زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرق ئەوسەت
لە رۆژی جیهانیی زمانی دایکدا؛ لە سوریا زمانەکانی روسی و فارسی و تورکی و کوردی تەنگیان بە زمانی عەرەبی هەڵچنیوە
لە ساڵی 1996 بەدواوە رۆژی 21ـی شوبات کراوە بە رۆژێکی نێودەوڵەتی بۆ ئاهەنگگێڕان بە زمانی دایکەوە، لەو ساڵەدا یونسکۆ لەسەر داوای بەنگلادش ئەو رۆژەی دیاریکرد و پاشانیش کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان وەک هەوڵێک بۆ پتەوکردنی پایەی زمانە ناوخۆییەکانی هەموو وڵاتان جێگیری کرد و دانی پێدانا.
دروشمی بۆنەی ئەمساڵی ساڵڕۆژەکە باسی خوێندنە بە زمانی دایک و دەڵێت، فێرکردن بە زمانە جیاوازەکان یەکێکە لە پایەکانی فێرکردن و فێربوونی نەوەکان
رێكخراوە نێودەوڵەتییەکە دەڵێت، تائێستا رێژەی 40%ـی زمانەکانی دنیا دەیانەوێت وابکەن منداڵیان بە زمانی خۆیان بخوێنن، بەڵام رێگەیان پێنادرێت. لەمڕوەوە باسی ئەو ئاڵوگۆڕە سیاسییانە دەکات، کە لەوڵاتی سوریادا روویانداوە و دەڵێت، بەپێی جیاوازیی دەستەڵاتە سیاسییەکان زمانی جیاواز بەسەر خەڵکدا فەرز دەکرێت.
سەباح
گوێنەدان بە وادە یاساییە دیاریکراوەکان بووە بە نەریت؛ پەرلەمانتاران رەخنە لە دواکەوتنی ناردنی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024 دەگرن
چەند ئەندام پەرلەمانێک و چاودێرێکی بواری کاروباری ئابوری رەخنە لەوەدەگرن حکومەت لە ناردنی خشتە هاوپێچەکانی بودجەی ساڵی 2024 بۆ پەرلەمان دواکەوتووە. ئەگەرچی ئاسانکاریی زۆریش لە پرۆژەکەیدا هەیە، بەوپێیەی کە بەرنامەی بودجەکە بۆ سێ ساڵ دانراوە و تەنها پێویستی بە ئەنجامدانی چەند دەستکارییەکی کەم هەیە، لەڕووی ساغکردنەوەی هەندێک هەژماری خەرجی و داهاتەوە.
قودسی عەرەبی
برسێتی غەزەی تەنیوە و خەڵک دەڵێن ئەگەر بۆردومانیش نەمانکوژێت، برسێتی دەمانکوژێت
دوێنێ سێشەممە بەرنامەی خۆراکی جیهانی پێشکەشکردنی یارمەتییەکانی خۆیی بۆ خەڵکی باکوری غەزە راگرتووە و دەڵێت تا هەلومەرجی لەبارتر نەڕەخسێت ناتوانن دەست پێبکەنەوە. برسێتییش لە ناوچە جیاوازەکاندا زۆر بڵاوە و خەڵک ڤیدیۆ بڵاودەکەنەوە و هاواردەکەن، کە برسێتیی ماندووی کردوون.
غادە زەکی ژنێکی خەڵکی باکوری غەزەیە، لە ڤیدیۆیەکیدا کە لە ئینستاگرام بڵاوی کردووەتەوە هاواردەکات و دەڵێت، ئەگەر بۆردومانیش نەمانکوژێت، برسێتی دەمانکوژێت.
عەرەبی جەدید
هەموو جیهان لە بڵاوبونەوەی نەخۆشیی ئێکس دەترسێت
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و چەند دامەزراوەیەکی تەندروستیی تر و ناوەندی توێژینەوەش هۆشداری دەدەن لەوەی ئەگەری هەیە نەخۆشییەکی کوشندە هەموو جیهان بگرێتەوە. ئەم نەخۆشییە بەشێوەیەکی مەجازی ناوی لێنراوە نەخۆشیی ئێکس، بەو مانایەی کە جارێ ناوی نییە و هیچیشی لەبارەوە نازانرێت.
تیدرۆس ئەدهانۆم گێبریسۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گوتی، ئەم نەخۆشییە زۆر لە کۆڤید 19 کوشندەترە، ناوبراو دەڵێت خەڵک ئەزمونیان لە بڵاوبونەوەی پەتاکەی پێشوەوە وەرنەگرت، بۆیە ئەم جۆرە نوێیە، ئەگەر بڵاوببێتەوە زیانەکانی زۆرتردەبن.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
شازادە ویلیامی بەریتانیا دەڵێت، دەبێت شەڕی غەزە کۆتایی پێ بهێنرێت
شازادە ویلیام، شازادەی وێڵز لە بەریتانیا داوای کرد شەری غەزە کۆتایی پێ بهێنرێت لە هەڵوێستێکدا کە رەنگە مەترسیی بۆسەر پەیوەندییە دیبلۆماتییەکان لەگەڵ ئیسرائیل دروست بکات. لە بەیاننامەیەک کە بۆ رای گشتی بڵاویکردەوە، شازادە رایگەیاند، خەڵکێکی زۆر لە شەڕەکەدا کوژراون، داواشیکرد هاوکاریی مرۆیی زیاتر رەوانەی غەزە بکرێت و بارمتەکانی لای حەماس ئازادبکرێن. هاوکات داواشیکرد هەرچی زووە شەڕەکە کۆتایی پێ بهێنرێت.
گاردیەن
سەرۆکی پارتی کرێکاران لەسەر پرسی غەزە رووبەڕووی مەترسیی یاخیبوون دەبێتەوە سەرەڕای داواکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست
هەوڵەکانی کەیر ستامەر، سەرۆکی پارتی کرێکارانی بەریتانیا بۆ رێگریی لە سەرهەڵدانی یاخیبوونێک لەنێو ئەندامانی پارتەکەی لەبارەی پرسی غەزە لە لێواری شکستهێناندابوون، لەگەڵ ئەوەشدا لەکۆتاییدا بۆ فشارەکان رازیبوو و داوای راگەیاندنی ئاگربەستی کرد لە غەزە.
ئەم داوایە دەبێتە یەکەم هەڵوێستی هاوشێوەی پارتی کرێکارانی بەریتانیا لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەزە. ئەمەش هەوڵێک بوو بۆ ئەوەی پارتەکە جارێکی دیکە درزی تێنەکەوێت لەو دانیشتنە تووندەی کە بڕیارە ئەمڕۆ لە پەرلەماندا بەڕێوەبچێت.
واشنتن پۆست
ئەمریکا ڤیتۆی بۆ سێیەم داوای نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ راگەیاندنی دەستبەجێی ئاگربەست لە غەزە بەکارهێنا
ئەمریکا بۆ جاری سێیەم ڤیتۆی لەدژی بڕیارنامەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بەکارهێنا کە دوای راگەیاندنی دەستبەجێی ئاگربەستی لە غەزە دەکرد. بیانووی ئەمریکا بۆ دژایەتیکردنی ئەو بڕیارە ئەوەبوو کە کاریگەریی لەسەر دانووستانەکان دەبێت بۆ گەیشتنە رێککەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بۆماوەی شەش هەفتە و ئازادکردنی زیاتر لە 130 بارمتە. بڕیارنامەکە لەلایەن جەزائیرەوە پێشنیازی نەتەوە یەکگرتووەکان کرابوو، لەوبارەیەوە نوێنەری ئەمریکا رایگەیاند، ئەو بڕیارنامەیە دەبێتە پەیامێکی هەڵە بۆ بزووتنەوەی حەماس و دانووستانەکان لەباردەبات.
ئۆرشەلیم پۆست
سوپای ئیسرائیل یەکەم راپۆرتی شکستی دەزگای هەواڵگریی لەبارەی هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر لە سەرەتای هاویندا رادەگەیەنێت
سوپای ئسیرائیل بەنیازە راپۆرتێک لەبارەی شکستی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی لەهەمبەر هێرشەکەی حەماس لە مانگی ئایار یان حوزەیراندا رابگەیەنێت. ماوەی چەندین مانگە سوپا لەوبارەیەوە لێکۆڵینەوە دەکات و لە مانگی ئازاریشدا لێکۆلینەوەکان چڕتر دەبنەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ناتانیاهۆ بەردەوام دژی ئەوە بووە کە لێکۆڵینەوە لە رۆڵی سەرۆکوەزیران بکرێت لە روودانی ئەو هێرشەی حەماس بۆسەر وڵاتەکە. هاوکات دژی ئەوەشە هەڵبژاردنەکانی پێشبخرێت و داواشدەکات تا ساڵی 2026 حکومەتی ئێستا لە ئەرکەکەیدا بمێنێتەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
میللیەت
دەم پارتى لەدوا ساتەکاندا کاندیدی خۆی لە ئیستەنبوڵ ئاشکرا کرد
مشتومڕى نێوان دەم پارتى و جەهەپە وایکرد دەم پارتى لە دوا ساتدا لیستى کاندیدەکانی خۆى بۆ گەورە شارەوانیی ئیستەنبوڵ پێشکەش کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن بکات.
بەگوێرەى زانیارییەکان دەم پارتى لەکاتژمێر 4:55 خولەک لیستەکەى پێشکەش بە کۆمیسیۆن کردووە. بەمەش ئاشکرا بوو کە دەم پارتى بە کاندیدى خۆیەوە بەشدارى لە هەڵبژاردنى ئیستەنبوڵ دەکات.
سۆزجو
پارتی رەفای نوێ دەڵێت نابنە پارتێک بۆ جێگرەوەی ئاک پارتى
فاتیح ئەربەکان، سەرۆکى پارتى رەفاى نوێ دەربارەى کشانەوەى لە هاوپەیمانى کۆماریی رایگەیاند، لە ئیستەنبوڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر بە کاندیدى خۆمانەوە بەشداریی لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکان دەکەین، ئێمە بۆ سەرکەوتنى یاخود شکستهێنانى پارتێک کارناکەین، بۆ سەرکەوتنى کاندیدەکانمان کاردەکەین.
ئەکشام
55 کەس خۆیان بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ کاندید کردووە
دوێنێ کاتژمێر پێنج پارتە سیاسییەکان لیستى کاندیدەکانیان پێشکەش بە کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان کرد، 22 پارتى سیاسی و 30 کاندیدى سەربەخۆ، ناویان بۆ پۆستى سەرۆکى گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ پێشکەش کردووە.
یەنى شەفەق
فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا چاڵە نەوتییەکانى رۆژئاڤاى کوردستانیان بۆردومان کرد
لە درێژەى ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان بۆ سەر هەرێمى کوردستان و رۆژئاڤاى کوردستان، فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا چاڵە نەوتییەکانى رۆژئاڤاى کوردستانیان بۆردومان کرد. ئەمەش دەرهێنانى نەوتى لەژێر دەستى پەکەکە راگرتووە کە سەرچاوەیەکى داهاتى زۆر بووە بۆ ئەوان.
ئەمریکا لەهەوڵى ئەوەدایە بۆ بەرژەوەندییەکانى خۆى هاوکارى پەکەکە بکات تاکوو خاوەندارێتى ئەو چاڵە نەوتییانە بکات.
رۆژنامە فارسییەکان
کەیهان
ئێران بەهۆی سزاکانەوە ناچار بوو 80 فڕۆکەی دەستی دوو بکڕێت
سەرۆکی رێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی رایگەیاند، رێکارێکی حکومەت بریتی بوو لە پەرەپێدانی کەرتی ئاسمانی کە ناچار بووین فڕۆکە بکڕین بەڵام بەهۆی گەمارۆکانەوە فرۆکەی نوێمان دەست نەکەوت و ناچار بووین 80 فڕۆکەی دەستی دوو بکڕین.
ئاماژەی بەوەشکرد: ستراتیژێکی تری حکومەت دروستکردنی فڕۆکەیە، کە دوای پشووی هەشت ساڵە دەستیپێکردەوە و ئەمەش رێگایەکی روونە و توانیویەتی هاوکارمان بێت بۆ دەرچوون لە کێشەکان، بۆ ئەوەی بتوانین بەو توانایەی کە هەمانە 500 فڕۆکەمان هەبێت بۆ وڵاتەکەمان و وەڵامی پێداویستییەکانی خەڵک بدەینەوە.
هەمدلی
بازاڕی خانووبەرەی ئێران سفر بووەتەوە
شارەزایەکی بواری خانووبەرە دەڵێت: خواست لەسەر بازاڕی خانووبەرە سفرە، چاوەڕوانی خەڵکیش بۆ خاوەندارێتی خانوو گەیشتووەتە زیاتر لە سەد ساڵ.
مەجید گودەرزی باسی لەوە کرد کە بازاڕی خانووبەرە رووبەڕووی دابەزینی نرخەکان بووەتەوە و گوتی: کەرتی خانووبەرە خەمی سەرەکی خەڵک و لاوانە، چاوەڕوانییەکانیش بۆ هەڵاوسان لەگەڵ دابەزیندایە و پێچەوانە بووە هیوادارین بگاتە ئاستێک خەڵک بتوانن خانوو بکڕن.
ئەبرار
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی سەردانی ئێران دەکات
رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی رایگەیاند، مانگی داهاتوو بۆ یەکەمجار لە ماوەی ساڵێکدا سەردانی تاران دەکات.
ناوبراو گوتی، ئێران بەردەوامە لە پیتاندنی یۆرانیۆم زۆر لە ئاستی پێویست زیاتر بۆ بەکارهێنانی لە بواری بازرگانی.
دوای ئاگادارکردنەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەو بارەیەوە، گرۆسی رایگەیاند، ئێران هێشتا لە ئاستێکی بەرزدا پیتاندنی یۆرانیۆم دەکات و مانگانە حەوت کیلۆ یۆرانیۆم تا 60% پیتاندن دەکات و بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە سەردانی تاران دەکات.
ئارمان ئیمروز
ئێران بەدوای شەڕدا ناگەڕێت
محەممەد رەزا سەبوری باڵیۆزی ئێران لە ئیتاڵیا، تێوەگلانی ئێران لە “ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا” رەتدەکاتەوە و رایگەیاند کە ئەوان لەو هێرشە ئاگادار نەکراونەتەوە.
ناوبراو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە تەنانەت لە نێوان پەرەسەندنی گرژییەکاندا، هەڵوێستی ئێران لە دژی ململانێ و شەڕی بەرفراوانە.
دوای ئۆپەراسیۆنەکە ئیسرائیل غەزەی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا زیاتر لە 28 هەزار قوربانی فەلەستینی لێکەوتەوە کە زۆربەیان کەسانی مەدەنی بوون. راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تیشک دەخەنە سەر بارودۆخی نالەباری مرۆیی غەزە، کە 85%ی دانیشتووانی غەزە ئاوارەبوون و کەمیی خۆراک و ئاوی پاک و دەرمان هەیە و ژێرخانە گرنگەکانی غەززە زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.