زووم:
لەکاتێکدا میدیاکانی حکومەتی ئێران، رۆژانە باس لە هەژاریی منداڵانی غەزە دەکەن، ئامارەکان دەریدەخەن منداڵانی ناوخۆی ئەو وڵاتە دۆخێکی خراپی هاوشێوەیان هەیە، دۆخەکەیش کاردانەوەی خەڵک و رۆژنامەکانی لێکەوتووەتەوە.
رۆژنامەی ئەبرار، لە زاری عەلی کازمی بریکاری وەزیری دادی ئێرانەوە رایگەیاند، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، ساڵی رابردوو لە تاران لانیکەم 30 هەزار منداڵی سەر شەقام هەبوون، لە زستانانیشدا 20 هەزاریان دەچنە نێو میترۆکانەوە، ئەمە لە کاتێکدایە ئامارە نافەرمییەکان باس لە 70 هەزار منداڵی لانەواز دەکەن تەنها لە پایتەختەکەدا.
کازمی کە هاوکات، سکرتێری دەسەڵاتی نیشتمانی بۆ مافەکانی منداڵانیشە دەڵێت، “دەبێت تەندروستیی خێزانی ئەو منداڵانە و هۆکارەکانی دیکە لەبەرچاو بگرین و بیر لەوە بکەینەوە چی وایکردووە ئەو منداڵانە هیچ شوێنێکیان نەبێت و بە شەقامەکاندا بگەڕێن؟ هەوڵ دەدەین ئەو بابەتە چارەسەر بکەین و رێککەوتن کراوە منداڵانی لانەواز لە تاراندا کۆبکرێنەوە، هەرچەندە زۆربەیان بیانین و ئیمە هیچ کارێکیان بۆ ناکەین”.
ئاماری فەرمیی ورد سەبارەت بە ژمارەی منداڵانی سەر شەقام لە ئێران لەبەردەستدا نییە، بەڵام ژمارەیەک لە بەرپرسان باسیان لەوە کردووە نزیکەی 8%ـی منداڵانی ئێران وەک منداڵانی کرێکار ناسێنراون و ژمارەیان زیاترە لە ملیۆنێک، خەڵکیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەڵێن، کۆی ژمارەی دانیشتووانی غەزە هەر ئەوەندەی منداڵە لانەوازەکانی ئەوانە، بۆچی حکومەت گرنگی بە ناوخۆی وڵاتەکەی نادات؟
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن، منداڵانی ئێران لە بارودۆخێکی ناخۆشدا دەژین و تووشی هەموو جۆرە توندوتیژییەکی زارەکی، جەستەیی و سێکسی دەبنەوە، هۆکارەکەشیان گەڕاندووەتەوە بۆ زیادبوونی هەژاری لەو وڵاتەدا و پێیان وایە دیاردەی “منداڵانی سەر شەقام” بەخێرایی پەرەی سەندووە و بەرەو زیاتریش دەچێت.