زووم..
رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویکردەوە، هێرشی چوارشەممەی رابردووی سەر بۆرییە گازەکانی ئێران، ئیسرائیل ئەنجامیداوە.
رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی رۆژئاواوە گواستویەتیەوە، ئیسرائیل چوارشەممەی رابردوو هێرشی کردووەتە سەر دوو هێڵی سەرەکیی گازی سروشتی لە ئێران، بەهۆیەوە گرفت بۆ گەیشتنی گەرمی و غازی چێشتلێنان بە ژمارەیەک پارێزگا و ملیۆنان هاوڵاتی دروستبووە.
بەرپرسە رۆژئاواییەکان بە رۆژنامەکەیان گوتووە، ئەو هێرشەی ئیسرائیل ئەنجامیداوە پێویستی بە زانیاریی قوڵ و هەماهەنگیی ورد هەیە لەسەر ژێرخانی ئێران.
دەشڵێن، ئەم هێرشانە لاوازیی ژێرخانە گرنگەکانی ئێرانی ئاشکراکردووە، دەریخستووە ناتوانرێت بەبێ وەبەرهێنانی پارەیەکی زۆر لە تەکنیکە نوێکانی پاراستن، بەر بەم هێرشانە بگیرێت.
شارەزایان دەڵێن، هێرشەکانی سەر ئەم دوو بۆرییە کە هەریەکێکیان رۆژانە نزیکەی دوو ملیار پێ سێجا گازی سروشتی بەرهەمدەهێنن، بووەتە هۆی وەستانی نزیکەی %15ـی بەرهەمی رۆژانەی ئێران لە گازی سروشتی.