زووم..
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لەبارەی راگرتنی پەیوەندییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لەگەڵ تۆڕەکانی دیکەی پەیوەندیکردن، نووسراوێکی ئاڕاستەی حکومەتی عێراق کرد و داوا دەکات پەیوەندییەکانی ئاسایی بکرێنەوە.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، نووسراوێک ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەكەن، سەبارەت بە سكاڵای هاووڵاتیان لەبارەی ئەو زیانانەی بەهۆی بڕیاری پچڕاندنی هێڵی پەیوەندی لەنێوان كۆمپانیای كۆڕەک تیلیكۆم و كۆمپانیاكانی زەین عێراق و ئاسیا سێڵ، پێیان گەیشتووە.
وەزارەتی گواستنەوە، لە کاتێکدا بڕیارەکەی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بۆ راگرتنی پەیوەندییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک بە نادادپەروەرانە لە قەڵەم دەدات، داوا دەكات پەیوەندیەكان بگەڕێندرێنەوە باری ئاسایی خۆیان تاوەكو ئەو كێشەیە، لە چوارچێوەی گفتوگۆ بەگوێرەی یاسا و بڕیاری كۆتایی دادگاكان، چارەسەر دەكرێت.
رۆژی یەکی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، بە بڕیاری دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، سەرجەم پەیوەندییە ناوخۆی و نێودەوڵەتییەکانی كۆمپانیای كۆڕەک تیلیكۆم، لەگەڵ كۆمپانیاكانی زەین عێراق و ئاسیا سێڵ راگیرا، بەشداربووانی ئەو هێڵە تەنها دەتووانن لە ناوخۆی تۆڕەکەدا پەیوەندی بکەن.