زووم:
ئێران لە ترسی فراوانبوونی زیاتری جەنگ بە ناوچەکەدا، گرووپە چەکدارەکانی لە عێراق و سوریا ناچارکردووە دەست لە هێرشەکانیان بۆسەر بنکەی سەربازییەکانی ئەمریکا هەڵبگرن، ئەوەش بەگوێرەی چوار سەرچاوەی ئاگادار بۆ ئاژانسی رۆیتەرز.
ئاژانسەکە دەڵێت، دوو رۆژی دوای هێرشەکەی سەر بنکەی تاوەر 22 لە ئوردن کە سێ سەربازی ئەمریکی تێدا کوژرا، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بەپەلە خۆی گەیاندووەتە بەغداد و لە فڕۆکەخانە لەگەڵ تەواوی گرووپە چەکدارە شیعییەکانی کۆبووەتەوە و داوای لێکردوون هێرشەکانیان رابگرن و هێزەکانیان بڵاوەپێبکەن.
هەرچەندە ئەو کاتە هەواڵی سەردانی قائانی بۆ بەغداد بڵاوکرایەوە، بەڵام زانیاری زیاتر نەدرا، بەدواداچوونێکی رۆیتەرز ئاشکرایکردووە، قائانى بە سەرکردەی گرووپەکانی گوتووە، پێویستە هێرشەکانیان لە عێراق و سوریا رابگرن و بڵاوە بە هێزەکانیان بکەن، لەبەرئەوەى ئەمریکا تۆڵەى کوژرانى سەربازەکانى دەکاتەوە و لە خوێنى سەربازەکانى خۆشنابێت.
رۆژێک دواى کۆبوونەوەکەى قائانى، کەتائیبى حزبوڵاى عێراق کە راستەوخۆ لەلایەن ئەمریکاوە بە پیلانداڕێژەرى هێرشەکەى تاوەر 22 تۆمەتبارکرا، هەڵپەساردنى هێرشەکانى بۆسەر بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا راگەیاند.
لە بەروارى 4ى شوباتەوە، هیچ هێرشێک نەکراوەتەسەر هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق و سوریا، ئەوەش لەکاتێکدایە تەنیا دوو هەفتە پێش کۆبوونەوەکەى قائانى، 20 هێرش کراوەتەسەر بنکە سەربازییەکانى ئەمریکا لە عێراق و سوریا.
سەرکردەیەکى باڵاى یەکێک لە گرووپە چەکدارەکانى عێراق بە رۆیتەرزى گوتووە، ئەگەر کۆبوونەوەکەى قائانى نەبووایە و راستەوخۆ دەستێوەردانى نەکردایە، زۆر زەحمەتبوو کەتائیبى حزبوڵا قایل بکرێت هێرشەکانى رابگرێت.
ئاشکراشیکردووە، سەردانەکەى قائانى زۆر بەپەلە بووە، بەڵام قائانى لەترسى هێرشى ئەمریکا راستەوخۆ فڕۆکەخانەى بەجێنەهێشتووە و رێوشوێنى ئەمنى زۆر تووند گیراوەتەبەر بۆئەوەى بەسەلامەتى بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەى.
رۆیتەرز لە هەندێک بەرپرسى باڵاى عێراق و سەرکردەى چەند گرووپێکى چەکداریى عێراق کە نزیکن لە ئێران ئاشکرایکردووە، پێیان باشە بە گفتوگۆ کۆتایى بە هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق بهێنرێت نەوەک بە هێرش و هەڕەشە، واشنتنیش هیچ نیازێکى نییە لەژێر فشارى ئەو هێزانەدا کۆتایى بە ئەرکە سەربازییەکانى لە عێراق بهێنێت.