زووم..
بەگوێرەی راپرسییەکی ناوەندی “گاڵەپ“، 69%ی عێراقییەکان محمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانیان لا پەسەندە، ئاستی رازیبوونی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش لە سودانی، لە نیوە زیاترە.
ناوەندی “گاڵەپ” کۆمپانیایەکی راوێژکاریی و راپرسییە و بارەگاکەی لە واشنتنە، پشتبەست بە راپرسییەک، راپۆرتێکی لەبارەی سەقامگیریی عێراق بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت، 69%ی عێراقییەکان محمەد شیاع سودانییان لا پەسەندە، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە 2012وە تا ئێستا لەبارەی سەرۆکوەزیرانێکی عێراقەوە ئەو ناوەندە تۆماری کردبێت.
بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندە ئەمریکییەکە، ئەگەرچی سودانی لەدوای چەندین ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و ناسەقامگیریی دەسەڵاتی گرتەدەست، گەنجەکانی خوار تەمەنی 30 ساڵ، هاوتای کەسانی بەتەمەن، لە سودانی رازین، لەکاتێکدا بەشی هەرەزۆری بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان گەنجان بوون.
هەرێمی کوردستانیش لە راپرسییەکەدا بەشداریی پێکراوە، 55%ی بەشداربووانی هەرێم لە ئەدای محەمەد شیاع سودانی رازین.
سەبارەت بە متمانەی هاوڵاتییانی عێراق بە سەرکردایەتی وڵاتەکەیان، 51%ی هاوڵاتییان متمانەیان بە سەرکردایەتییەکە هەیە، ئەمە لەکاتێکدا ساڵی 2019 متمانەکە تەنها 13% بوو.
لەبارەی متمانەی هاوڵاتییان بە حکومەتەکانیان، بەراورد بە هەریەک لە وڵاتانی ئیسرائیل، ئێران، تورکیا، فەلەستین و لوبنان، عێراق تەنها وڵاتە متمانەی هاوڵاتییان بە حکومەتەکەیان زیادیکردووە و سەرجەم وڵاتەکانی دیکە متمانەی هاوڵاتیانیان کەمیکردووە، بۆیە راپۆرتەکە دەڵێت، ئەمانە ئاماژەن بۆ سەقامگیریی عێراق لە ناوچەیەکی ناسەقامگیر و نائارامدا.