە، رایگەیاندووە، تائێستا واشنتن بەڵگەی لەو بارەوە لەبەردەستدا نییە.
جۆن کێربی دەڵێت، ئەگەر راپۆرتەکە پشتڕاست بکرێتەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی “بە خێرایی و بەهێز” کاردانەوەی دەبێت.
کەیهان
زیاتر لە 70%ـی یاساکانی پەرلەمان لەسەر پرسە ئابوورییەکانن
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، حکومەتی پێشوو ساڵانێکی زۆر بوو ئابووری گرێدابوو بە دانوستانە ئەتۆمییەکانەوە، بەڵام پەرلەمان لە داڕشتنی یاساکاندا یارمەتی لە زیرەکی دەستکردی وەرگرت و زیاتر لە 60 فەرمانی هەیە تەنها بۆ بەهێزکردنی کەرتی تایبەت.
ئەو دەڵێت، ساڵانە 100 ملیار دۆلار لە وزەی وڵات بەفیڕۆ دەچێت کە دەبێت پێشی بگرین و زۆرینەی سەرنجمان لەسەر ئابووری بووە.
تەجارەت
کەرتی ئەتۆمی لە ئێران 150 پیشەسازی دەگرێتەوە
محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران جەختی لە بەکارهێنانی بەربڵاوی تەکنۆلۆجیای ئەتۆمی لە سەرانسەری کەرتە پیشەسازییە جۆراوجۆرەکان و لەوانەش پیشەسازییەکانی نەوت، گاز، پترۆکیمیایی، پۆڵا، چیمەنتۆ و سێلولۆز کردەوە.
محەمەد ئیسلامی لە سەردانێکیدا بۆ کۆمپانیای پاڵاوتنی نەوتی ئابادان ئاماژەی بەوەدا، تەکنەلۆژیای ئەتۆمی لە 150 پیشەسازی گەورەدا کەڵک وەردەگیرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرنگیی بەرچاوی لە کەرتی ئەتۆمی لە پیشەسازیی ئێراندا.