زووم:
خۆراک بۆئەوەی تێکنەچێت خوێی تێدەکەین، ئەی ئەگەر خوێ تێکچوو، چی تێبکەین؟ یاساناسان و رەخنەگران دەڵێن، دوا قسەکانی فائیق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەبارەی فیدراڵییەت و هەرێمێکی دیکەی سەربەخۆ لە عێراق، رێک ئەم پەندەی بەسەردا دەسەپێت.
فائیق زێدان لە نوێترین لێدوانیدا، لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ حکومەتی خۆجێی ئەنبار، پایتەختی سوننەکان، هاوشێوەی سیاسییەکان قسەی کرد، ئەو گوتی “بیرۆکەی دامەزراندنی هەرێمێکی دیکە لە هەر ناوچەیەکی عێراق رەتکراوەیە، چونکە دەبێتە هەڕەشە بۆسەر ئاسایش و یەکپارچەیی عێراق”.
لەبارەی هەرێمی کوردستانیشەوە زێدان گوتی، پێگەی جوگرافی و نەتەوەیی هەرێمی کوردستان جیاوازە و دەگەڕێتەوە بۆ پێش پەسەندکردنی دەستووری عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا بوونی هەرێمی کوردستان بە ئاسایی نابینێت و دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی سیاسەتە شکستخواردووەکانی رژێمی پێشوو دروستبووە.
ئەم قسانەی فائیق زێدان، لە وەڵامی وروژاندنی پرسی هەرێمی سەربەخۆ هات لەلایەن سوننەکانی پارێزگای ئەنبارەوە، بەڵام قسەکانی زێدان رووبەڕووی رەخنەی زۆری شارەزایانی یاسایی بووەتەوە.
یاساناسان دەڵێن، قسەکانی زێدان پێچەوانەی ئاشکرای دەستووری عێراقە، چونکە دەستوور لە مادەی ١١٧ رێگە بە پارێزگاکان دەدات هەرێمی سەربەخۆ رابگەیەنن.
فائیق زێدان ماوەی حەوت ساڵە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق دەکات، رەخنەی ئەوەی لێدەگیرێت زۆرترین بەشداری لە کۆبوونەوە سیاسییەکان و قەیرانە سیاسیەکاندا کردووە.
زێدان بەوە ناسراوە پەیوەندی لەگەڵ سیاسییەکان پتەوە، بە تایبەت سەرکردە شیعەکان، لە سێیەمین ساڵیادی کوشتنی ئەبومەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی، لە وتەیەکیدا پیاهەڵدانێکی بۆ ئەبومەهدی خوێندەوە و گوتی، شازایەتی، دەستپاکی، شەرەف، نیشتیمانپەروەری، دینداری راستەقینە، لەخۆبردووی و خاکیبوون، شکۆ و رێزداری، لەگەڵ زۆرێک لە سیمای مرۆڤایەتی، دەگونجێ یەکێک یان چەند دانەیەک لەم رەوشتانە لە کەسێکدا هەبێت، بەڵام دەگمەنە هەمووی لە کەسێکدا کۆبێتەوە، من شایەتی دەدەم هەموو ئەمانە و زۆری تریش لە ئەبومەهدی موهەندیس کۆبوونەتەوە.
کۆتا قەیران و کێشە، تێوەگلانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بوو لە کێشەی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر، کە وایکرد لایەنگرانی سەدر لەبەردەم ئەنجومەنی دادوەری چادر هەڵبدەن و دەستبە مانگرتن بکەن.
بەڵام لێدوانی ئەمجارەی بە دیارترین تێوەگلانی لە کێشە سیاسییەکان هەژماردەکرێت، وەکو یاساناسان دەڵێن، ئەگەر لە هەر وڵاتێکی دیکەبێت، داوای دەستلەکارکێشانەوە و دوورخستنەوەی دەکرێت، چونکە پێچەوانەی دایکی هەموو یاساکان کە دەستوورە قسەی کردووە.