زووم
دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بخاتە سەر حکومەتی فیدراڵی، کورسیی کۆتای پێکهاتەکانیشی لە پەرلەمانی کوردستان نەهێشت.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاری لەبارەی دوو سکاڵای تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا.
لەبارەی مووچەوە، سکاڵا لەسەر هەریەکە لە محەمەد شیاع سودانی و مەسرور بارزانی تۆمارکرابوو، دادگا بڕیاریدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە، وەک هەر مووچەخۆرێکی دیکەی عێراقی، دابەشبکرێت.
دادگا، محەمەد شیاع سودانی و مەسرور بارزانی ناچارکرد مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بانکەکانی حکومەتی فیدراڵ جێگیربکەن، مووچەکانیان لەڕێگەی لقەکانی بانکە فیدراڵییەکان و ئەو بانکانەی دیکەی هەرێم کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە مۆڵەتیان وەرگرتووە، دابەشبکرێت.
دادگای فیدراڵی سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵی پابەند کردووە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت، پرۆسەکەش وەکو قەرز دانانرێت، بەڵکو لە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت.
هەروەها هەرێمی کوردستان پابەندکراوە بە رادەستکردنی تەواوی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە حکومەتی فیدراڵ، لەو چوارچێوەیەشدا، دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ، بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، وردبینی لە زانیاری و داتاکانی تەواوی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەمە جگە لە پابەندکردنی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەوەی دەسەڵات بداتە چاودێریی دارایی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم، وردبینی بۆ هەژمارە بانکییەکانی هەرێم لە بانکی ناوەندی و هەروەها لیستی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات.
تایبەت بە سکاڵای دووەم لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، دادگای فیدراڵی چەند بڕیارێکی دا، لەوانە، 11 کورسیی کۆتای پێکهاتەکانی بە نادەستووری دانا و پەرلەمانی کوردستانی کردە 100 کورسی.
هەروەها بڕیاریدا بە نادەستووریبوونی دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان، بۆ لەمەودوا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق جێگەی دەستەکە دەگرێتەوە بۆئەوەی سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات.
لەبارەی بازنەکانی هەڵبژاردنیشەوە، دادگای فیدراڵی بڕیاریدا هەرێمی کوردستان بۆ چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن دابەشبکرێت، لە چوار بازنە کەمتر نەبێت.
بڕیاریشی دا هەموو پێکهاتەیەکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەیە لیستی تایبەت بەخۆی پێشکەش بکات، ناوی کاندیدەکان لەخۆبگرێت، رێژەی ژنان 30% کەمتر نەبێت، ریزبەندیی کاندیدەکانیش بەشێوەیەک بێت نوێنەرایەتیی ژنان لە پەرلەمان، بەو رێژەیەی دیاریکراوە، دەستەبەر بکات.