زووم:
بافتا، بە گرنگترین خەڵات لە بواری سینەما و تەلەڤزیۆن لە بەریتانیا دەناسرێت و بە ئۆسکاری بەریتانیا ناسراوە، لەلایەن ئەکادیمیای بەریتانی بۆ هونەری سینەما و تەلەڤزیۆن پێشکەشدەکرێت، شەوی رابردوو خەڵاتەکانی لە لەندەن راگەیەندران.
فیلمی “Oppenheimer” پشکی شێری خەڵاتەکانی بافتای ئەمساڵی بەرکەوت، توانی حەوت خەڵاتی بافتا بباتەوە، لەوانە، باشترین فیلم.
لە سەرکەوتنەکانی دیکەی “Oppenheimer”، کیلیان مۆرفی، ئەکتەری ئێرلەندی توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکیی پیاو بەدەستبێنێت، خەڵاتی باشترین ئەکتەری لاوەکیی پیاویش درایە رۆبێرت داونی جۆنیۆر، کریستۆفەر نۆلان وەک دەرهێنەری فیلمەکە بۆ یەکەمجار توانی لە وڵاتەکەی خۆیدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بردەوە.
جگە لەو خەڵاتە سەرەکییانە، Oppenheimer توانی خەڵاتی باشترینەکانی مۆنتاژ، وێنەگرتنی سینەمایی و میوزیکی وێنەیی بەدەستبێنێت.
لە دەرەوەی فیلمی Oppenheimer، ئێما ستۆن بە نواندنی لە فیلمی ‘Poor Things’ خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکیی ژنی بەدەستهێنا، فیلمەکە جگە لە خەڵاتی باشترین ئەکتەری سەرەکیی ژن، چوار خەڵاتی دیکەی بەدەستهێنا.
هەروەها دەڤاین جۆی رەندۆلف، ئەکتەری ئەمریکی، بۆ رۆڵگێڕانی لە فیلمی ‘The Holdovers’ خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژنی لە رۆڵی لاوەکیدا بردەوە.
بەرهەمێکی دیکە کە چەند خەڵاتێکی بافتای بردەوە، فیلمی ‘The Zone of Interest’ بوو، لەبارەی بەرپرسی سەربازگەیەک و ماڵباتەکەیەتی و لە نزیک سەربازگەیەکی نازییەکان دەژین، توانی سێ خەڵات بەدەستبێنێت، ئەویش خەڵاتی باشترین فیلمی بەریتانی، باشترین فیلمی بیانی و باشترین ئەندازیاری دەنگ.