زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرق ئەوسەت
ئەنجومەنی دادوەریی عێراق: دروستکردنی هەرێم هەڕەشە بۆ سەر یەکێتیی خاکی عێراق دروستدەکات، بەڵام هەرێمی کوردستان ئەو هەڕەشەیەی نییە
فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق رەتیدەکاتەوە هیچ هەرێمێکی دیکە لە عێراق دروستبکرێت و دەڵێت، دەبێتە هەڕەشە بۆسەر یەکێتیی خاکی عێراق و ئارامییەکەشی دروستدەکات.
چاودێرە سیاسییەکان پێیانوایە ئەم هەڵوێستەی زیدان پێشێلکردنێکی ئاشکرای مادەی 119ـی دەستورە کە لە ساڵی 2005دا لە ئاستی جەماوەریدا دەنگی پێدراوە.
دەربڕینی ئەم هەڵوێستە چاوەڕواننەکراوەی زیدان کە دروستکردنی هەر هەرێمێکی دیکە رەتدەکاتەوە لە میانەی دیدارێکی ناوبراودا بوو کە تێیدا چاوی بە محەمەد نوری کەربوولی، پارێزگاری تازەهەڵبژێردراوی ئەنبار و عومەر میشعان دەبوسی، سەرۆکی ئەنجومەنی هەمان پارێزگا کەوت.
ناوبراو لەبارەی دروستبوونی هەرێمی کوردستانەوە گوتویەتی، ئەوە کیانێکی جیاوازە و لە ساڵی 1991ـەوە بوونی هەیە، واتە لەپێش بڕیاردان لە دەستووری عێراقیشەوە.

سەباح
داوادەکرێت بودجەی ساڵی 2024 هەموار بکرێتەوە بەڵام بەهۆی نەگەیشتنی هەژماری کۆتایی ساڵی رابوردوو، ئەم پرسە جێبەجێنەکراوە
بۆچوونی جیاواز لەبارەی خواستی هەموارکردنەوەی بودجەی ساڵی 2024 و تەنانەت خشتە و پاشکۆکانیشیەوە هەیە. هۆکاری دیاری ئەم هەموارنەکردنەوەیەش ئەوەیە هێشتا هەژماری کۆتایی ساڵانی رابوردوو رەوانە نەکراون، ئەمەش هەندێ جار کێشە لەبەردەم خەرجکردنی بەشێک بودجەی ساڵانی رابوردوودا دروستدەکات، بە تایبەتیش بۆ ئەو پرۆژانەی وەبەرهێنان کە بە چەند قۆناغێکی جیاجیا جێبەجێ دەکرێن.
ئەحمەد جبوری، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رۆژنامەکەی گوتووە لیژنەکەیان بۆچونێکی وای هەبووە کە بودجە لەبری ئەوەی یەک ساڵی بێت، بۆ سێ ساڵ پەسەند بکرێت، بەڵام لیژنەکەی ئەوان بۆچوونی خۆی لەسەر ئەوە روونکردووەتەوە کە دەڵێت رەوشی ئابوریی ئێستا بەرگەی بوودجەی سێ ساڵی ناگرێت.
قودسی عەرەبی
لەسەرئەوەی وەزیری دەرەوەی میسری گوتویەتی حەماس بەشێک نییە لە کۆدەنگیی فەڵەستینی؛
داوا دەکرێت لە کارەکەی دووربخرێتەوە
سامح شوکریی، وەزیری دەرەوەی میسر رۆژی شەممە لە کۆنگرەی ئاشتیی میونشندا لە ئەڵمانیا گوتویەتی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە دەرەوەی ئەو کۆدەنگییەیە کە لەلایەن زۆربەی گەلی فەلەستینییەوە پەسەنددەکرێت. حەماس کاری توندوتیژی ئەنجامدەدات و ددان بە بوونی ئیسرائیلیشدا نانێت، لەبەرئەوە پێویستە هەموو ئەولایەنانە سزا بدرێن و لێپرسینەوەشیان لەگەڵدا بکرێت کە پشتگیری لە حەماس دەکەن، کاتێک لەناو غەزەدا شەڕدەکات، پشتگیریی دارایی بۆ دەنێرن.
ئەم گوتەی ناوبراو مشتومڕی زۆری لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروستکردوە، کەسانێکی زۆر هەن داوا دەکەن لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە، بە تایبەتییش ئەو رێکخراو و حزبانەی کە پشتگیری لە حەماس دەکەن هانی ئەو بانگەشەیە دەدەن کە دەڵێن پێویستە شوکری لە کارەکەی دەربکرێت.
عەرەب
لە قەندەهاری ئەفغانستان وێنەگرتنی بوونەوەری زیندوو قەدەغەکرا، بەمەش ئەو پارێزگایە دەبێت بە توندڕەوترین پارێزگای ناو وڵاتەکەی خۆی
ویلایەتی قەندەهار دەکەوێتە باشوری ئەفغانستانەوە، بە لانکەی سەرەکیی تاڵیبان دادەنرێت. دەسەڵاتدارانی ئەو ولایەتە بە فەرمانێک گرتنی وێنە و تۆمارکردنی ڤیدیۆی هەموو بوونەوەرێکی زیندوویان قەدەغە کردووە، بەمەش ئەو شوێنە دەبێت بە توندڕەوترین ویلایەتی ئەفغانستان.
وەزارەتی ناوخۆ بە نوسراوێک بەرپرسە مەدەنی و سەربازییەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە لەمەودوا تۆمارکردنی ڤیدیۆ و وێنەی هەموو بونەوەرێکی زیندوو قەدەغەیە، لەبەرئەوەی زیانەکانی زۆرترن لە سودەکانی، بەڵام تۆمارکردنی چالاکییەکانی کەسانی بەرپرس بە نوسین یان بە دەنگ رێگە پێدراوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
ئێف بی ئای هۆشداری لە مەترسی نەرمەکاڵای سیخوڕیی چینی دەدات بۆسەر ژێرخانی سەرەکی لە ئەمریکا
نووسینگەی فیدراڵیی لێکۆڵینەوەی ئەمریکا (ئیف بی ئای) بەتەواوی سەرنجی خستووەتەسەر هەوڵەکانی چین لەبارەی جێگیرکردنی نەرمەکاڵای زیانبەخشی ئەلیکترۆنی بۆناو کۆمپیوتەرەکانی تایبەت بە ژێرخانی سەرەکی ئەو وڵاتە وەک هەوڵێک بۆ پەکخستنیان. بەگوێرەی بەڕێوەبەری دەزگاکە، ئەمریکا لەم دواییانەدا توانیویەتی تۆڕێکی هاککردنی نەرمەکاڵای چینی پەک بخات کە پێشتر هێرشی کردبووە سەر ژێرخانی ئاو و تۆڕەکانی کارەبای ئەمریکا.
دەیلی تەلەگراف
روسیا ئەو خۆپیشاندەرانە دەستگیردەکات کە تاجەگوڵینە و مۆم لەسەر گۆڕی ئالێکسی ناڤالنی دادەنێن
دوای گیانلەدەستدانی سەرکردەی دیاری ئۆپۆزسیۆنی روسیا لە زینداندا، مۆسکۆ دەستکردووە بە زیندانیکردنی ئەو خۆپیشاندەرانەی کە لە پرسەکەیدا تاجەگوڵینە و مۆمیان لەسەر ئارامگاکەی داناوە. تا ئێستا هێزە ئەمنییەکان زیاتر لە 400 کەسیان دەستگیرکردووە کە لە پرسەکەیدا بەشداربوون، ئەمەش لەکاتێکدایە سەرکردەکانی رۆژئاوا دەڵێن ئەلێکسی ناڤالنی لەلایەن سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەوە کوژراوە و نەمردووە. بەگوێرەی گرووپەکانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتەدا، بەشێک لەوانەی کە دەستگیرکراون سزای 15 رۆژ زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە.
واشنتن پۆست
تاران بەئاگایە لەوەی نابێت رووبەرووی شەڕی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل ببێتەوە
ئێران، کە شەیدای ئەوەیە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئسیرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بپچڕێنێت، بەئاگایە لەوەی پێکدادانی راستەوخۆ لەگەڵیان دەستپێنەکات، بە تایبەتی داوا لە حزبوڵا و گرووپە چەکدارەکانی دیکە دەکات دان بەخۆیاندا بگرن لە بەرامبەر هێزەکانی ئەمریکا. شەڕی دڕندانەی ئیسرائیل لەسەر حەماس لە غەزە بووەتەهۆی سەرهەڵدانی ناکۆکیی لەنێوان ئەمریکا و گرووپە نزیکەکانی ئێران لە چەندین بەرەوە. لە ئێستاشدا کە هیچ ئاگربەستێک بەدی ناکرێت، ئێران رووبەڕووی تاقیکردنەوەی دیکەی گەورە دەبێتەوە بۆ زانینی توانای کاریگەرییەکانی لەسەر ئەو گرووپە میلیشیاییانەی کە لێیەوە نزیکن.
ئۆرشەلیم پۆست
حکومەتی ئیسرائیل بەنیازە سەردانیکردنی مزگەوتی ئەقسا لە مانگی رەمەزاندا سنووردار بکات
بەگوێرەی سەرچاوەیەک لە کۆبوونەوەکانی نێوان بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیران و وەزیری ئاسایشی نیشتیمانیی و ژمارەیەکی دیکەی وەزیری ئیسرائیل، حکومەتی ئەو وڵاتە سەردانیکردنی مزگەوتی ئەقسا لە قودس لە مانگی رەمەزاندا سنووردار دەکات و تەنها ئەوکەسانەی کە تەمەنیان لە 10 ساڵ کەمترە یان لە 60 ساڵ زیاترە رێگەیان پێدەدرێت سەردانی مزگەوتەکە بکەن. هاوکات لە ئێستاشدا تاوتوێی سنووردارکردنی سەردانی ئەو موسوڵمانانە دەکات کە هاوڵاتی ئیسرائیلن. بەمەش ئەو کەسانەی کە ئەم رێنماییە دەیانگرێتەوە 15 هەزار کەس دەبن. هاوکات بڕیار لەبارەی دەیان هەزاری دیکەی شاری قودس لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
یاساکانى تایبەت بە کارکردن هەمواردەکرێتەوە
لە نوێترین پاکێجى کارکردن بڕیارە کاتژمێرەکانى کار بۆ 40 کاتژمێر لە هەفتەیەکدا کەمبکرێنەوە.
پرۆژە یاساکە 40 ملیۆن کرێکار دەگرێتەوە، کاتەکانى کارکردن و مۆڵەتى هەفتانە و ساڵانە چەندین ماف و تایبەتمەندی دیکە لەخۆدەگرێت.
یاساکە ئەوانەش دەگرێتەوە هەفتانە 45 بۆ 48 کاتژمێر کاردەکەن.
ئەکشام
مەرال ئاکشەنەر شەڕی دژى ئیمامئۆغڵو راگەیاند
لە هەڵبژاردنى رابردوودا پارتەکەى مەرال ئاکشەنەر پشتیوانى لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کرد، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا پشتی تێکرد.
ئاکشەر دەڵێت، ئیمامئۆغڵو دەستى لە شوێنێکە و چاوى لە شوێنێکى دیکەیە، ئیدارەى ئیستەنبوڵ بە ئیمائۆغڵۆ نادرێت.
ئاکیت
رێککەوتنەکەى نێوان جەهەپە و دەم پارتى بە ناوى رێککەوتنى شارەکان کراوە
تولاى حەتیمئۆغڵو هاوسەرۆکى دەم پارتى رایگەیاند، لەسەر بنەماى بردنەوە بۆ هەردوولا، سیاسەتێکى تازە پەیڕەودەکەین. ئەمەش بە رێککەوتن لەسەر ئاستى شارەکان گفتوگۆکانمان دەکەین.
جمهورییەت
قەتەر زۆرترین وەبەرهێنانى لە تورکیا هەیە
لە ئەستەنبوڵ زۆرترین وەبەرهێنان لەنێوان وڵاتە بیانییەکاندا قەتەر بە پلەى یەکەم هاتووە بەبڕى 32% لەپاش ئەویش ئەمریکا دێت بە رێژەى 25%.
حکومەتى ئاک پارتى زۆر ئومێدى بە وەبەرهێنانەکانى دوبەى لە تورکیا هەڵچنیووە، بەڵام ناوى دوبەى لە لیستى 15 وڵاتى وەبەرهێنانى بیانیدا نەهاتووە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
بازاڕی بازرگانیی قاچاخ لە ئێران 20 ملیار دۆلاری قاچاخ لە ئێراندا
مەجید رەزەوی، سەرۆکی دەستەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچیەتی رایگەیاند، بە بەهای 20 ملیار دۆلار قاچاخ لە ئێراندا هەیە و جێگای نیگەرانییە، ئەو دەڵێت، هەندێکیان بە فەرمی ئەنجام دەدرێن.
لە کۆبوونەوەیەکدا جەخت لەوە کرایەوە کە پەنجەرەی بازرگانی یەکگرتوو دەبێتە هۆی ئاسانکاری بەڕێوەبردنی کێشە بازرگانییەکانی وڵات، گەمارۆکان ئابووریی ئێرانیان ئاڵۆزتر کردووە و قاچاخی بەربڵاوی لێکەوتووەتەوە و بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ لێخۆشبوونەکان.
کەمی هۆشیاری لە نێوان بەڕێوەبەرانی پارێزگاکاندا بەشدارە لە قاچاخی و تائێستاش نیگەرانییەکی بەرچاوە و لە ئێراندا بڕی 20 ملیار دۆلارە.
ئیمروز
ئەڵمانیا سەرەکیترین کڕیاری فستقی ئێرانە.
ئێران لە ساڵی 2023دا دووەم هەناردەکاری فستق بوو بۆ ئەوروپا و ئەڵمانیاش سەرەکیترین کڕیاری فستقى ئێرانە.
ناوەندی ئاماری کۆمیسیۆنی ئەوروپا (یورۆستات) هاوردەکردنى 92 ملیۆن یۆرۆ فستقی ئێرانی بۆ ئەوروپا لە ساڵی رابردوو راگەیاند، ئەمەش بەراورد بە ساڵی پێشوو 17% کەمبووەتەوە.
زۆربەی هەناردەی فستقی ئێران بۆ ئەوروپا ناوکی فستق بوو، ساڵی رابردوو ئێران بڕی 65 ملیۆن یۆرۆ ناوکی فستق و 27 ملیۆن یۆرۆ فستقی توێکڵداری هەناردەی ئەوروپا کرد. ئەڵمانیا لە ماوەی ساڵی 2023دا گرنگترین کڕیاری فستقى ئێران بووە کە بڕی 49 ملیۆن یۆرۆ لە هەناردەی فستقی ئێران بۆ ئەڵمانیا بوو.
ئیتالیا بە حەوت ملیۆن یۆرۆ و ئیسپانیا بە پێنج ملیۆن یۆرۆ لە کڕیارانی دیکەی فستقی ئێرانی لە ئەوروپا بوون.
جەوان
کاندیدبوونی ژنان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ بێ وێنەیە
ناوتۆمارکردنى ژنان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان رەنگی جیاوازی بە ئەمساڵ داوە و زیاتر لە 1700 ژن خۆیان کاندیدکردووە.
هەروەک لە راپۆرتی ئەنسیە خەزعەلی، جێگری سەرۆککۆمار بۆ کاروباری ژنان و بنەماڵە دەڵێت، بۆ دوازدەهەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران 1700 ژن ناوی خۆیان تۆمارکردووە کە لە لایەن ئەنجومەنی پارێزەران قبووڵ کراون، کە شەش هێندەی کورسییەکانی پەرلەمان ژنان خۆیان کاندید کردووە، بۆ ئەم خولەی داهاتووی هەڵبژاردنی و کێبڕکێ دەکەن.
جەهانی سەنعەت
گرووپی جى7: ئێران پێویستە واز لە ناردنی چەک بۆ یەمەن و روسیا بهێنێت
وەزیرانی دەرەوەی گرووپی جى7 له پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن کۆبوونەوه و لە راگەیەندراوێکدا جارێکی دیکە داوایان لە ئێران کردووە کە واز لە یارمەتیدانی سوپای روسیا و شەڕی دەستدرێژیی دژی ئۆکراین بهێنێت.
هەروەها داوایان لە هەموو وڵاتان کردووە دابینکردنی پێکهاتە و پارچەکانی پەیوەست بە بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران رابگرن کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت هاوتەریبە لەگەڵ “پشتیوانیکردنی کردەوە جەنگییەکانی رووسیا”. لە کۆتاییدا ئەندامانی گرووپی جى7 دەڵێن، ئێران هەرگیز نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.