زووم..
مەرال بێشتاش و موراد چەپنى، دوو کاندیدى دەم پارتین بۆ پۆستى گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ، لە چاوپێکەوتنێکدا لە چەناڵى یەنى یەشام، پرۆژەکانیان بۆ ئیستەنبوڵ ئاشکراکرد.
مەرال بێشتاش لەبارە پرۆژەکانییەوە بۆ ئیستەنبوڵ گوتی، وەک دەم پارتى لە بوارى ژینگە، پرۆژەى کەناڵ ئیستەنبوڵ، رێگاوبان، بومەلەرزە، و پرسى ژن پڕۆژەى جۆراوجۆریان هەیە، بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشانەش ناگەڕێینەوە بۆ دەسەڵاتى ناوەند، بەڵکو لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە پارێزگاکە گفتوگۆ بۆ چارەسەرى تەواوى پرسەکان دەکەن.
لە درێژەى چاوپێکەوتنەکەیدا بێشتاش باسی لەوە کرد لە کۆی 55 کاندیدى بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ، وەک ژن بە تەنها ئەو و ژنێکى دیکە کاندیدن و دەڵێت، پلانیان هەیە ئیستەنبوڵ بکەنە شاری ژن و لە زۆربەى ناوەندەکانى شارەوانییەکان رۆڵ بە ژن بدەن.
کاندیدەکەی دەم پارتی دەشڵێت، لە ئیستەنبوڵ رێژەى توندوتیژى دژبە ژنان لە ئاستێکى بەرزدایە و بۆ رێگەگرتن لەو پرسە پلانیان هەیە هێڵی گەرم دابین بکەن بە چەند زمانێک خزمەت بکات، هەروەها شێڵتەریش بۆ ژنان دابین بکەن.
لەبارەی زمانی کوردی و فرەیی بەکارهێنانی زمان لە ئیستەنبوڵ، بێشتاش دەڵێت، ئیستەنبوڵ گەورەترین شارى جیهانییە کوردى تێدا دەژى، بۆیە زمانى کوردى لە هەموو بوارەکانى خزمەتگوزاریی و شارەوانییەکاندا دادەنێن و تەواوى خزمەتگوزارییەکانى شارەوانییەکان لەو پارێزگایە دەکەنە فرە زمان.