زووم:
لە هەڵبژاردنەکەی 8ی ئەم مانگەی پاکستاندا هیچ لایەنێک براوەی یەکەم نەبوو، دوای ماوەیەکی زۆر دانووستان، ئەمڕۆ دوو حزبی براوە کە نوێنەرایەتیی دوو ئاراستەی سیاسیی دێرن دەکەن رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەت و سەرۆکوەزیران بۆ حزبەکەی نەواز شەریف دەبێت و ئەویش برایەکی خۆی دادەنێت.
باڵی نەواز شەریف لە رابیتەی ئیسلامیی پاکستانی کە لەلایەن سوپاوە پشتگیریی لێدەکرێت لەگەڵ پارتی گەلدا رایانگەیاند، پاش چەند رۆژ لە گفتوگۆکردنی بەردەوام گەشتوون بە رێککەوتنێک زۆرینەیەکی هاوپەیمانی پێکبهێنن و چەند حزبی تریش بانگهێشت بکەن، بچن بەشداری حکومەت بن.
حزبەکەی عیمران خانی سەرۆکوەزیرانی پێشوو کە ئێستا لە زینداندایە، نەیتوانی وەک حزب بەشداری هەڵبژاردنەکە بکات بەهۆی رێگرییەکانی سوپاوە، بۆیە ناچار بە کاندیدی سەربەخۆ بەشدارییان کرد و توانیان زۆرترین کورسی بەدەستبهێنن، بەڵام بەهۆی بەردەوامی رێگرییەکان، نەیانتوانی لە دانووستانەکانی پێکهێنانی حکومەت بەشدار بن.
ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە، کە دروستکراوە رێککەوتوون لەسەرئەوەی شاباز شەریف بۆ پۆستی سەرەکوەزیران و ئاسف عەلی زەرداریی مێردی بێنەزیر بۆتۆی سەرۆکوەزیرانی پێشوویش بۆ پۆستی سەرۆککۆمار کاندید بکەن.
ئەم دوولایەنەی کە ئێستا هاوپەیمانێتیەکەیان دروستکردووە، لە رابوردوودا پەیوەندییان باش نەبووە، بۆیە لە کۆنفرانسە رۆژنامەنووسییەکەدا شەریف و بیلاواڵ پێکەوە دانیشتبوون. شەریف گوتی لە پاش 76 ساڵ، وا ئێستا کار لەسەر قەرزە کۆنەکانمان دەکەین، ئەم قسەیەش بە گوتن ئاسانە نەک بە کردار، بۆیە هیوادارین بتوانین روبەڕووی ئاڵنگارییە گەورەکان ببینەوە و پاکستان لەم کێشانە ببەینە دەرەوە.