زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
عەرەب
مەبەستی ئێران لە بۆردوومانکردنی هەولێر لاوازکردنی دەسەڵاتەکەی بارزانییە کە ئامادە نییە مل بۆ ئێران بدات
ئەم رۆژنامەیە لە هەواڵێکی سەرەکیی خۆیدا نوسیویەتی، مانگێک بەسەر بۆردوومانکردنی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە تێپەڕ بووە و هێشتا رەوشی ناو هەرێمی کوردستانی عێراق نائارامە. چاودێران دەڵێن مەبەستی ئێران لە ئەنجامدانی ئەم بۆردومانانە لاوازکردنی پارتییە، چونکە پارتی تائێستا وەک هێزێک ماوەتەوە کە ملی بۆ دەستەڵاتی ئێران لەناو عێراقدا نەداوە.
کورد ترسی ئەوەیان هەیە ئێران خۆی یان ئەو گروپانەی لە عێراقدا سەر بە ئەون هێرشی دیکەیان بکەنەسەر، وەک ئەو هێرشەی 15ـی مانگی رابردوو کە ماڵی خێزانێکی کوردی بۆردومان کرد و گوتیان ئەوانە سیخوڕی ئیسرائیلن.
شەرق ئەوسەت
هاریس بانگهێشتی سودانی کرد بۆ سەردانی واشنتن، بەڵام عێراق و ئەمریکا ناکۆکییان لەسەر هێزی هاوپەیمانان هەیە
ئەگەرچی لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا، سودانی لە میونشن چاوی بە نوێنەری هەر وڵاتێک کەوتبێت پێیگوتووە عێراق دەیەوێت ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق کۆتایی پێبهێنێت، واشنتن دەڵێت لەگەڵ عێراقدا لەسەر پێکەوەنانی پڕۆژەیەکی هاوبەشی ئەمنیی دوولایەنەی هەمیشەیی رێککەوتوون.
سودانی بە دەیڤد کامیرۆنی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و یانیس ستۆڵتنبرەی سکرتێری گشتیی هێزەکانی ناتۆی گوتووە عێراق چاو بە پەیوەندییەکانی نێوانی خۆی و هاوپەیماناندا دەخشێنێتەوە و مەبەستی ئەوەیە کۆتایی بە بوونیان لە ناو عێراقدا بهێنێت. سودانی ئەم نیازەی عێراقی بە کامالا هاریسی جێگری سەرۆکی ئەمریکاش گوتووە.
سەباحی عێراقی
سودانی لە میونشن تاوتوێی کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش دیداری لەگەڵ چەند بەرپرسێکی نێودەوڵەتیدا هەبووە
دوێنێ شەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ چەند ئەندامێکی کۆنگرسی ئەمریکیدا کۆبوویەوە، مەبەست و باسی ناو کۆبوونەوەکان کۆتاییهێنان بوو بە ئەرکەکانی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی لە ناو عێراقدا. هەروەها داوای لە رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتییش کردوە کە هانی وڵاتان بدەن بێن ئەو هاوڵاتییانەی خۆیان ببەنەوە کە لەناو کەمپی هۆڵدا وەک پەنابەر نیشتەجێ بوون.
سودانی بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنگرەی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە میونشنی ئەڵمانیایە، لەوێ چاوی بە چوار ئەندامی کۆنگرسی ئەمریکی کەوتووە و باسیان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوانی هەردوو وڵاتەکە کردووەتەوە و قسەشیان لەسەر هەندێک بابەت کردووە کە بەلای هەردوو وڵاتەکەوە گرنگ بوون.
قودسی عەرەبی
جەنگی ئۆکراین پێدەنێتە ساڵی سێیەمەوە، ڕەوتی شەڕەکە لە بەرژەوەندیی مۆسکۆیە و خەریکە نەخشەیەکی سیاسیی نوێ گەڵاڵە دەبێت
سەرباری ئەوەی قودسی عەرەبی لاپەڕەی یەکەمی خۆی و زۆربەی بابەتەکانی دیکەشی تایبەتن بە باسی کێشەکانی فەڵەستینەوە، لە لاپەڕەی دووەمی خۆیدا راپۆرتێکی تێر و تەواوی لەسەر رەوشی شەڕی ناوچەی کرێمیا بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە سوپای ئۆکراین بەشێوەی تاکتیکی لە شاری ئاڤدیێڤکا پاشەکشەیان کردووە، بەڵام کەوتنی ئەم شارەش هەر وەک داگیرکردنی شاری باخمووت کردەیەکی رەمزییە.
دوو ساڵ بەسەر ئەم شەڕەدا تێپەڕیوە، رەوشی ئێستا رووی لەوەیە رۆژئاوا بیەوێت دۆسیەی ئەم کێشەیە دابخات، کۆتایی بارودۆخەکەش ئەوەبێت ئۆکراین واز لە بەشێکی خاکەکەی خۆی بهێنێت بۆئەوەی مۆسکۆ دەستیان بەسەردابگرێت. ئەم جەنگە وەرچەرخانێکی مێژووییە، هەمووان چاوەڕوانی ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە دەکەن کە کۆتایی بە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتە زەبەلاحەکەی رۆژئاوا بهێنێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
سەندەی تایمز
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا داوا لە وڵاتانی جی7 دەکات دەستبگرن بەسەر سامانەکانی روسیا لە بانکەکاندا
دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە کۆنفڕانسی ئاسایش میونشن لە ئەڵمانیا داوای لە وڵاتانی جی7 کرد کۆنترۆڵی سامانەکانی روسیا لە بانکەکانی رۆژئاوادا بگرنەدەست بۆ ئەوەی بەکاریبهێنن لە بنیادنانەوەی ئۆکرایندا. ئاماژەی بەوەشکرد، بەریتانیا هەنگاوی پێویست بۆ ناڕەزایەتی لەدژی مردنی ئەلێکسی ناڤالنی، سەکردەی ئۆپۆزسیۆنی روسیا دەگرێتەبەر، لەنێو یەکێک لە بژاردەکانیش، سەپاندنی سزایە بەسەر بەرپرسانی روسیادا، ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر وڵاتەکە بەهۆی جەنگی ئۆکراینەوە چەندین کەسایەتی دیکەی روسیای سزا داوە.
ئۆبزێڤەر
بەهۆی کۆنتڕۆڵکردنی شارێک لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ لەلایەن روسیاوە، ئۆکراین داوای چەکی زیاتر دەکات
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی، سەرۆکی ئۆکراین نائومێدانە داوایەکی تازەی بۆ دابینکردنی چەک کرد دوای ئەوەی فەرماندەکانی سوپای وڵاتەکەی رایانگەیاند، هێزەکانی ئۆکراین لە شاری ستراتیجیی ئاڤدیڤکا لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە کشاونەتەوە و وەک دەستکەوتێکی گەورەی مۆسکۆ لە ئایاری مانگی رابردووەوە سەیردەکرێت. ئەمەش لەکاتێکدایە چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ ئەوەی دووساڵ بەسەر هێرشەکەی روسیا بۆسەر ئۆکراین تێپەڕ ببێت. لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، سەرۆکی ئۆکراین رایگەیاند، هێواشبوونەوەی پرۆسەی ناردنی چەک کاریگەریی تەواوی کردووەتە سەر هێزەکانیان لە بەرەکانی جەنگ.
ئۆرشەلیم پۆست
بارمتە ئازادکراوەکانی ئیسرائیل داوا لە ناتانیاهۆ دەکەن پەلە بکات لە رێککەوتن لەگەڵ حەماسدا
ئەو دوو بارمتە ئیسرائیلییەی هەفتەی رابردوو لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە لە دەستی حەماس رزگارکران، داوا لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکەن شاندی دانووستان بنێرێت بۆ قاهیرە بۆ ئەوەی هەرچی زووە بگەنە رێککەوتن لەگەڵ حەماسدا و بارمتەکانی دیکەش ئازاد بکرێن. ئەو دوو بارمتە ئازادکراوە شەوی رابردوو لە خۆپیشاندانێکدا لە تەلئەبیب رایانگەیاند، ناتوانین هەر 134 بارمتەکەی دیکە لە ئۆپەراسیۆنێکی پاڵەوانانەدا رزگار بکەین. رەخنەشیان لە حکومەت گرت کە پێنجشەممەی رابردوو شاندی دانووستانکاریان نەناردووە بۆ قاهیرە.
واشنتن پۆست
ترەمپ تەواو بێزاربووە لە کەرتی دادوەریی وڵاتەکەی و هەر رۆژێک سزایەکی نوێ دەدرێت
ئەو پەیوەندی و مامەڵانەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رۆژانێک هەیبوون لەگەڵ دامەزراوە پارێزکارەکانی کەرتی دادوەریی وڵاتەکەیدا، لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە تەواوی تێکچووە، بەهۆی ئەوەی بەردەوام رووبەڕووی دادگا دەبێتەوە و سزای دارایی دەدرێت، بێزارییەکانی ترەمپ لە کەرتی دادوەریی بەشێوەی بەرچاو زیادیانکردووە و ئەمەش رەنگە ناسەقامگیریی زیاتر بەدوای خۆیدا بهێنێت لەوەی کە چۆن کێشەکانی لەگەڵ ئەو کەرتەدا چارەسەر دەکات لە خوولی دووەمی بوونەوەی بە سەرۆک.
رۆژنامە تورکییەکان
جمهورییەت
دەم پارتى بۆ یەکەمجار کاندیدى بۆ گەورەشارەوانیی ئەنقەرە دەبێت
ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژى دەم پارتى رایگەیاند، هەریەک لە ئۆزتورک تورکدۆغان، سەرۆکى پێشووى رێکخراوى مافى مرۆڤ و گولتەن کشەناک، هاوسەرۆکى پێشووى گەورە شارەوانى ئامەد لەسەر لیستى هەدەپە، کاندید کردووە. کشەناک لە گرتوخانەیە.
حوڕییەت
رێکاری یاسایی لەسەر رووداوەکەى ئەرزینجان گیرایەبەر
لە بەردەوامى بەدواداچوون لەسەر رووداوەکەى کانە ئاڵتونییەکەى ئەرزینجانى باکوورى کوردستان، وەزیرى ژینگەى تورکیا مۆڵەتى کارکردنى لە کۆمپانیاى ئەناگۆڵد وەرگرتەوە، زۆرینەى پشکى کۆمپانیاکە بۆ کۆمپانیاىSSRـی ئەمریکی دەگەڕێتەوە، بەگوێرەى داتاکان کۆمپانیاکە یەک ملیار دۆلار زیانى پێگەیشتووە.
سەباح
زنجیرە درامای (خوشک و براکانم) ژمارەى پێوانەیی لە تورکیا شکاندووە
زنجیرەى (خوشک و براکانم) درامایەکی تورکییە، لە 90 وڵاتی جیهان پەخش دەکرێت، زنجیرەکە ژمارەى پێوانەى شکاندووە بەوەى بەو رادەیە بە وڵاتانى دەرەوە بفرۆشرێت، لەئێستاشدا لە وڵاتى پرتوگال نمایش دەکرێت.
ئەکشام
جەهەپە بەهۆى دەم پارتییەوە کاندیدەکەى ئیستەنبوڵى گۆڕیوە
جەهەپە پێشتر ناوى عەلى گۆکمەنى وەک کاندیدى پارتەکەى بۆ شارەوانی شارۆچکەى ئەسانیورت لە ئیستەنبوڵ دەستنیشان کردبوو، لەدواساتدا جەهەپە ناوى ئیسماعیل تۆپقایاى وەک کاندید ئاشکراکرد، ئەو ناوە پێشتر لەلایەن دەم پارتییەوە پشتیوانیی لێکرابوو، پێدەچێت لەم هەڵبژاردنەشدا جەهەپە و دەم پارتى هەماهەنگییان بەردەوام بێت.
رۆژنامە قارسییەکان
جەهانی سەنعەت
هەناردەی گازی سروشتیی ئێران بۆ عێراق گەڕایەوە باری ئاسایی
محەمەد کازم سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغداد بوونی رێککەوتنی لەگەڵ عێراق بۆ دابینکردنی 40 بۆ 50 ملیۆن مەتر سێجا گاز لە رۆژێکدا راگەیاند و جەختی لە گەڕانەوەی هەناردەی گاز بۆ باری رێککەوتنلەسەرکراو کردەوە.
بەگوێرەی راپۆرتی میدڵ ئیست نیوز، محەمەد کازم سادق رایگەیاندووە کە ئێران هەمیشە پاڵپشتی عێراق دەکات لە دۆسیەی وزەدا و خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش بەم وڵاتە دەکات، یان لە رێگەی هەناردەکردنی غاز یان هەناردەکردنی راستەوخۆی کارەباوە.
جەوان
لە 24مین پێشانگای میدیایی ئێراندا1700 چالاکی میدیایی بەشداربوون
بە پشتبەستن بە راگەیاندنی دەستەی ئامادەکاریی چالاکییەکانی راگەیاندنی پارێزگاکان، لە 24مین پێشانگای راگەیاندنی ئێراندا، 1700 چالاکی راگەیاندن لە سەرانسەری وڵاتەوە سەردانی ئەم پێشانگایە دەکەن.
مەهدی ئەبدالی، جێگری بەڕێوبەری گشتیی رۆژنامەگەری و ئاژانسی هەواڵی ناوخۆیی ئێران سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پێشانگای راگەیاندن لە تاران گوتی، پێشانگاکە لە ئەمڕۆوە لە تاران دەست پێدەکات و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەبرار
لە تاران 30 هەزار منداڵی سەر شەقام هەیە
عەلی کازمی، بریکاری وەزیری دادی ئێران رایگەیاند، بە گوێرەی ئامارەکان ساڵی رابردوو لە تاران لانیکەم 30 هەزار منداڵی سەر شەقاممان هەیە و ئەگەر زستان بێت 20 هەزار کەسیان دەچنە ناو میترۆکانەوە.
ناوبراو کە سکرتێری دەسەڵاتی نیشتمانی بۆ مافەکانی منداڵانیشە هەروەها گوتی؛ بێگومان دەبێت تەندروستی خێزانی ئەو منداڵانە و هۆکارەکانی دیکە لەبەرچاو بگرین و بیر لەوە بکەینەوە کە چی وایکردووە ئەو منداڵانە هیچ شوێنێکیان نەبێت و بە شەقامەکاندا بگەڕێن؟ ئێستا ئەم بۆچوونە لە رێساکانی پاراستنی منداڵدا رەنگ دەداتەوە و شێوازی جێبەجێکردنی یاسای منداڵپارێزی هەموارکرایەوە و رێککەوتن کرا کە منداڵانی لانەواز لە تاراندا کۆبکرێنەوە.
ئیعتماد
کوژرانی ژنان لە لایەن بنەماڵەکانیان بووە بە مەترسیەکی گەورە
لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم 100 ژن و کچ لەلایەن پیاوانی بنەماڵەکانیانەوە کوژراون کە ئامارێکی مەترسیدارە و ئەمەش لە کاتێکدایە بڕێک لەو تاوانانە بڵاونابێتەوە و پێدەچێت ئامارەکە زیاتریش بێت.
بە گوێرەی بەدواچوونەکانی رۆژنامەی ئیعتماد، پارێزگاکانی تاران (25 حاڵەت)، ئازەربایجانی رۆژئاوا (13 حاڵەت) و پارێزگای فارس (9 حاڵەت) زۆرترین ژمارەی ئەم جۆره کوشتنانەیان هەیه.