زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرق ئەوسەت
هۆشیار زێباری: نامەیەکی هەڕەشەئامێزی سولەیمانی بۆ تاڵەبانی مالیکی رزگارکرد
شەرق ئەوسەت لە لەندەن دیدارێکی لەگەڵ هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەنجامداوە، بابەتی دیدارەکەی کردووە بە مانشێتی سەرەکی و تیایدا هاتووە:
لەو دیدارەدا زێباری باسی لە نیگەرانییەکانی خۆی کردووە لە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوانی عێراق و هەرێمی کوردستان. زێباری گوتویەتی ئەم سیاسەتی تۆڵەسەندنەوەی بەغداد پێچەوانەی دەستوورە. پێکهاتەی سونە هەستدەکەن پەراوێزخراون، پێکهاتەی کوردیش هەست دەکەن ئاسایش و ئابوریی هەرێمەکەیان کەوتووەتە مەترسی.
زێباری بە دووری زانیوە ئەم وردە شەڕانەی نێوانی ئەمریکا و چەند گروپێک ببن بە هۆی ڕوودانی تەڵاقێک لە نێوانی بەغداد و واشنتندا، یان کاریگەریی خراپ بۆسەر ئاسایش و ئابوری دروستبکەن.
زێباری دەڵێت، بەرپرسە عێراقییەکان هەر زوو ئەوەیان لە ئێران بیستووە کە نایەوێت شەڕی راستەخۆی ئەمریکا و ئیسرائیل بکات.
زێباری لەبارەی قاسم سولەیمانیشەوە قسەی کردوە و گوتویەتی، دیپلۆماسیەتی بەهێزبووە، بەڵام کەی ویستبێتی، دەیتوانی هەڕەشەی بەکارهێنانی هێز بکات، بۆیە ئەودەمەی چەند فراکسیۆنی پەرلەمانی ویستیان مالیکی پەراوێزبخەن، ئەو بە نامەیەک تاڵەبانی کە ئەو کاتە سەرۆککۆماری بوو ئاگادارکردەوە کە نابێت ئەوە رووبدات.
قودسی عەرەبی
ژمارەی شەهیدەکانی غەزە 29 هەزاری تێپەڕاندووە و 26 دەوڵەتی ئەوروپاش داوای ئاگربەستێکی مرۆیی دەکەن
بەگوێرەی ئەم هەواڵە، دوێنێ 26 وڵاتی ئەوروپی داوایانکردووە بەپەلە ئاگربەستێک لە غەزە رابگەیەنرێت بەهۆکاری مرۆیی، چوار مانگە ئەو شەڕە بەردەوامە و تێیدا زیاتر لە 29 هەزار کەس کوژراون. چەندان هاووڵاتی پێشێلکارییان بەرامبەر ئەنجامدراوە، بۆیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چەند دەنگێک بەرزبوونەتەوە و داوا دەکەن لێکۆڵینەوە بکرێت لەوەی چەندان تاوانی کوشتن و زەوتکردن و دەستدرێژیی سێکسی ئەنجامدراوە.
سەباح
بۆچوونی جیاواز لەبارەی یاسای شیاندنی ژنانەوە هەیە، ڕەنگە هەندێک لایەن بۆ دابەشکردنی پۆستەکان سوودی لێ وەربگرن
چەند پسپۆرێکی بواری مافەکانی مرۆڤ دەڵێن، ئەو پڕۆژەیاسایانەی دەستەی باڵای شیاندنی ژنان پێشکەشیان کردووە، ناتوانێت گۆڕانکاری لە واقعی دامەزراوەکاندا بکات.
عەلی بەیاتی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوێکی مافی مرۆڤە و دەڵێت، شتێکی سەیرە سیستەمی سیاسی لە عێراق ئەو یاسا گرنگانە فەرامۆش دەکات کە پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە و نایەوێت کێشە راستەقینەکان چارەسەر بکات.
عەرەب
دواخستنی هەڵبژاردنەکان، ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستانی عێراق دەخاتە بەر هەڕەشە
لەم راپۆرتەدا هاتووە کە دواخستنی هەڵبژاردنەکان مانای وایە چەند لایەنێکی سیاسی هەن لەوە دەترسن هەڵبژاردن چەند گۆڕانکارییەکی نەخوازراویان بۆ بهێنێتە پێشەوە، لەبەرئەوە دوایدەخەن.
چەند کەسایەتییەکی سیاسیی کورد لە سلێمانی هۆشداری دەدەن لەوەی ئەم چەند دواخستنە یەک لەدوای یەکەی هەڵبژاردن مەترسیی سیاسیی گەورە بۆسەر قەوارە دەستوورییەکەی ئەم هەرێمە دروست بکات کە زیاتر لە 20 ساڵە فەرمانڕەوایی خۆیی دەکات، هۆکاری دواکەوتنەکەشی ئەو ناکۆکییانەیە کە لەنێوانی دوو حزبە سەرەکییەکەدا لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان هەیە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
ئەمریکا هەنگاو دەنێت بۆ رێگریکردن لە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر رەفەح
شەوی رابردوو ئەمریکا رایگەیاند، نابێت ئیسرائیل ئەو داگیرکردنەی رەفەح کە پلانی بۆ داناوە جێبەجێ بکات، لەژێر ئەو هەلومەرجەی کە لە ئێستادا هەیە. هاوکات داواشی لە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد رێگریی لەو کارە بکات و شەڕ رابگرێت. جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت نەتەوەیەکگرتووەکان لەرێگەی دەنگدان لەسەر ئاگربەستێکی کاتی شەڕەکە رابگرێت. لە رەشنووسی بڕیارنامەیەکدا ئەمریکا هۆشداریی دەدات لە هێرشکردنە سەر ئەو شارە کە زیاتر لە ملیۆنێک فەڵەستینی وەک پەناگەیەک روویان تێکردووە.
گاردیەن
“لەگەڵ مندا بمێننەوە”.. هاوسەری ناڤالنی بەڵێنی دا درێژە بە شەری هاوسەرەکەی بدات
یولیا ناڤالنایا، هاوسەری سەرکردەی کۆچکردووی ئۆپۆزسیۆنی روسیا ئەلێکسی ناڤالنی کە لە زینداندا گیانی لەدەستدا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تیایدا بەڵێنی دا کارە سیاسییەکانی هاوسەرەکەی درێژە پێبدات و داواشیکرد روسییەکان لەدەوری کۆ ببنەوە، هاوکات حکومەتی روسیا داوای لە خێزانی ناڤالنیی کردووە تا دوو هەفتە ناتوانن تەرمەکەی وەربگرنەوە. لە پەیامەکەیدا، یولیا گوتی، “من دەمەوێت لە روسیایەکی ئازاددا بژیم، دەمەوێت روسیایەکی ئازاد بنیاد بنێم. بۆیە داواتان لێدەکەم لەگەڵ مندا بمێننەوە.”
واشنتن پۆست
دوای رزگاربوونێکی نائومێدکەرانەی غەزە، منداڵانی تازەلەدایکبوو هیچ شوێنێکیان نییە بۆی بڕۆن
داوی ئەوەی چەندین ناڕەحەتی و ناخۆشییان لە نەخۆشخانەی شیفا لە باکووری غەزە چەشت، ئەو 31 کۆرپەیەی کە لە نەخۆشخانەکەدا رزگارکران لە ئێستادا هیچ پەناگەیەکیان نییە بۆی بڕۆن و دایک و باوکانیان لەسەر شەقامەکانی غەزە دەمێننەوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەهۆی نەمانی ئۆکسجین و دەرمان بەشێکی دیکە لە کۆرپەلە تازە لەدایکبووەکان لە تەنیشت ئەوانەی کە رزگارییان بوو، گیانیان لەدەستدا.
ئۆرشەلیم پۆست
دەسەڵاتی فەلەستین بۆ دادگای دادی نێودەوڵەتی: ئسیرائیل ناتوانێت ڤیتۆ لە دژی دەوڵەتی فەلەستین بەکار بهێنێت
لە دانیشتنی دادگای دادی نێودەوڵەتیدا، وەزیری دەرەوەی دەسەڵاتی فەلەستین رایگەیاند، فەلەستینییەکان مافێکی شەرعی خۆیان هەیە بۆ ئەوەی ببن بە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان. گوتیشی، هیچ هێزێکی داگیرکەر، بە ئیسرائیلیشەوە، ناتوانێت ڤیتۆیەکی پێشوەختە لە دژی مافە نیشتمانییەکانی گەلێکی دیکەدا بەکاربهێنێت. ئەمەش لەکاتێکدایە دوێنی بنیامین ناتانیاهۆ لەژێر فشاردا دەنگدانی پەرلەمانی بۆ هەڵوێستی ئیسرائیل لەبارەی دژوەستانەوەی راگەیاندنی دەوڵەتی فەلەستینی دواخست.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
یەک ملیۆن کەس خۆى بۆ 76 هەزار پۆست کاندید کردووە
ئەمڕۆ ناوى کاندیدەکانى پارتە سیاسییەکان بە کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان دەدرێت، لیستەکە لە 3ـی ئازاردا بەفەرمى رادەگەیەنرێت.
لە تەواوی تورکیا، 61 ملیۆن و 400 هەزار دەنگدەر لە 207 هەزار سندوقى دەنگدان بەشدارى لە پڕۆسەى هەڵبژاردنى 31ـی ئازار دەکەن.
لە هەڵبژاردنەکەدا هەزار و 393 سەرۆکشارەوانی، 21 هەزار ئەندامى ئەنجومەنى شارەوانی و 53 هەزار موختار هەڵدەبژێردرێن
جمهورییەت
تادێت دۆزینەوەى کار قورستر دەبێت
دەزگاى ئامارى تورکیا رایگەیاندووە لە ئەنجامى گەڕان بەدوای کاردا، دوو ملیۆن کەس لە تورکیا لە بێئومێدیدا دەژین. لەو ژمارەیە زۆربەی ژنن کە یەک ملیۆن و 60 هەزارى تێپەڕاندووە.
قەرار
داوا دەکرێت ناوچەیەکى ئارام بۆ حەوت شارۆچکەى هاتای رابگەیەندرێت
رێکخراوى بوومەلەرزەیی هەتای راپۆرتێکى لە ساڵیادى بوومەلەرزەکەى ئەو پارێزگایە رایگەیاندووە و باسی لەوە کردووە حکومەت کەمتەرخەم بووە لە هەنگاوە چارەسەرییەکان لە پارێزگاکە. بەتایبەتى لە کەرتى پەروەردە و تەندروستیدا کێشەى زۆر دروست بووە. کێشەى نیشتەجێبوونى دوو ملیۆن کەس لە پارێزگاکە و 700 هەزار کەسیش کار و بژێوییان لەدەستداوە. پێویستە ناوچەیەکى ئارام بۆ حەوت شارۆچکەى هاتای رابگەیەندرێت و بەزووترین کات ئاوڕ لەو کێشانە بدرێـتەوە.
میللییەت
رۆژى هەینى فیلمەکەی ئەحمەد کایا لە سینەماکان نمایش دەکرێت
رۆژى هەینى فیلمى “گۆرانییەکەى ئەحمەد” لە تەواوى سینەماکانى تورکیا و باکوورى کوردستاندا نمایش دەکرێت. فیلمەکە گێڕانەوەى ژیانى هونەرى هونەرمەندى ناودارى کورد ئەحمەد کایا یە.
فیلمەکە لەلایەن کۆمپانیاى ئەرباى میدیاوە بەرهەمهاتووە، کۆمپانیاکە رایگەیاندووە کە لەئێستادا هیچ بەربەستێکى یاسایی لەبەردەم نمایشکردنى فیلمەکە نەماوە و لەکاتى خۆیدا فیلمەکە نمایش دەکرێت.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
ئێرانییەکان دووهێندەی ستانداردی جیهانی نەخۆشیی دەروونییان هەیە
حەمید پەیڕەوی، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی پێشگیری لە خۆکوشتنی ئێران رایگەیاند، ئێرانییەکان زیاتر لە دوو هێندەی ئاستی جیهانی نەخۆشیی دەروونییان هەیە.
بە گوێرەی دوایین ئامار کە لە لایەن زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئێرانەوە پێشکەش کراوە، 970 میلیۆن کەس لە جیهاندا هەن کە لەگەڵ تێکچوونی دەروونیدا دەژین، واتە لە هەشت کەس یەکێکیان، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی زۆرترین رێژەیان هەیە.
ئامارەکان دەریدەخەن کە نزیکەی یەک لەسەر سێی خەڵکی کۆمەڵگەی ئێرانی رووبەڕووی تێکچوونی دەروونی دەبنەوە.
ئەفکار
12 ملیۆن کەس لە ئێراندا بیمەی تەندروستیی خۆڕاییان هەیە
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی بیمەی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، پێشکەوتنی بەرچاو لە داڕشتنی سیاسەت، جێبەجێکردن و تەرخانکردنی سەرچاوەکاندا بەدیهاتووە کە ئێستا 45 ملیۆن کەس دەگرێتەوە و 17 ملیۆن کەس لە ژێر داپۆشینی بیمەی تەندروستی گشتگیردان.
ناوەندە حکومییەکان هاوکاری بێبەرامبەر پێشکەش بە هەموو ئەو کەسانە دەکەن کە داوای یارمەتی دەکەن، لەنێویاندا دوو ملیۆن نەخۆشی شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی درێژخایەن و نەخۆشی دیکە. گرنگییەکی تایبەت بە نەخۆشانی ئۆتیزم دەدرێت، تێچووی چارەسەرکردن تەنانەت لە دامەزراوە تایبەتەکاندا دەگرێتەوە، سەرەڕای ئەوەش چارەسەری نەزۆکی بۆ هاوسەرەکان و چاودێری دایکان بەخۆڕاییە و بە گشتی ئەوانەی بیمە کراون کە 95%ی خەرجییەکانی خەوتنیان لە نەخۆشخانەدا دابینکراوە و بە خۆڕاییە.
جەوان
داهاتی شەڕی ئۆکراین دەچێتە گیرفانی ئەمریکا
لە سەرەتای جەنگەوە لە ئۆکراین، بڕی داواکاری بۆ پیشەسازییەکانی سەربازی و ئاسمانی ئەمریکا بە ڕێژەی 17% زیادی کردووە. ئەم زیادبوونە دوو سەرچاوەی هەیە؛
یەکەم: سوپاکانی ئەوروپا بۆ ئەوەی خۆیان بەهێز بکەن دژی ڕووسیا.
دووەم: پێنتاگۆن، بەمەبەستی جێگرتنەوەی ئەو چەکانەی داویەتی بە سوپای ئۆکراین.
هەروەها جگە لە گەشەی 17%ی داواکارییەکان بۆ پیشەسازییەکانی
سوپای ئەمریکا، بە گوتەی بەرپرسانی واشنتۆن 64%ی ئەو 60 ملیار دۆلارەی
لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئۆکراین تەرخان کرا بۆ دابینکردنی چەک، دیسانەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئابووری ئەمریکا و پیشەسازییە سەربازییەکانی ئەم وڵاتە.
هەمدلی
کۆنفرانسی میونشن وەڵامی قەیرانە گەورەکانی نەبوو
شەستەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەبێ ئامادەبوونی ئێران لە هەلومەرجێکی جیاواز لە ساڵانی پێشوو کۆتایی بە کارەکانی هێنا، ئەمساڵ مردنی گوماناویی ئەلێکسی ناڤالنی، رەخنەگری بەناوبانگی ڤلادیمێر پوتین لە زیندانێکی سیبریا، درێژەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەزە و هەروەها ترسی جددی لە شکستی ئۆکراین بەرامبەر روسیا، چەند پرسێکی گەورە بوون کە سێبەریان بەسەر کۆنفرانسەکە هەبوو، بەڵام سەرکردەکانی پەنجا وڵاتی جیهانی کە ئێران لە ناویاندا نەبوو چارەسەرێکیان نەدۆزییەوە و هیچ پێشنیارێکی چارەسەرکردنی گونجاویان بۆ ئەم قەیرانانە نەکرد.