زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
بڕیارەکەى دادگا ترس لە سنووردارکردنى دەسەڵاتەکانى هەرێمى کوردستان هەیە
دابەشکردنى هەرێمى کوردستان بۆ چواربازنەى هەڵبژاردن و لابردنى 11 کورسی پەرلەمان و دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەلایەن بانکە رێگەپێدراوەکانى بەغدادەوە، بڕیارەکانى دوێنى دادگاى فیدراڵی بەغداد بوون و ئێستاش لە هەرێمى کوردستان ترس لەسەر سنوردارکردنى دەسەڵاتەکانى هەرێمى کوردستان دروستبووە، بەتایبەتى دواى ئەوەى لە چەند رۆژی پێشووشدا فایەق زێدان سەرۆکی دادگاى فیدراڵی رایگەیاندبوو کە دروستکردنى هەرێمى نوێ لە عێراق رێگەپێدراو نییەو ئەوەشى کە پێشتر تێپەڕێوە بۆ هەرێمى کوردستان بارودۆخێکى تایبەت بووە.
سەباح
حکومەتى عێراق کاربۆ بەرزکردنەوەى ئاستى پاسپۆرتەکەى دەکات و پسپۆڕانى یاسایش دەڵێن لە ساڵی 2006 ەوە پاسپۆرتى عێراقى پاشەکشەى زۆری بەخۆیەوە بینیوەو هاووڵاتییانى عێراقى دەتوانن سەردانى تەنها حەوت وڵات بکەن بەبێ وەرگرتنى ڤیزا.
رۆژنامەکە لە زارى شارەزایەکی یاساییەوە بڵاویکردووەتەوە لەکاتێکدا تەنها چوار هەزارکەس لە عێراقدا مافى هەڵگرتنى پاسپۆرتى دبلۆماسییان هەیە، بەڵام لە ئێستادا 45 هەزارکەس پاسپۆرتى دبلۆماسییان پێیە.
دەستور
دابینکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم ئەرکی حکومەتى ناوەندە
لە دانیشتنى دادگاى فیدراڵی عێراق دا پێدانى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستانى بە ئەرکی حکومەتى ناوەند ناوبردووەو هەردوو سەرۆکوەزیرانى عێراق و هەرێمى راسپاردووە بە پێدانى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینانى هەرێمى کوردستان بە هاوکاری وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان و راسپاردنى بانکە رێگەپێدراوەکانى عێراق لە هەرێمى کوردستان بۆ ئەو مەبەستە، پێدانى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمی کوردستانیش وەک قەرزدان بە هەرێمى کوردستان ئەژمارناکرێت
قودسى عەرەبی
سودانى: عێراق تواناى پارێزگاریی لەخۆکردنى هەیە و پێویستمان بە هێزە بیانییەکان نەماوە
محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاندووە عێراق تواناى بەرگریی کردن لەخۆی هەیەو تەنانەت پێویستمان بە راوێژکارانی بیانیش نەماوە.
ئێوارەى دوێنى لە میانى پێشوازیکردنى لە ئالینا رۆمانوسکى باڵیۆزی ئەمریکا لەبەغداد باسیان لە دانانى پلانێک کرد بۆ کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا و کۆتایی هێنان بە رۆڵی هێزی هاوپەیمانان کە ژمارەیان 25 وڵاتە و لە هەمان کاتیشدا جەختیان کردووەتەوە کە هاوپەیمانێتى و کارى هاوبەشیان پێکەوە بمێنێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا رۆژنامەکە هیچ ئاماژەیەکى بە گوتەو بۆچوونەکانى باڵیۆزی ئەمریکا نەکردووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
تایمز
بەهۆی رەخنەگرتنی وەزیرانی بەریتانیا لە سەرۆکی “لایەنگیریی” پەرلەمانی بەریتانیا لەسەر پرسی غەزە گرژی و ئاڵۆزیی دروستبوو
شەوی رابردوو وەزیرانی حکومەتی بەریتانیا بە توندیی رەخنەیان لە سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا گرت و تۆمەتباریان کرد بە یارمەتییدانی پارتی کرێکاران بۆ ئەوەی خۆیان لە یاخیبوون بپارێزن لەسەر هەڵوێستی پارتەکە لەسەر قەیرانی غەزە و پێشێلکردنی پرۆتۆکۆڵی پەرلەمان.
پەرلەمانتاران دەنگیان لەسەر هەڵوێستێکی پارتەکە دا، کە داوای دەستبەجێ راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی دەکات لە غەزە.
بەهۆی رێگەپێدانی سەرۆکی پەرلەمانیش بە دەرچوونی ئەو یاسایە، پەرلەمانتارانی پارتی پارێزگاران هۆڵی پەرلەمانیان جێهێشت.
گاردیەن
توندوتیژی لە غەزە بووەتە رێگر لەبەردەم گەیاندنى هاوکارییەکان و مەترسی برسێتی سەرهەڵدەدات
بەهۆی شەڕ و پێکدادانی تازەوە لە غەزە و تێکچونی شیرازەی گشتی کۆمەڵگەی ئەو ناوچەیە هەوڵەکانی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ رێگریی لە برسێتی لە رێرەوی ئاسایی خۆیان دەرچوون و بەرپرسانی رێکخراوە مرۆییەکان دۆخەکە بە ئاستێکی زۆر نائومێدکەرانە وەسف دەکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە پێداویستییە خۆراکییەکان کۆتاییان هاتووە. دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵیدا 10 کاروانی هاوکاریی رەوانەی غەزە بکات لەماوەی هەفتەی رابردوودا بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی شەڕەکەوە نەیتوانی ئەوکارە بکات.
واشنتن پۆست
ژیانی شار شێوازی ژیانی تاڵیبان لە ئەفغانستان دەگۆڕێت
هەرچەندە چەکدارانی تاڵیبان بەڵێنیان دا کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان دووبارە بە شێوازی خۆیان بنیاد بنێنەوە، پێدەچێت لە ئێستادا شار ئەوانی گۆڕیبێت. دوای دوو ساڵ لە هێرشەکەی تاڵیبان بۆ سەر پایتەخت و دەستبەسەرداگرتنی وڵاتەکە و بەڵێندانیان بۆ پاککردنەوەی وڵاتەکە لە کلتوری رۆژئاوایی، ئێستا بەشێکی زۆریان خەریکن باوەش بەژیانی شاردا دەکەن. بەشێکیان سەردانی شاری یارییەکان دەکەن و لەسەر شاشە گەورەکان سەیری یارییە رۆژئاواییەکان دەکان. دۆخی ژیانیان بەشێوەیەک گۆڕاوە بەشێکان لە پەیجەکانیان باس لەو کتێبە رۆژئاواییانە دەکەن کە یارمەتی پەرەپێدانی خود دەدات.
ئۆرشەلیم پۆست
سەرچاوەکان: سوپای ئیسرائیل هیچ بارمەتەیەکی لە ناوچەی خان یونسی غەزە نەدۆزییەوە
دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکەی لە ناوچەی خان یونس لە غەزە هێنا، چەند سەرچاوەیەک پشتڕاستیان کردەوە کە هیچ بارمتەیەکی ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا نەدۆزراوەتەوە. هەرچەندە ئەوان تۆڕی بەرفراوانی تونێڵیان دۆزیوەتەوە و دەستیان بەسەردا گرتووە و پێشتر بارمتەکانی تێیدا بووە، هیچ کام لە بارمتەکان لە تونێلەکاندا نەماون، ئەمەش لەکاتێکدایە سوپای ئیسرائیل پێیوابوو زۆرینەی بارمتەکان لە تونێڵەکانی خان یونسدا شاردراونەتەوە و لە ساڵی رابردووە هیوای لەسەر ئەوە هەڵچنیبوو، بەڵام پێشبینییەکانیان راست دەرنەچوو.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
مووچەى خانەنشینى لە ئەڵمانیا پێنج هێندەى خانەنشینى تورکیایە
کەمترین مووچەى خانەنشینى لە تورکیا، 10 هەزار لیرەیە. دەکاتە 298 لیرە. لە ئەڵمانیا مووچەى ستاندارتى خانەنشینى 1.700 یۆرۆیە. واتە پێنج هێندەى مووچەى خانەنشینى تورکیایە.
دەسەڵات بۆئەوەى میللەت هەڵبخڵەتێنێت بەردەوام دەڵێت ئەڵمانیا حەسوودى بە تورکیا دەبات! بەڵام لە راستیدا ئێمە حەسوودى بەوان دەبەین. چۆن حەسودەى نەبەین لەکاتێکدا لەوێ مووچەیان بەرزە و هەڵاوسانیش کەمە.
حوڕییەت
تورکیا سەرکەوتنێکى دیکەى لەبوارى بەرگریدا تۆمارکرد
تورکیا یەکەم فڕۆکەى جەنگى خۆى بەناوى kaan دروستکرد. دوێنى یەکەمجار بە بەرزى هەشت هەزار پێەوە بۆماوەى 13 دەقە بەئاسمانى ئەنقەرەوە فڕی.
تەواوى پارچەکانى ئەم فڕۆکەیە دروستکراوى تورکیایە.
فڕۆکەکە لە ریزبەندى پێنجەمین فڕۆکەى جەنگى لەسەرئاستى وڵاتان ناسێنراوە.
وابڕیارە تورکیا تاوەکو ساڵى 2028، لەبوارى هێرشى ئاسمانیدا 20 فڕۆکەى kaan بەکاردەهێنێت.
ئەکشام
لە لیستەکەى جەهەپە 17 ئەندام بۆ دەم پارتى دانراوە
داخوازییەکانى دەم پارتى، لەهەندێک ناوچە پاشەکشەى بە جەهەپە کرد، جەهەپە کاندیدەکەى لە ناوچەى ئەسانیورت لە ئەستەنبوڵ کشانەوە. لە لیستى ئەنجومەنى شارەوانییەکانى جەهەپە لەو شارە، لە 40 ئەندام 17 ى بۆ دەم پارتى تەرخان کراوە.
ئایدنڵک
لە ئەستەنبوڵ دەم پارتى و جەهەپە کاندیدێکى هاوبەشیان هەیە
دەم پارتى بە رێککەوتن لەگەڵ جەهەپە، لە ناوچەى ئەسانیورت پڕۆفیسۆر ئەحمەد ئۆزار وەک کاندیدى دەم پارتى دەستنیشان کردووە.
ئۆزار، داکۆکى لە خوێندن بە زمانى دایک بۆ کورد و سیستمى بەڕێوەبرێتى خۆسەریی دەکات و لەگەڵ هەموارکردنەوەى دەستوورى تورکیایە.
پڕۆفیسۆر ئەحمەد ئۆزار لەساڵى 2015 کاندیدى هەدەپە بووە.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
بانگەشەی هەڵبژاردنەکانى ئێران دەستیپێکرد
کێبڕکێی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی 12ی پەرلەمان بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستیپێکرد و بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت
لەم خولەدا زیاتر لە 15 هەزار و 200 کاندید بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لەلایەن ئەنجومەنی پارێزەرانەوە پەسەندکراون، کە نزیکەی 75%ی بەشداربووەکان لەخۆدەگرێت. ئەم رێژەیە لە پشتڕاستکردنەوەی شیاوبوونی بەشداربووەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئێران تائێستا وێنەی نەبووە.
مردم سالاری
90 بەڕێوەبەری گەندەڵ لە کارەکانیان دوورخرانەوە
حەسەن دەروێشیان، پشکنەری تایبەتی سەرۆککۆمار، دوورخستنەوەی 90 بەڕێوەبەری گەندەڵی ئاشکرا کرد و جەختی لەسەر شایستەیی وەک بنەمایەکی سەرەکی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا کردەوە. ئەم دەرکردنانە ئەو کەسانەیان کردە ئامانج کە بڕوانامەیان نییە.
کارەکانی ئەم دواییە ئاماژەن بۆ گرنگیدانی زیاتر بە شایستەیی و ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرپرسانی دیاریکراوی پێشوو و ئێستا هەیە و پشکنین بەردەوام دەبێت.
شەهروەند
وشکەساڵی لە ئێران زیاتر دەبێت
لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن وشکەساڵی ئێستا بەراورد بە 30 ساڵ لەمەوبەرەوە زیاترە.
سەرۆکی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی کەشوهەوا رایگەیاند، لەگەڵ گەرمبوونی جیهان و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، پێشبینی دەکرێت رووداوە وێرانکەرەکانی وەک وشکەساڵی خێراتر ببن و چڕی و مەودای زیاتریان هەبێت بەراورد بە رابردوو. ”
ئاماژەی بەوەشکرد، لە جیهاندا دەگوترێت گۆڕانی کەشوهەوا ناوچە وشکەکان وشکتر دەکات و ناوچە تەڕەکان شێدارتر دەبێت، ئەمەش تائێستا لە وڵاتەکەماندا راست بووە.
خۆراسان
لە ئێران خواست لەسەر نەشتەرگەریی جوانکاری زیادی کردووە
سەرۆکی کۆمەڵەی پزیشکانی نەشتەرگەریی پلاستیک و جوانکاری ئێران رایگەیاند، زیادبوونی خواست لەسەر نەشتەرگەریی جوانکاری زیادی کردووە، بەشێکی هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ریکلامی بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەمەنی نەشتەرگەری بۆ 17 ساڵ دابەزیوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەندێک وڵات یاسای کاریگەریان بۆ ئەو بابەتە داناوە کەچی ئێمە پلانمان دانەناوە.