زووم:
ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشى نێودەوڵەتی لەبارەی ئاگربەستی غەزە کۆدەبێتەوە، کۆبوونەوەکە لەسەر داواکاری جەزائیرە و ڤیتۆی ئەمریکا بۆ ئەمجارەش ئامادەیە، بۆیە چاوەڕوانی هیچ بڕیارێکی لێ ناکرێت.
ئەمریکا پێشتر دووجار ڤیتۆی بڕیاری ئەنجومەنەکەی لە بەرژەوەندی ئیسرائیل کردووە، دووجاریش خۆی لە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنەکە پاراستووە، بەڵام ئێستا خۆی پڕیارنامەیەکی بۆ ئاگربەست ئامادەکردووە و دەیەوەێت ئاگربەستی کاتی رابگەیەندرێت.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمریکا بڕیارنامەکەی پێشکەش بە ئەنجومەنەکە کردووە، بۆئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت و ئیسرائیل ناچار بکەن ئاگربەستێکی کاتیی لە غەزە رابگەیەنێت و لە دژی هێرشی بەرفراوانی سوپای ئەو وڵاتە بۆسەر ناوچەی رەفەح بوەستێتەوە.
لە رەشنووسەکەدا هاتووە، پێویستە ئەنجومەنی ئاسایش پشتیوانی لە ئاگربەستێکی کاتیی بکات، کە لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکرێن و بەربەستەکانی بەردەم رەوانەکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەزە هەڵبگیرێن.
رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، رەشنووسی بڕیارنامەکەی ئەمریکای بینیوە، دەڵێت، ئەمریکا پێیوایە هێرشکردنە سەر رەفەح لە هەلومەرجی ئێستادا زیانی زۆرتر بە هاوڵاتییانی مەدەنی ناوچەکە دەگەیەنێت و ژمارەیەکی زۆریش لەو خەڵکە ئاوارەی وڵاتانی دراوسێ دەکات.
لە رەشنوسەکە ئیدانەی گوتەی ئەو وەزیرانەی ئیسرائیل دەکات، داوایان کردووە ئیسرائیلییە هاوردەکان هەڵبکوتنە سەر غەزە و دیمۆگرافیای ناوچەکە بگۆڕن.
بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمریکا بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، پلانیان نییە پەلە بکەن لە دەنگدانەکە و کار بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسەکە دەکەن.
لەبارەی پلانی سوپای ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر رەفەح، لە بڕیارنامە پێشنیازکراوەکەی ئەمریکادا هاتووە ئەو هەنگاوە دەرهاویشتەی جددیی دەبێت لەسەر ئاسایش و ئاشتیی ناوچەکە، بۆیە نابێت لە هەلومەرجی ئێستادا ئەو هێرشە بکرێت.
بۆ ئەوەی بڕیارنامەکە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە پەسەند بکرێت، دەبێت لانیکەم دەنگی نۆ لە کۆی 15 وڵاتی ئەندام بەدەست بهێنێت و هیچکام لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجومەنەکە، کە ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، روسیا و چین، ڤیتۆ لەدژی بڕیارنامەکە بەکار نەهێنن.