زووم:
بەرپرسانى روسیا، هەڕەشەی ئەوەیان کردووە، ئەگەر بنەماڵەکەی رازی نەبوون بەوەی مەراسیمێکی ناشتنی داخراو بۆ ئەلێکسی ناڤاڵنی ئەنجامبدەن، ئەوا تەرمەکەی هەر لەنێو کەمپی زیندانەکەدا دەنێژن.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، کە ئەمڕۆ هەینى بڵاویکردووەتەوە، دەسەڵاتدارانی روسیا تائێستا رەتیانکردووەتەوە تەرمی ناڤاڵنی رادەستی دایکی بکەنەوە.
هاوکات “کیرا یارمیش” گوتەبێژی ناڤاڵنی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتى: لێکۆڵەران پەیوەندییان بە دایکی “ناڤاڵنی”ـەوە کردووە و وادەیەکی دیاریکراویان بۆ داناوە، پێشیان گوتووە سێ کاتژمێری لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی رازی بێت بە مەراسیمێکی نهێنی و نا ئاشکرا تەرمی کوڕەکەی بەخاک بسپێرێت، بە پێچەوانەوە ئەگەر بەو بژاردەیە رازینەبێت، ئەوا هەر لەنێو کەمپی زیندانەکەدا دەنێژرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “لیودمیلا”ی دایکی ناڤاڵنی، رەتیکردووەتەوە دانوستان لەسەر ئەو بابەتە بکات، بەو پێیەی بەرپرسانی روسیا دەسەڵاتیان نییە بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کوڕەکەی چۆن و لە کوێ بنێژرێت.
لەلایەکى تر تیمەکەی ناڤالنی دەڵێن، کۆشکی کریملن و بەرپرسانی روسیا، تەنانەت دوای مردنی ئەو کەسایەتییەش دەترسن، بۆیە رەتیدەکەنەوە رێگە بە پرسەیەکی جەماوەری بۆى بدرێت.
هاوکات “ڤلادیمێر پوتین”ــی سەرۆکی وڵاتەکەش بە بکوژ وەسفدەکەن، کە هەوڵدەدات کوشتنەکە پەردەپۆش بکات و رێگەنەدرێت توێکارییەکی پزیشکیی دادوەریی سەربەخۆ، بۆ تەرمەکە ئەنجامبدرێت.
“ئەلێکسی ناڤاڵنی”ـی سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی روسیا، رۆژی 16ـی ئەم مانگە لە زیندان گیانی لەدەستدا، رووداوەکە کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا هێنا، جگە لە رادەستکردنی تەرمەکەی، داوای ئاشکراکردنی هۆکاری راستەقینەی گیانلەدەستدانەکە دەکرێت.
لە رۆژی گیانلەدەستدانەکەشییەوە، روسیا سەدان کەسی لەسەر مەزارگەی رێزلێنانەکەی دەستگیرکردووە،و تا ئێستاش پوتین هیچ لێدوانێکی سەبارەت بە مردنی ناڤالنی نەداوە.