زووم:
بە بۆچوونی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، چارەسەری قەیرانەکانی ناوچەکە پێویستی بە دروستکردنی دەوڵەتێکە بۆ فەلەستینییەکان گرەنتیی ئاسایشی ئیسرائیل بکات.
لە میانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لێدوانێکی رۆژنامەنووسیدا، رایگەیاند، لە ماوەی داهاتوودا دەرفەتێکی ناوازە لەبەردەم ئیسرائیل دەبێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەو چوارچێوەیەدا لە چەند مانگی داهاتوودا هەنگاوی جددی دەنرێت بە ئاراستەی چارەسەرکردنی قەیرانەکان.
وەزیرە ئەمریکییەکە پێی وایە بۆ گەیشتن بە چارەسەر، پێویستە دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکان دروست بکرێت گەرەنتی ئاسایشی ئیسرائیل بکات، گوتی، “پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ هەنگاونان بەرەو دەوڵەتی فەلەستین”.
یەکەمجار نییە ئەمریکا لەڕێگەی سەرۆک و بەرپرسەکانییەوە پرسی دروستکردنی دەوڵەت بۆ فەلەستینییەکان دووپاتدەکەنەوە لەچوارچێوەی “چارەسەری دوودەوڵەت”، بەڵام بەردەوام بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دروستکردنی دەوڵەتی فەلەستین رەتدەکاتەوە، لە دوایین هەڵوێستیدا لەوبارەیەوە رایگەیاند، هیچ فشارێکی نێودەوڵەتی بۆ ئەو مەبەستە قبووڵناکەن.