زووم..
دوای نزیکەی 11 مانگ لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمى کوردستان لە رێگەی تورکیاوە بۆ بازاڕەکانی جیهان، هێشتا هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا لەئارادا نییە، ئەمە دەستپێکی راپۆرتێکی پێگەی ئارگەسی بەریتانییە، هەمان ئەو ناوەندە هەواڵییەی بۆ یەکەمجار هەواڵی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی راگەیاند.
پەیوەندیی نێوان بەغداد و هەرێمى کوردستان زۆر ناسکە و بچوکترین هەنگاوی هەڵە کاریگەریی لەسەر دۆخەکە دروستدەکات
ماڵپەڕەکە لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا چاوپێکەوتنى لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەنجامداوە، بافڵ تاڵەبانى گوتوویەتى، “پەیوەندیی نێوان بەغداد و هەرێمى کوردستان زۆر ناسکە و بچوکترین هەنگاوی هەڵە کاریگەریی لەسەر دۆخەکە دروستدەکات”.
ئەو بۆرییەی کە نەوتی بەرهەمهاتووی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا دەگوازێتەوە، لە ئازاری ساڵی رابردووەوە بەهۆی بڕیارێکی داگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە لە گواستەنەوەی نەوت راگیراوە، کە بڕەکەی بە 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە مەزەندە دەکرێت.
تورکیا لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو ئامادەیی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکە دەربڕیی، ئاماژەی بەوەشکرد بەهۆی کێشەی سیاسیی نێوخۆیی عێراەوە هەناردەی نەوت دەستی پێنەکردووتەوە.
لەوبارەیەوە حکومەتی هەرێمى کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ چەندین دانوستان و کۆبوونەوەیان لە ئاستی باڵادا ئەنجامداوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی قووڵ لەسەر گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکان و پابەندییەکانی هەرێمى کوردستان بۆ ئەو کۆمپانیا بازرگانییانەوە، تائێستا ئەو پرسە بە هەڵپەسێردراویی ماوەتەوە.
ئەم راپۆرتەی ئارگەس میدیا لەکاتێکدایە کۆمەڵەی ئاپیکوور، کە لەو کۆمپانیا بیانییانە پێکدرێت کە لە کێڵگەکانی هەرێمدا نەوت دەردەهێنن، دوێنی هەینی، لە بەیاننامەیەکدا داوایان لە شاندی کۆنگرێسی ئەمریکا کرد کە لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدا قسە بکەن بۆ ئەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە.
لە راگەیەندراوەکەی ئاپیکوردا هاتووە، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمى کوردستان رۆڵێکی گرنگیی هەیە لە ئابووریی هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەشکردووە بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە، تائێستا بە هەڵپەسێردراویی ماوەتەوە، کە ئەمەش راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا درووستکردووە لە ناوچەکەدا. هاوکات وتووشیانە، دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمى کوردستان کاریگەریی لەسەر بازاڕی وزەی جیهانیی و سەقامگیریی ئابووریی و سیاسیی ناوچەکە هەیە.
داواشیان کردووە، شاندی کۆنگرێس بەشێوەیەکی راستەوخۆ داوا لەسوودانی بکەن هەناردەی نەوت دەست پێبکاتەوە چونکە تواناکانی ئەوان سنوردارکراوە لە بەرهەمهێنانی نەوت و زیانی گەورەی بە وەبەرهێنانی ئەمریکا و نێودەوڵەتیی لە هەرێمی کوردستاندا گەیاندووە، لەوانەش ئەو 10 ملیۆن دۆلارەی کە کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکە لە کوردستاندا وەبەرهێنانی تێدا دەکات.
هاوکات بەگوێرەی پێگەی کوانتەم کۆمۆدیتی ئنتێڵیجێنس، کە پێگەیەکی بەریتانیی تایبەت بە پێدانی زانیارییە لەبارەی نەوت و وزەوە، بڵاویکردووەتەوە بۆری نەوتی هەرێمى کوردستان بۆ تورکیا بەهۆی درێژەکێشانی ناکۆکییەکان بە داخراویی دەمێنێتەوە و بەمزووانە دەست پێناکاتەوە.